22 تشرینی دووەم 2026
د. ئاکۆ حەمەکەریم
پوختە
کۆبوونەوەی لوتکەی سێقۆڵی لە شاری شێنژنی چین (تشرینی دووەمی 2026) لە نێوان سەرۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆماری گەلی چین و فیدراسیۆنی روسیا، وەرچەرخانێکی مێژوویی و ستراتیجییە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەم کۆبوونەوەیە، لوتکەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو کۆبونەوەی سێ زلهێزی جیهانە کە دەکرێت لە داهاتوودا چارەنوسی پەیوەندی نێوان دەوڵەتان و پرسی جەنگ و ئاشتی دیاری بکەن. بەشێک لە شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیانوایە کە لوتکەی سێقۆڵیی شێنژن دانپێدانانێکی فەرمییە بە کۆتاییهاتنی سەردەمی تاکجەمسەریی و گواستنەوەی چەقی بڕیاری جیهانی لە ئەورووپا و ئەتڵەسییەوە بەرەو ئاسیا و زەریای هێمن.
هەڵبژاردنی شاری شێنژن—وەک پایتەختی داهێنان و تەکنەلۆژیای چین—پەیامێکی روونە کە پێوەرەکانی هێز و باڵادەستی لە جیهانی هاوچەرخدا لە قەبارەی خاک و جبەخانەی سەربازیی کلاسیکییەوە گۆڕاون بۆ خاوەندارێتیی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، ژیریی دەستکر (AI)و کۆنترۆڵکردنی زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی....هتد.
ئەم پۆڵسی پەیپەرە، شیکردنەوەیەکی قووڵ بۆ رەهەندە تیۆریی، مێژوویی، ئاسایشی، ئابووریی و تەکنەلۆژییەکانی لوتکەی شێنژن دەخاتەڕوو. هەوڵدەدات دیدگای واشنتن، مۆسکۆ، پەکین و برۆکسل سەبارەت بە لوتکەکە شیبکاتەوە و لە کۆتاییدا سێ سیناریۆی سەرەکی بۆ داهاتووی سیستمی نێودەوڵەتی دەخاتەڕوو.
یەکەم: لوتکەی شێنژن، دیپلۆماسیی لوتکەی زلهێزەکان
لە زانستی سیاسەتدا، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بە "دیپلۆماسیی لوتکەی زلهێزەکان" ناودەبرێت. لوتکەی شێنژن گوزارشت لە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆی هەرسێ جەمسەرەکە دەکات بەوەی کە هیچ کامیان بە تەنیا ناتوانن هەژموونی رەهای خۆیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن. بۆیە ئەم کۆبوونەوەیە هەوڵێکە بۆ بەڕێوەبردنی ململانێی دەوڵەتە زلهێزەکان و دووبارە داڕشتنەوەی بنەماکانی سیستمی نێودەوڵەتی.
لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دیپلۆماسیی لوتکەی زلهێزەکان بەو میکانیزمە سیاسییە باڵایە دەوترێت کە تێیدا سەرۆکی دەوڵەتە زلهێزەکان کەناڵە بیرۆکراسی و کلاسیکییەکانی وەزارەتەکانی دەرەوە تێدەپەڕینن و راستەوخۆ کۆدەبنەوە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانە گەورەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەنجامدانی رێککەوتننامەکان.
لوتکەی شێنژن یەکەمین کۆبوونەوەی سێقۆڵییە لە سەدەی بیست و یەکەمدا، وەرچەرخانێکی گرنگە لە مۆدێلی دیپلۆماسیی جیهانیدا، چونکە بۆ یەکەمجار هەرسێ جەمسەرە سەرەکییەکەی هێزی جیهانی (ئەمریکا، چین و روسیا) لەسەر یەک مێز کۆدەکاتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە گوزارشت لە واقیعێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی دەکات، کە هیچ کام لەم سێ جەمسەرە بە تەنیا ناتوانن هەژموونی خۆیان بەسەر جیهانیدا بسەپێنن. لە هەمانکاتدا هیچ یەکێک لەم دەوڵەتانە توانای ئەوەی نییە دەوڵەتانی تر ملکەچ بکات، یان لە هاوکێشە ستراتیجییەکان دووری بخاتەوە، بۆیە لوتکەی شێنژن وەک هەوڵێکی واقعبینانەیە بۆ دامەزراندنی مۆدێلێکی نوێ لە سیستمی جیهانی، کە دەکرێت سەرەتای دەسپێکی قۆناغی فرەجەمسەریی بێت.
