دیداری "دادپەروەریی بۆ ژنان"؛ گواستنەوەی گوتار بۆ کردار و بەهێزکردن و پاراستنی مافەکانی ژنان 

24 تشرینی دووەم 2026

لە دەستپێکی چالاکییەکانی هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتجی، بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، دیداری(دادپەروەریی بۆ ژنان)ـی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبرد.

چالاکییەکە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، لە تەلارى هونەر، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە وەزیرەکان، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مامۆستایانی زانکۆ و ئەکادیمیست و توێژەران، بەرپرسان، چالاکوانان و نوێنەرانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان بەڕێوەچوو. دەزگای میدیایی کوردسات سپۆنسەری میدیایی چالاکییەکە بوو.

سیاسەت و بڕیاردان بەبێ داتا و توێژینەوەی زانستی وەک رۆیشتنە لە تاریکیدا

عەدنان عوسمان، سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، لە وتاری دەستپێکی دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، پرسی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنیا دروشمێکی سۆزداریی یان بۆنەیەکی ساڵانە نییە، بەڵکو پێوەرێکی سەرەکییە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و سەروەریی یاسا.

ئاماژەی بەوەکرد، سیاسەتکردن و بڕیاردان بەبێ داتا و توێژینەوەی زانستی وەک رۆیشتنە لە تاریکیدا، چونکە توێژینەوە زانستییەکان رەگ و ریشەی کێشە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان دەستنیشان دەکەن، نەخشەڕێگای کرداریی و چارەسەری کردەیی دەخەنە بەردەم داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاربەدەستان.

سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن، هەنگاوی دامەزراوەیی بە پێویستزانی، بۆ بەدامەزراوەییکردنی پشتیوانییەکان و گۆڕینی بیروڕای سەرکردەکان بۆ یاسا و میکانیزمی جێگیر، بەهێزکردنی ئابووریی ژنان و رەخساندنی دەرفەتی کار و پشتیوانی دارایی و پڕۆژەکانیان، هەروەها بەشداریی راستەقینەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان بە خاڵێکی گرنگ دانا بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان.

سەرۆکی دامەزراوەکە، ئاماژەی بە پلانی ستراتیجی دامەزراوەی ڤیژن بۆ پرسی ژنان کرد، وەک بەشێک لە پلانی گەشەپێدانی ناوچەیی 2026 ئامادەکراوە، پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین دەگرێتەوە. ووتی: "ئەم پلانە پشت بە راپرسییەکی مەیدانی لە شار و قەزا و ناحیە و گوندەکان دەبەستێت، بە مەبەستی تێگەیشتن لە خواست و پێداویستییەکانی ژنان."

زیاتر لە 11 هەزار سکاڵا و 486 دۆسیە رەوانەی شەڵتەرەکان کراون

فێنک شەفیق، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، یەکێک دیکە بوو لە قسەکەرانی دیدارەکە، باسی لە گرنگی دادپەروەریی و پاراستنی رزگاربووانی توندوتیژیی کرد و ئاماژەی بەوەدا، دادپەروەریی تەنیا بە دەرچوونی یاسا یان تۆمارکردنی سکاڵاکان تەواو نابێت، بەڵکو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە، پاراستنی مافەکان و بەدواداچوونی یاسایی هەیە.

بەپێی ئەو ئامارانەی خستیەڕوو، لە ساڵی 2026، زیاتر لە 11 هەزار سکاڵا تۆمار کراوە، 486 دۆسیە بۆ شەڵتەرەکان رەوانە کراون. ووتیشی: "پاراستنی ژنان و کچان پێویستی بە سیستمێکی یەکگرتوو هەیە؛ لە وەرگرتنی سکاڵا و هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانەوە تا پاراستنی خێرا، خزمەتگوزاریی تەندروستی، راوێژی دەروونی، پشتیوانی یاسایی و تواناسازیی ئابووریی.

بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، باسی کاریگەریی بێسزایی و کەمتەرخەمی دامەزراوەکانی کرد و جەختی لەسەر پێویستی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە یاسایی، تەندروستی و پەروەردەییەکان کردەوە. هەروەها رۆڵی خێزان، پیاوان و کوڕان، میدیا، زانکۆکان و رێکخراوە مەدەنییەکان لە رێگرییکردن لە توندوتیژیی و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەپێویستزانی.

دادپەروەریی تەنیا دەرچوونی یاسا یان تۆمارکردنی سکاڵا نییە

لە بەشێکی دیدارەکەدا، ئاڵا تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژنان، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە پشتیوانیی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەوڵە نیشتیمانی و دامەزراوەییەکانی پاراستنی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان کردەوە.

ئاڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، دادپەروەریی دابەش نابێت و قسەکردن لە سەروەریی یاسا و گەشەپێدانی بەردەوام ناتەواو دەمێنێتەوە، تا ئەوکاتەی هەموو ژن و کچێک لە ماڵ، شوێنی کار، شەقام و دنیای دیجیتاڵدا هەست بە ئارامی و پاراستن بکات.

