25 تشرینی دووەم 2026
بە هاوبەشیی نێوان دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا و رێکخراوی دهلۆ، یەکەمین سیمپۆزیۆمی نیشتمانی دەربارەی کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (COP32) لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی کۆمار لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد.
سیمپۆزیۆمەکە رۆژى چوارشهممه، 25ـی تشرينى دووهمى 2026 بە ئامادەبوونی راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کاروباری ژینگە و گۆڕانى كهشوههوا، نوێنهرى پارێزگاری سلێمانی، بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی، شارەزایانی بواری ژینگە و مامۆستایانی زانکۆ بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و بۆچوونە زانستییەکان و یەکخستنی ئەجێندای عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ COP32 ، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو لە وڵاتی ئەسیوپیا بەڕێوەبچێت.
لە دەستپێکی سیمپۆزیۆمەکەدا، پرۆفیسۆر د.سەڵاحەدین سەعید عەلی، سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا وتاری كردنهوهى سیمپۆزیۆمەکەى پێشکەشکرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی کاری هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ژینگەییەکان و رایگەیاند: "هیچ شتێک لە پاراستنی ژینگە بۆ نەوەکانی داهاتوو گرنگتر نییە، لە رێگەی هاوبەشیمان لەگەڵ دامەزراوەی ڤیژن، وادەکەین کە ناوەندە ئەکادیمییەکان و دامەزراوە توێژینەوەییەکان پێکەوە کاربکەن بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی ژینگە و داڕشتنی چارەسەری زانستی".
کارنامەی سیمپۆزیۆمەکە لە دوو پانێڵی سەرەکیی زانستی پێکدێت کە تێیدا تەوەرە هەستیارەکانی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و سەرچاوە ئاوییەکان تاوتوێ دەکرێن:
پانێڵی یەکەم به ناونيشانى(دەردانی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن CO2 داتا هەنووکەییەکان، ئاڵنگارییەکان و چارەسەرە بەردەوامەکان) بهڕێوهدهچێت، هەریەک لە د.هەڵۆ عەسکەری، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کاروباری ژینگە و گۆڕانى كهشوههوا. د.دیدار عەبدولکەریم، بەرپرسى بەشی توێژینەوەى دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی. ياسين كهريم، بهڕێوهبهرى گشتى پلاندانان له وهزارهتى كارهباى حكومهتى ههرێمى كوردستان، وهك پانێڵست تێيدا بهشدارن و د.توانا عهبدولڕهزاق، مامۆستاى زانكۆى كۆمار بهڕێوهى دهبات.
پانێڵی دووەم به ناونيشانى (چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ، چارەسەری نهريتى و چارەسەری سروشتی لە هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی بهڕێوهدهچێت، هەریەک لە پ.د.ئاکۆ رەشید حەمە مامۆستاى زانکۆی کۆمار، م.مستەفا جومعە له بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی سلێمانی و م. کۆرش ئارارات مەجید مامۆستاى زانکۆی سلێمانی وهك پانێڵست تێیدا بەشدارن. بۆ خستنەڕووی میکانزمە زانستی و سروشتییەکانی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانی سنوورەکە و د.ژینۆ خالید لە زانکۆی سلێمانی پانێڵهكه بهڕێوهدهبات.
بەڕێوەچوونی ئەم سیمپۆزیۆمە لە چوارچێوەی ستراتیجی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی دێت بە مەبەستی بەستنەوەی توێژینەوەی زانستی بە زانكۆكان و سیاسەتە گشتییەکانەوە و ئامادەکردنی دۆسیەی ژینگەیی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان.












بڵاوکردنەوە