بۆ تێگەیشتنی قووڵتر لە میکانیزمی کارکردنی ئەم دیپلۆماسییە لە شێنژندا، پێویستە چوار رەهەندی سەرەکی لێکبدەینەوە:
1. تێپەڕاندنی گوتاری ئایدیۆلۆژی بەرەو پراگماتیزم
بە پێچەوانەی دیپلۆماسیی لوتکە لە سەردەمی جەنگی سارددا (کە لەسەر بنەمای ململانێی ئایدیۆلۆژیی نێوان سەرمایەداری و کۆمۆنیزم دابەش ببوو)، دیپلۆماسیی لوتکەی شێنژن لەسەر بنەمای پراگماتیزمی رووت و بەڕێوەبردنی مەترسییەکان کاردەکات. لێرەدا سەرۆکەکان هەوڵی گۆڕینی سیستمی سیاسیی یەکتر نادەن، بەڵکو دان بە جیاوازییەکانیاندا دەنێن و سەرنج دەخەنە سەر دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش بۆ رێگرییکردن لەوەی کێبڕکێی نێوانیان ببێتە هۆی کارەساتێکی جیهانی وەک جەنگی ئەتۆمی یان داڕمانی ئابووری.
2. هاوئاهەنگیی زلهێزەکان
لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەر کاتێک سیستمی جیهانی تووشی قەیران بێت، زلهێزەکان هەوڵدەدەن جۆرێک لە(بەڕێوەبردنی بە کۆمەڵ) دروست بکەن—هاوشێوەی هاوئاهەنگی ئەورووپا دوای کۆنگرەی ڤیەننا لە ساڵی 1815. لە لوتکەی شێنژندا، ئەم چەمکە فۆڕمێکی سێقۆڵی وەردەگرێت کە تێیدا ئەمریکا، چین و روسیا وەک سێ دەوڵەتی زلهێزی بەرپرس هاوئاهەنگی دەکەن. ئەم مۆدێلە لەسەر بنەمای دانپێدانان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرسێ لا کاردەکات، واتە هەر جەمسەرێک رێز لە ناوچەی هەژموون و ئاسایشی ئەوانی دیکە دەگرێت لە بەرامبەر پاراستنی سەقامگیریی گشتیی سیستمی نێودەوڵەتی.
3. دیپلۆماسیی سەرکردەکان
لە سیستمێکی فرەجەمسەریدا، مەترسیدارترین دیاردە بریتییە لە (هەڵە خوێندنەوەی ستراتیجی) کاتێک پەیوەندییەکان لە ئاستی خوارەوەدا دەپچڕێن، گومانەکان زیاد دەکەن. دیپلۆماسیی لوتکە لە شێنژن ئەم بەربەستە تێکدەشکێنێت و دەسەڵاتی بڕیاردان دەداتە دەست سەرکردە باڵاکان. ئەم جۆرە کۆبونەوەیانە راستەوخۆ رێگە بە سەرۆکەکان دەدات کە بەبێ فلتەری میدیایی و دیپلۆماسی، هێڵە سوورەکانی خۆیان بە روونی بە یەکتر بگەیەنن و متمانەیەک بۆ کاتی قەیرانە کتوپڕەکان دروست بکەن.
4. لاوازبوونی دامەزراوەکان و سەرهەڵدانی (ئۆلیگارشیی جیهانی)
یەکێک لە لێکەوتە هەرە گرنگەکانی دیپلۆماسیی لوتکەی زلهێزەکان لە شێنژندا، پاشەکشەی رۆڵی دامەزراوە نێودەوڵەتییە فرەلایەنەکانە(وەک ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان یان رێکخراوی بازرگانیی جیهانی). کاتێک سێ زلهێزەکە بڕیارە چارەنووسسازەکانی تایبەت بە ئاسایش، تەکنەلۆژیا و بازرگانی لە پشت دەرگا داخراوەکانی شێنژن یەکلایی دەکەنەوە، سیستمی نێودەوڵەتی بەرەو جۆرێک لە(ئۆلیگارشیی جیهانی) دەچێت، کە تێیدا چارەنووسی دەوڵەتە مامناوەند و بچووکەکان و تەنانەت هاوپەیمانە تەقلیدییەکانیش(وەک یەکێتیی ئەورووپا) لە دەرەوەی بازنەی بڕیاردان دەمێنێتەوە.
دووەم: بەراوردی مێژوویی لوتکەکان (یاڵتا، ماڵتا و شێنژن)
بەراوردکردنی لوتکەی شێنژن لەگەڵ کۆنفرانسی یاڵتا(1945) و لوتکەی ماڵتا(1989) دەتوانێت گۆڕانکارییە قووڵەکانی نێوان قۆناغە مێژووییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی روون بکاتەوە، بەڵام لە روانگەی مێتۆدۆلۆژیی مێژووییەوە نابێت ئەم رووداوانە وەک(کۆپی) یەکتر یان هاوشێوە دابنێنن، هەر یەکێک لەم وێستگانە بەرهەمی پێکهاتەیەکی جیاوازی دابەشبوونی هێز و دۆخێکی تایبەتی ململانێ جیهانییەکانن:
· یاڵتا (1945) مۆدێلی دابەشکردنی دوای سەرکەوتن: کۆنفرانسی یاڵتا لە سەروبەندی کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانیدا روویدا، لە کاتێکدا سیستمی پێشوو بە تەواوی داڕمابوو و سێ هێزە سەرکەوتووەکە(ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤیەت و بەریتانیا) لە پێگەی براوەی جەنگەوە نەخشەی جوگرافیی ئەورووپا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیان دادەڕشتەوە.