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایگەیاند: توندوتیژیی دژی ژنان تەنیا لە چوارچێوەی نەریتییەکەیدا نەماوەتەوە، بەڵکو شێوازی نوێی وەرگرتووە، بەتایبەتی لە کەشی دیجیتاڵدا. لەوبارەیەوە ووتی: "گێچەڵ و هەڕەشەی ئەلیکترۆنی بوونەتە مەترسییەک بۆ ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتی ژنان و کچان؛ بۆیە نوێکردنەوەی یاساکان، بەهێزکردنی میکانیزمی تەکنیکی و ئەمنی و دابینکردنی رێڕەوی سکاڵاکردن و پاراستنی نهێنی و کەرامەتی رزگاربووان لە کاری پێشینەی ئەو دامەزراوەیەدان."

دیکۆمێنته‌ریی لەسەر پێگەی ژنان 

دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، دیکۆمێنتارییەکی لە سەر پێگەی ژنان لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین ئامادەکردبوو لە چوارچێوەی دیدارەکەدا پێشکەشی ئامادەبووانی چالاکییەکە کرا.

لە دیکۆمێنتەرییەکەدا، ئاماری توندوتیژیی دژی ژنان و کێشە خێزانییەکان لە چەند ساڵی رابردوودا خرایەڕوو، هەروەها ژمارەیەک بەرپرسی دۆسیەی ژنان باسیان لە کاریگەریی و رۆڵی ژنان کرد لە کۆمەڵگەی کوردیدا. 

دوو توێژینەوەی زانستی لەسەر خێزان و گوتاری سیاسی

لە دیدارەکەدا دوو توێژینەوەی زانستی پێشکەشکران. توێژینەوەی یەکەم بە ناونیشانی (ئالودەبوونی شاشە و گوشەگیریی لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا)، لەلایەن هێمن عەبدولقادر توێژەری کۆمەڵایەتییەوە ئەنجامدرابوو، کاریگەریی بەکارهێنانی مۆبایلی لەسەر پەیوەندی هاوسەرگیریی و خێزانی خستەڕوو.

توێژینەوەکە پشتی بە راپرسییەک لەگەڵ 100 بەشداربوو بەستبوو. بەپێی دەرئەنجامی راپرسییەکە، 42٪ـی بەشداربووان رۆژانە 4 تا 6 کاتژمێر و 19٪ زیاتر لە 6 کاتژمێر مۆبایل بەکاردەهێنن. هەروەها 63٪ لە کاتی قسەکردن لەگەڵ هاوسەرەکانیان سەرقاڵی مۆبایلن،67٪ دان بەوەدا دەنێن کە بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایلەوە هاوسەرەکانیان پشتگوێ دەخەن.

بەپێی ئەنجامەکانی راپرسییەکە، 73٪ پێیانوایە بەردەوامبوون لەو رەفتارە کێشە هاوسەرگیرییەکان زیاتر دەکات. لە کۆتاییدا راسپاردەی دانانی کاتی زیاتر بۆ هاوسەر و خێزان، دیاریکردنی کاتی بەکارهێنانی مۆبایل، ئەنجامدانی چالاکیی هاوبەش بەبێ تەکنەلۆژیا و بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی پێشنیاز کردبوو.

توێژینەوەی دووەم بە ناونیشانی(لە گوتار بۆ رەفتار)، لەلایەن پ.د.ژیا عەباس قادر مامۆستای زانکۆی سلێمانی ئامادە کرابوو، دیدگا و سیاسەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پرسی ژنان لە ماوەی ساڵانی 2015 تا 2025 هەڵدەسەنگێنێت.

توێژینەوەکە بە بەراوردکردنی گوتارەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بۆنەکانی 8ـی مارس و 25ـی نۆڤەمبەر، لەسەر بنەمای حەوت تەوەر، وەک وێنەی ژن لە گوتاردا، یەکسانی رەگەزیی، بەشداریی سیاسی، توندوتیژیی دژ بە ژنان، توانادارکردنی ژنان، یاسا و سیاسەت و ئاڕاستەی گوتار و بەرپرسیارێتی، شیکاریی بۆ گوتارەکان دەکات.

بەپێی دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە، لە گوتارەکانی 8ـی مارسدا زیاتر جەخت لەسەر وێنەی ژن و یەکسانی رەگەزیی کراوەتەوە، لە کاتێکدا لە گوتارەکانی 25ـی نۆڤەمبەردا بابەتی توندوتیژیی دژی ژنان و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی زیاتر بوونیان هەیە. توێژینەوەکە لە کۆتاییدا راسپاردەی دامەزراندنی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنان، دروستکردنی بانکی تواناکانی ژنان، بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە حزبەکان، پشتگیریی حکومەت و حزب و دانانی بودجەی رەگەزیی خستووەتەڕوو.

دیداری (دادپەروەری بۆ ژنان) دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بە هاوبەشی بەڕێوەبەرەیەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان رێکخرابوو، لە چوارچێوەی هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و بە ئامانجی دیاریکردنی ئاسته‌نگەکانی بەردەم دادپەروەریی، هەڵسەنگاندنی هەوڵە یاسایی و دامەزراوەییەکان و پێشخستنی راسپاردەی کرداریی بۆ بەهێزکردنی لێپرسینەوە و پاراستنی مافەکانی ژنان بەڕێوەچوو.