پيسبوونى ژينگه‌، ئاڵنگاريى و چاره‌سه‌ره‌كان له‌ پانێڵێكى هاوبه‌شى ڤيژن و زانكۆى كۆمار تاوتوێكران

25 تشرینی دووەم 2026

كاره‌كانى یەکەمین سیمپۆزیۆمی نیشتمانی تایبەت بە کۆنفرانسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا (COP32) لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە شاری سلێمانی ده‌ستيپێكرد، له‌ پانێڵى يه‌كه‌مدا مه‌ترسييه‌ ژينگه‌ييه‌كان، كاريگه‌رييه‌ نه‌رێنييه‌كانيان و هه‌نگاوه‌كانى چاره‌سه‌ركردنيان خرانه‌ڕوو. 

لە پانێڵی یەکەمی سیمپۆزیۆمەکەدا کە بە ناونیشانی "دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2)؛ داتا هەنووکەییەکان، ئاڵنگارییەکان و چارەسەرە بەردەوامەکان" بەڕێوەچوو، د.دیدار عەبدولکەریم، به‌رپرسى توێژينه‌وه‌كانى دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی كه‌ وه‌ك پانێڵست به‌شداربوو، تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی دامەزراوەکە و رایگەیاند: "لە ساڵی 2025 و پێش بەستنی کۆنفرانسی (COP31)، دامەزراوەی ڤیژن بە چڕيی کاری لەسەر پرسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کردووە و بەدواداچوونی هەبووە بۆ باشترکردنی دۆخی ژینگە، بۆ ئەو مەبەستە چه‌ندينجار سه‌ردانى به‌غدا كراوه‌ و ژماره‌يه‌ك له‌ بەرپرسانی پەیوەندیداری عێراق بانگهێشتی سلێمانی کراون". 

د.دیدار عه‌بدولكه‌ريم ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، پرسی ژینگە کێشەی سەرەکیی عێراقە و تا چارەسەر نەکرێت ناتوانرێت کۆنترۆڵی سێکتەرەکانی دیکە بکرێت، وتى: "تەنها لە شاری سلێمانی رۆژانە 3 هەزار تۆن پاشماوە هەیە و لە ناوچەی تانجەڕۆ فڕێدەدرێت". لەبارەی رێگەچارەکانیشەوە وتی: "هەرێمی کوردستان لەڕووی یاساییەوە هیچ کێشەیەکی ژینگەیی نییە، بەڵام چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگە پێویستی بە 10 بۆ 20 ساڵ کارکردن، هەوڵی نیشتمانی و هەماهەنگییەکی پتەو لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە."

لای خۆیەوە، د.هەڵۆ عەسکەری، راوێژکاری سه‌رۆك كۆمارى عێراق بۆ كاروبارى ژينگه‌، ئاماژەی بەوە کرد کە جیاوازی و گرفتێکی گەورە هەیە لە تێڕوانینی بڕیاربەدەستان و هاوڵاتییان بۆ پرسی ژینگە، له‌كاتێكدا سیاسەت رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە ژینگەییەکان، بەڵام دۆخی ئێستای سیاسیی ناوچەکە و کێشەی بودجە و کەمبوونەوەی پاڵپشتییە داراییەکان بوونەتە ئاستەنگی گەورە، ئەمەش وایکردووە کە زیاتر پشت بە تواناکانی ناوخۆ ببەسترێت. 

لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا، كه‌ له‌لايه‌ن د.توانا عه‌بدولڕه‌زاق مامۆستاى زانكۆى كۆماره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا، مامۆستا یاسین كه‌ريم، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پلاندانان له‌ وه‌زاره‌تى كاره‌باى هه‌رێميى كوردستان تیشکی خستە سەر خێرابوونى كاره‌ساته‌ ژينگه‌ييه‌كان و گرنگیی کۆنفرانسەکانی(COP) کە کۆمەڵێک پابەندبوونی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت. ئاماژەی بەوه‌کرد سێکتەری وزە سەرچاوەی سەرەکیی پیسبوونی ژینگەیە و کۆنفرانسی(COP) دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کار لەسەر رێکخستنەوەی کەرتی وزە و کارەبا بکرێت.

سیمپۆزیۆمەکە بە هاوبەشیی نێوان دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و ته‌كنه‌لۆجيا و رێکخراوی ده‌لۆ رێکخرابوو، تێیدا بە وردی گفتوگۆ لەسەر کێشەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان و چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان ده‌كرێت. 

 

panel 1

panel 1 -2

panel 1-3

panel 1-4

panel 1-5

panel 1-6

panel 1-7

panel 1-8

panel 1-9

panel 1-10

panel 1-11

panel 1-12

panel 1-13

panel 1-14