· ماڵتا (1989) مۆدێلی ئاوابوونی جەمسەرێک: لوتکەی ماڵتا لە قۆناغی کۆتایی جەنگی سارددا بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا یەکێک لە دوو جەمسەرە سەرەکییەکە(یەکێتیی سۆڤیەت) تووشی داڕمانی ئابووریی و پێکهاتەیی ببوو و لە پێگەی لاوازییەوە دانوستانی دەکرد بۆ تێکەڵبوون بە سیستمی جیهانیی بە رابەرایەتیی ئەمریکا.
· شێنژن (2026) مۆدێلی هاوسەنگیی زلهێزە زیندووەکان: بە پێچەوانەی یاڵتا و ماڵتاوە، لوتکەی شێنژن لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە نە جەنگێکی جیهانیی یەکلاکەرەوە روویداوە و نە هیچ کام لە سێ جەمسەرەکە تووشی داڕمان بوون. هەرسێ دەوڵەتەکە(ئەمریکا، چین و روسیا) هێشتا توانای ستراتیجی، سەربازی، ئەتۆمی و ئابووریی بەرچاویان هەیە و ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی نێوانیان لەسەر شێوازی حوکمڕانیی جیهانی و ناوچەکانی هەژموون بەردەوامن. لێرەدا هیچ لایەنێک خۆی رادەست ناکات، بەڵکو هەوڵدەدەن لە لوتکەی هێزی خۆیانەوە یاساکانی کێبڕکێ دابڕێژنەوە.
قووڵبوونەوە لە ئەزموونی یاڵتا و ماڵتا وانەیەکی مێژوویی و ستراتیجیمان پێدەبەخشێت، کە کۆبوونەوەی زلهێزەکان دەتوانێت ئاڕاستەی گشتیی سیاسەتی جیهانی دیاری بکات، بەڵام بەردەوامیی ئەنجامەکان و سەرکەوتنیان لە واقیعدا بەندە بە پێکهاتەی هێز و توانای جێبەجێکردنەوە.
لە یاڵتادا، سێ سەرکردە (جۆزێف ستالین، فرانکلین رۆزڤێڵت و وینستن چێرچڵ) بڕیاریان لەسەر چارەنووسی گەلان و دەوڵەتی تر دا بەبێ ئامادەبوونیان، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی "گرێی یاڵتا" لە یادەوەریی گەلانی ئەورووپای رۆژهەڵاتدا. لە لوتکەی شێنژنیشدا، ئەم پرسیارە بە توندی سەرهەڵدەداتەوە: ئایا کۆبوونەوەی ترەمپ، شی و پوتین بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەکانی وەک شەڕی ئۆکراین، دۆخی ئێران و چەکی ئەتۆمی، بەبێ بەشداریی راستەوخۆی ئەورووپا، ئۆکراین و وڵاتانی ناوچەکە، دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت؟ مێژوو دەریخستووە هەر رێککەوتنێک لەسەر حیسابی لایەنە نائامادەکان(غائیبەکان) بکرێت، بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی یاخیبوون و هەڵوەشانەوەدا دەبێت.
ساڵی 1945، هێزی سەربازیی و کۆنترۆڵکردنی خاک تاکە پێوەری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان بوون. لە سەردەمی لوتکەی (شێنژن 2026)، ململانێیەکان تەنها جوگرافی نین، بەڵکو تەکنەلۆژیا(زیرەکیی دەستکرد)، زنجیرەکانی دابینکردن، کانزا دەگمەنەکان و بازرگانیی جیهانی دەگرنەوە. کاتێک بەرژەوەندییە ئابووریی و تەکنەلۆژییەکان بەمشێوەیە تێکەڵ بوون، سەپاندنی ئیرادەی سێ زلهێز بەسەر تەواوی سیستمی جیهانیی لاواز دەبێت.
لە لوتکەی ماڵتادا، میخائیل گۆرباچۆڤ ناچار بوو سازش بکات، چونکە ناوخۆی یەکێتیی سۆڤییەت توانای بەرگەگرتنی نەمابوو، بۆیە جێبەجێکردنی بڕیارەکان ئاسان بوون. بەڵام لە شێنژن، هەرسێ جەمسەرەکە لە پێگەی هێزەوە مامەڵە دەکەن، چین خاوەنی هەژموونێکی ئابووریی و تەکنەلۆجیی گەورەیە، ئەمریکا هێشتا گەورەترین هێزی سەربازیی و دارایی جیهانە، روسیاش سەرەڕای سزاکان، خاوەنی گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمی و کاریگەریی مەیدانییە. لێرەدا هیچ لایەنێک ئامادە نییە سازشی ستراتیجی بکات، ئەمەش وادەکات لوتکەکە زیاتر بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان بێت نەک چارەسەرکردنی ریشەیی.
سێیەم: ئامانج و تەوەرە سەرەکییەکانی لوتکەی شێنژن
لوتکەی شێنژن لەسەر بنەمای ستراتیجیی "پێکەوەبەستنی دۆسییەکان" داڕێژراوە، واتە تێکەڵکردنی پرسە ئەمنییە سەختەکان لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابووریی و تەکنەلۆژییەکاندا، بە مەبەستی دروستکردنی هاوسەنگییەک لە سازش و دەستکەوتەکاندا لە نێوان واشنتن، پەکین و مۆسکۆ. ئەم ئەجێندایە لەسەر چوار کۆڵەکەی سەرەکی وەستاوە:
1. کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی
دوای هەڵوەشانەوە و بەسەرچوونی تەواوی رێککەوتننامەکانی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمیی سەردەمی جەنگی سارد (بەتایبەت پەیماننامەی ستار یەک START I ستار دوو STARTII و مووشەکە مامناوەندەکان INF و پەیماننامەی New START)، جیهان رووبەڕووی بۆشایی یاسایی و مەترسیی پێشبڕکێیەکی نوێی خۆپڕچەککردنی ئەتۆمی دەبێتەوە.
بەپێچەوانەی سەردەمی دووجەمسەریی(جەنگی سارد) کە تێیدا هاوسەنگییەکە لە نێوان دوو هێزی یەکساندا بوو، ئەمڕۆ هاوکێشەکە ناهاوتایە. بەپێی داتاکانی پەیمانگای ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتی (SIPRI)، هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و روسیا خاوەنی زیاتر لە 5000 کڵاوەی ئەتۆمین، لە کاتێکدا چین خاوەنی نزیکەی 620 کڵاوەی ئەتۆمییە، هەرچەندە بە خێراییەکی بەرچاو خەریکی فراوانکردن و مۆدێرنکردنی جبەخانەکەیەتی.
واشنتن جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ پەیماننامەیەکی نوێ بەبێ بەشداریی چین واتای نییە. لە بەرامبەردا، پەکین بە فەرمی چوونە ناو دانوستانی کەمکردنەوەی چەک رەتدەکاتەوە تا ئەوکاتەی ئەمریکا و روسیا جبەخانەکانیان دادەبەزێنن بۆ ئاستی چین، هاوکات مۆسکۆش مەرجی ئەوە دادەنێت کە دەبێت توانای ئەتۆمیی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا(بەریتانیا و فەڕەنسا) بخرێنە ناو هەر هاوکێشەیەکی نوێوە.
2. حوکمرانیی زیرەکیی دەستکرد(AI) و ئاسایشی ئەلیکترۆنی
زیرەکیی دەستکرد تاکە بوارە کە تێیدا تێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان واشنتن، پەکین و مۆسکۆدا هەیە سەبارەت بە بوونی مەترسی رژد کە زیرەکیی دەستکردە، چونکە سروشتی بێسنووری ئەم تەکنەلۆژیایە و ئەگەری لەدەستدەرچوونی کۆنترۆڵی مرۆیی بەسەریدا، هەڕەشە لە ئاسایشی ناوخۆیی هەرسێ زلهێزەکە دەکات.
گرنگترین دەستکەوتی ستراتیجیی چاوەڕوانکراو لەم لوتکەیە، رەنگە واژۆکردنی بەڵێننامەیەکی پابەندکەری سێقۆڵی بێت، بەجۆرێک هەرسێ دەوڵەت بەڵێن بدەن کە سیستمە سەربەخۆکانی زیرەکیی دەستکرد هەرگیز نەبەسترێنەوە بە بڕیاری هەڵدانی چەکی ئەتۆمییەوە و بڕیاری کۆتایی هەمیشە لە دەستی سەرکردایەتیی سیاسیدا بمێنێتەوە.
هەروەها لوتکەکە کار دەکات بۆ داڕشتنی رێسای رەفتاری(کۆدێکی رەفتاری نێودەوڵەتی) بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکە سایبەرییە پاڵپشتیکراوەکان بە زیرەکیی دەستکرد دژی ژێرخانی مەدەنی و هەستیاری یەکتر—بەتایبەتی تۆڕەکانی کارەبا، سیستمە دارایی و بانکییەکان، وێستگە ئەتۆمییە مەدەنییەکان، و مانگە دەستکردەکانی پەیوەندیی و چاودێریی—بە مەبەستی رێگرییکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێ سایبەرییەکان بۆ جەنگی سەربازیی راستەوخۆ.
3. جیۆئیکۆنۆمی: ئاگربەستی باجە گومرگییەکان
لەسەر ئاستی جیۆئیکۆنۆمی لوتکەی شێنژن هەوڵدەدات هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و رێگرییکردن لە داڕمانی ئابووریی جیهاندا بدۆزێتەوە.
لە پێناو هێورکردنەوەی هەڵاوسانی جیهانی و پاراستنی زنجیرەکانی دابینکردن، واشنتن و پەکین کار دەکەن بۆ سڕکردنی باجە گومرگییە نوێیەکان. رەنگە چین هەوڵبدات هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، وزە(نەوت و گازی شل) و فڕۆکە بازرگانییەکانی ئەمریکا بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات، لەگەڵ توندکردنەوەی چاودێریی لەسەر هەناردەکردنی ماددە کیمیاییەکانی دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان(وەک فێنتانیل)، لە بەرانبەردا ئەمریکا پێداچوونەوە بکات بە بەشێک لە باجە گومرگییە سەپێنراوەکانی سەر کاڵا چینییەکاندا.
چیپەکانی(Chips) زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیای دروستکردنیان بوارێکی تری ململانێ نێوان ئەمریکا و چین و روسیایە. کە ئەمریکا ئامادەنییە ئەم تەکنەلۆژیایە بەو وڵاتانە بفرۆشێت، چونکە راستەوخۆ پەیوەندییان بە باڵادەستیی سەربازییەوە هەیە. لە بەرانبەردا، رەنگە واشنتن ئامادەبێت دەرگا بکاتەوە بۆ فرۆشتنی چیپە مامناوەند و کلاسیکەکان کە لە پیشەسازییە مەدەنییەکاندا بەکاردێن. لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، چین بەردەوام بێت لەهەناردەی کانزا دەگمەنەکان(وەک گالیۆم، جێرمانیۆم و گرافیت) بۆ بازاڕەکانی رۆژئاوا، کە شادەماری سەرەکیی پیشەسازیی ئەلیکترۆنی و بەرگرین.
4. بەڕێوەبردنی قەیرانە هەرێمییەکان
تەوەری چوارەمی لوتکەکە تایبەتە بە کۆنترۆڵکردنی ئەو ململانێ هەرێمییانەی کە ئەگەری گۆڕانیان هەیە بۆ پێکدادانی راستەوخۆی نێوان زلهێزەکان:
· قەیرانی ئۆکراین: هەوڵدان بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەک بۆ راگرتنی شەڕ و گەیشتن بە ئاگربەستێکی بەردەوام، لە رێگەی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و مۆسکۆ لەسەر گەرەنتییە ئەمنییەکان، بە پشتیوانیی دیپلۆماسی و ئابووریی پەکین بۆ قۆناغی سەقامگیری. لێرەدا دوورنییە کێشەکە بەهاوکێشەی(سازش لە بەرامبەر گەرەنتی) چارەسەر بێت، واتە راگرتنی فراوانبوونی ناتۆ و قبوڵکردنی واقیعی مەیدانی لە بەرامبەر پاراستنی سەروەریی ئەو بەشەی لە ئۆکراین ماوەتەوە، بەڵام گەورەترین بەربەست لێرەدا هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا و ئۆکراینە کە لە دەرەوەی ژووری دانوستانەکەن.
· گەرووی تایوان و نیمچەدوورگەی کۆریا: جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی کەتوار (ئەمری واقیع) و دۆخی ئێستا لە گەرووی تایوان؛ بە جۆرێک کە واشنتن پابەندبوونی خۆی بە سیاسەتی "یەک چین" دووپات بکاتەوە و دژایەتیی هەر گۆڕانکارییەکی تاکلایەنە بکات، پەکینیش خۆی لە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بەدوور بگرێت. چونکە واشنتن و پەکین ناتوانن کێشەی تایوان بە یەکجاریی چارەسەر بکەن، بەڵکو تەنها لەسەر(دواخستنی قەیرانەکە) رێکدەکەون لە رێگەی رێزگرتن لە هێڵە سوورەکانی یەکتر. هاوکات، گەڕان بەدوای میکانیزمێکی سێقۆڵیدا بۆ راگرتنی تاقیکردنەوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆریای باکوور و رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە رۆژهەڵاتی ئاسیادا.
· ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی وزە: هەماهەنگیی ناڕاستەوخۆی نێوان هەرسێ زلهێزەکە بۆ رێگرییکردن لە تەقینەوەی گشتگیری ناوچەکە و پاراستنی سەلامەتیی رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان(وەک گەرووی هورمز و دەریای سوور)، چونکە هەر شڵەژانێکی گەورە لەم ناوچەیەدا راستەوخۆ زیان بە ئاسایشی وزەی چین و سەقامگیریی ئابووریی جیهان دەگەیەنێت. بۆیە چین وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشی ستراتیجیی ئێران، تاکە هێزە کە دەتوانێت فشار بخاتە سەر تاران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، لە بەرامبەر ئەوەی واشنتن ئاسانکاریی ئابووریی بکات یان خۆی لە گورزی سەربازیی وێرانکەر بەدوور بگرێت کە تەواوی ناوچەکە دەخاتە ناو گێژاوەوە.
چوارەم: دیدگا جیاوازەکان بۆ لوتکەکە
هەر یەکێک لە روسیا، چین، ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا بە دیدگا، ئەجێندا، لێکدانەوەی ستراتیجی و نیگەرانیی جیاوازەوە دەڕواننە ئەم لوتکەیە. بۆ زیاتر روونکردنەوەی ئەم دیدگا جیاوازانە هەوڵدەدەین بۆچوونی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و خانەکانی بیرکردنەوەی ئەو وڵاتانە بخەینەڕوو بەم شێوەیە:
1. روانگەی ئەمریکا
ستراتیجیی واشنتن لە لوتکەی شێنژندا گوزارشت لە وەرچەرخان دەکات لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، وەرچەرخانێک لە تێڕوانینێکی ئایدیۆلۆژی و فرەلایەنیی کلاسیکییەوە بەرەو(ریالیزمی مامەڵەکردن) و دابەشکردنی بەرپرسیارێتییە جیهانییەکان لە نێوان زلهێزە باڵاکاندا. ئەم ستراتیجییە لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی بنیات نراوە:
- کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی و پڕکردنەوەی بۆشایی یاسایی دوای کۆتاییهاتنی وادەی پەیماننامەی(New START) لە شوباتی 2026 و سەرهەڵدانی بۆشاییەکی یاسایی و ئەمنیی لەسەر ئاستی جیهان، دۆناڵد ترەمپ هەوڵدەدات بناغەی رێککەوتنێکی نوێ و سێقۆڵی بۆ کەمکردنەوەی کڵاوە ئەتۆمییەکان دابڕێژێت کە بۆ یەکەمجار گەلی چینیش بخاتە ژێر چاودێریی و پابەندبوونەوە.
توێژەرانی دامەزراوەی کارنێگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم هەوڵەی واشنتن وەڵامێکی ناچاریی و خێرایە بۆ گەشەکردنی خێرای جبەخانەی ئەتۆمیی چین. لەگەڵئەوەشدا، کارنێگی هۆشداریی دەدات بەبێ پێشکەشکردنی گەرەنتیی ئەمنیی روون و هاوسەنگ بە پەکین، رازیکردنی چین بە سنووردارکردنی تواناکانی وەک یەکێک لە سەختترین گرێکوێرەکانی لوتکەکە دەمێنێتەوە.
- دیپلۆماسیی راستەوخۆ و خۆگرتن لە بەرەنگاربوونەوەی دوو زلهێز، ترەمپ لەسەر بنەمای ئەو فەلسەفەیە کاردەکات کە قەیرانە قووڵەکانی جیهان بە گۆشەگیرکردن و دوورکەوتنەوە چارەسەر نابن، بەڵکو پێویستیان بە دانوستاندنی راستەوخۆی سەرکردەکانە، چونکە سێ زلهێزەکە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان لە ئەستۆدایە بۆ رێگرییکردن لە پێکدادانی جیهانی.
دامەزراوەی بروکینگز لە شیکردنەوەیەکیاندا ئەم جووڵەیە وەک هەوڵێکی ژیرانەی واشنتن دەخوێننەوە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی ستراتیجیی (بەرەنگاربوونەوەی دوو-بەرەیی (Dual Containment دژی چین و روسیا لە یەک کاتدا. بەڵام بروکینگز پەنجە دەخاتە سەر مەترسییەکی گەورە و هۆشداریی دەدات کە ئەم جۆرە دیپلۆماسییە تاکلایەنەیە متمانەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا(بەتایبەت ناتۆ، ژاپۆن و کۆریای باشوور) لەق دەکات، چونکە ترسی ئەوەیان لا دروست دەبێت کە واشنتن لەپێناو رێککەوتن لەگەڵ رکابەرەکانیدا، بەرژەوەندیی ئەوان بکاتە قوربانی.
- واشنتن لە لوتکەی شێنژندا دۆسیە ئابووریی و ئەمنییەکانی تێکەڵ کردووە، بە جۆرێک داوا لە پەکین دەکات هەژموونی سیاسی و ئابووریی خۆی بەکاربهێنێت بۆ فشارخستنە سەر ئێران بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز و پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان، هاوکات جەخت لە هێورکردنەوەی جەنگی ئۆکراین، درێژکردنەوەی ئاگربەستی بازرگانی و مسۆگەرکردنی زنجیرەی دابینکردنی کانزا دەگمەنەکان دەکاتەوە.
شارەزایانی ئەنجومەنی ئەتڵەسی (Atlantic Council) پێیانوایە واشنتن لێرەدا ستراتیجی(سازانی گەورە (Grand Bargain پەیڕەو دەکات، بە شێوەیەک کە ئاسانکاریی بازرگانی، هەڵگرتن یان کەمکردنەوەی باجە گومرگییەکان و کرانەوەی تەکنەلۆژی وەک کارتی گوشار و هاندان بەکاردەهێنێت، لە بەرامبەر بەدەستهێنانی هاوکاریی کردەیی پەکین و مۆسکۆ بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپای رۆژهەڵاتدا.
2. روانگەی چین
بۆ پەکین، میوانداریکردنی ئەم لوتکەیە لە شاری شێنژن —پایتەختی تەکنەلۆژیا و داهێنانی چین— سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی گەورە و ئاماژەیەکی روونە بۆ گواستنەوەی چەقی بڕیار و کێشی جیۆپۆلەتیکیی جیهان بەرەو ئاسیا. ستراتیجیی شی جینپینگ لەم کۆبوونەوەیەدا لەسەر سێ پایەی سەرەکی داڕێژراوە:
- چەسپاندنی فرەجەمسەریی و تێکشکاندنی لێکترازانی ئابووری: پەکین لوتکەی شێنژن وەک سەکۆیەکی جیهانی بەکاردەهێنێت بۆ سەلماندنی پێگەی خۆی وەک ناوەندێکی سەرەکیی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی، داوای سیستمێکی فرەجەمسەریی دادپەروەر دەکات کە تێیدا بەرژەوەندی و مۆدێلی گەشەپێدانی چین پارێزراو بن و دوور بن لە هەژموونی تاکلایەنە. توێژەرانی ئەکادیمیای چین بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان (CASS) و ناوەندی چین و جیهانگیری (CCG) جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامادەبوونی هاوکاتی ترەمپ و پوتن لە شێنژن، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر شکستی سیاسەتەکانی رۆژئاوا بۆ سەپاندنی گۆشەگیری و لێکترازانی ئابووریی. لە دیدی ئەوانەوە، پەکین لەم لوتکەیەدا خۆی وەک(پارێزەری بازرگانیی ئازاد و سەقامگیریی زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی) دەناسێنێتەوە.
- رێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی هێڵە سوورەکان(پرسی تایوان): شی جینپینگ بە راشکاوی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە زلهێزەکان رێز لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی یەکتر بگرن و بە هیچ شێوەیەک دەست بۆ هێڵە سوورەکانی یەکتر نەبەن -لە سەرووی هەموویانەوە پرسی تایوان دێت. پەیمانگای چین بۆ توێژینەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکان (CICIR) لە شیکارییەکدا، ئاماژە بەوە دەکەن کە پەکین بەم پەیامە توندە دەرگا بە رووی هەر هەوڵێکدا دادەخات کە بیەوێت پرسی تایوان بخاتە ناو بازنەی سەودا و سازشە بازرگانییەکانەوە. بە بڕوای ئەوان، پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی چین مەرجی پێشوەختە و نەگۆڕە بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی ئابووریی یان نێوەندگیرییەکی هەرێمی لەگەڵ واشنتندا.
- سەرەڕای جەختکردنەوە لە ئاشتیی جیهانی، چین بە توندی چوونە ناو هەر رێککەوتنێکی سێقۆڵی بۆ کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی رەتدەکاتەوە، بەوپێیەی جبەخانە ئەتۆمییەکەی لە رووی قەبارەوە جیاوازییەکی یەکجار گەورەی هەیە لەگەڵ جبەخانە زەبەلاحەکانی ئەمریکا و روسیا. شارەزایانی سەربازیی لە پەیمانگای شەنگەهای بۆ توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان (SIIS) ئەوە روون دەکەنەوە کە پەکین داواکارییەکانی واشنتن وەک تەڵەیەکی ستراتیجی دەبینێت کە ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی مۆدێرنکردن و سنووردارکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی چینە. هەر بۆیە، پەکین لە جیاتی دانوستاندن لەسەر کەمکردنەوەی کڵاوە ئەتۆمییەکان، پێشنیازی واژۆکردنی پەیماننامەی بەکارنەهێنانی یەکەمجاری چەکی ئەتۆمی (No First Use) دەخاتە بەردەم زلهێزەکان وەک پێوەرێکی راستەقینە بۆ نیازی ئاشتیخوازانە.
3. روانگەی روسیا
بۆ کرێملن، دانیشتنی ڤلادیمیر پوتن لەسەر یەک مێز لەگەڵ سەرۆکانی ئەمریکا و چین لە لوتکەی شێنژندا، تەنیا کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو گەورەترین سەرکەوتنی جیۆپۆلەتیکیی مۆسکۆیە دوای ساڵانێک لە سزا و ململانێ. ستراتیژیی روسیا لەم لوتکەیەدا لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی بونیاتنراوە:
- شکاندنی گۆشەگیریی دیپلۆماسی، ئامادەبوون لەم لوتکە سێقۆڵییەدا بۆ مۆسکۆ بەڵگەیەکی زیندووە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ گۆشەگیرکردنی روسیا شکستیان هێناوە، مۆسکۆ هێشتا جەمسەرێکی سەرەکی و بڕیاردەرە لە هاوکێشە ئاسایشی و ئابوورییەکانی جیهاندا. ئەنجومەنی روسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی (RIAC) ئاماژە بەوە دەکەن کە کرێملن لوتکەی شێنژن وەک خاڵی کۆتاییهاتنی(سەردەمی تاکجەمسەریی و سزای تاکلایەنە) دەبینێت. بە بڕوای ئەوان، مۆسکۆ بەم دەرکەوتنە پەیامێکی رون ئاراستە دەکات کە سیستمی نێودەوڵەتی بەبێ روسیا بەڕێوەناچێت.
- زیندووکردنەوەی لۆژیکی کۆنفرانسی یاڵتا، پوتن هەوڵدەدات ئەم کۆبوونەوەیە هاوشێوەی کۆنفرانسی یاڵتای ساڵی 1945 وێنا بکات، کە تێیدا زلهێزە سەرەکییەکان بەرپرسیارێتیی هاوبەش هەڵدەگرن بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی ئاسایشی جیهان و دابەشکردنی ناوچەکانی هەژموون لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێز. لێکۆڵەرانی یانەی گفتوگۆی ڤاڵدای (Valdai Discussion Club) لە مۆسکۆ پێیانوایە پوتن لە شێنژندا بەدوای دانپێدانانی فەرمیدایە بە بەرژەوەندییە ئەمنییە رەواکانی روسیا و راگرتنی فراوانبوونی ناتۆ. لە بەرانبەردا، ناوەندی کارنێگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی هۆشداریی دەدات لەوەی مۆسکۆ دەیەوێت لە رێگەی مەیلی مامەڵەکردنی ترەمپەوە، دەستکەوتە سەربازییەکانی لە ئۆکراین وەک ئەمری واقیع بچەسپێنێت و شەرعییەتی نێودەوڵەتییان پێبدات.
- قووڵکردنەوەی درزی ترانس-ئەتڵەسی و بەکارهێنانی کارتی وزە و ئاسایش، پوتن لە پەراوێزی لوتکەکەدا بە توندی هێرشی کردە سەر وڵاتانی ئەورووپا و بە (هەژموونخوازە کۆنەکان..... و لە پاشەکشەیەکی شەرمەزارکەردا) وەسفی کردن، هاوکات دۆسییەکانی شەڕی ئۆکراین، کۆنترۆڵی چەکی ئەتۆمی و ئاسایشی وزەی خستە ناو سەبەتەی دانوستاندنەکانەوە. شارەزایانی پەیمانگای ئابووریی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (IMEMO) لە مۆسکۆ روونی دەکەنەوە کە روسیا لێرەدا ستراتیژیی (تێکدانی بەرەی رۆژئاوا) پەیڕەو دەکات، بە جۆرێک کە هەوڵدەدات ئەورووپا وەک بارگرانییەک بەسەر شانی ئەمریکاوە نیشان بدات و واشنتن هان بدات بۆ رێککەوتنی دووقۆڵی و سێقۆڵی دوور لە برۆکسل، لە بەرانبەر هاوکاریکردنی روسیا لە هێورکردنەوەی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئەتۆمیدا.
4. روانگەی یەکێتی ئەورووپا
بە پێچەوانەی سێ زلهێزەکەوە کە لە لوتکەی شێنژن خەریکی داڕشتنەوەی نەخشەی هێز و بەرژەوەندییەکانن، لە برۆکسل و پایتەختە ئەورووپییەکاندا شەپۆلێک لە گومان، بێزاریی و نیگەرانیی قووڵ بەرامبەر بەڕێوەچوونی ئەم لوتکەیە سەریهەڵداوە. کاردانەوەی ئەورووپا لەم قۆناغە هەستیارەدا لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی دەردەکەوێت:
- ترس لە پەراوێزخستن و دابەشکردنەوەی ناوچەکانی هەژموون: وڵاتانی ئەورووپا بە گومانەوە لەم کۆبوونەوە سێقۆڵییە دەڕوانن و ترسیان هەیە واشنتن، پەکین و مۆسکۆ لەسەر حیسابی بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەورووپا و وڵاتانی بچووکتر، جیهان بەسەر ناوچەی هەژموونی نوێدا دابەش بکەنەوە. ئەنجومەنی ئەورووپی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە (ECFR) ئامادەنەبوونی یەکێتیی ئەورووپا لە شێنژن بە (شکستی ستراتیژیی ئەورووپا لە سەردەمی سیاسەتی هێزدا) ناودەبەن و هۆشداریی دەدەن کیشوەری ئەورووپا بووەتە(بابەتی سەر مێزی گفتوگۆ) لە جیاتی ئەوەی بەشداربوو بێت لە پرۆسەی بڕیارداندا.
- نیگەرانی لە چارەنووسی ئۆکراین و دیپلۆماسیی بەرلین: سەرکردەکانی ئەورووپا و ئۆکراین ترسێکی رژدیان هەیە کە سێ زلهێزەکە بەبێ بەشداریی کیێڤ و برۆکسل بڕیار لەسەر داهاتووی جەنگی ئۆکراین بدەن، هەر بۆیە بە پەلە لە بەرلین کۆبوونەوەی هاوپەیمانانیان رێکخست، تاوەکو هەڵوێستێکی یەکگرتوو نیشان بدەن، هاوکات نێردەکانی ئەمریکاش دوای شێنژن سەردانی بەرلین دەکەن بۆ دڵنیاییدان بە ئەوروپییەکان. لێکۆڵەرانی پەیمانگای ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش (SWP) لە بەرلین ئاماژە بەوەدەکەن کۆبوونەوەی بەپەلەی بەرلین هەوڵێکی بەرگریکارانەی ئەورووپایە بۆ سەپاندنی (مافی ڤیتۆی دیپلۆماسی) لەسەر هەر رێککەوتنێکی تایبەت بە ئۆکراین. بە بڕوای ئەوان، سەردانی نێردەکانی ئەمریکا دوای شێنژن نیشانەی ئەوەیە واشنتن ناتوانێت بەبێ پشتیوانیی دارایی و ئاسایشی ئەورووپا هیچ نەخشەڕێگایەک لە ئۆکراین جێبەجێ بکات.
- ناڕەزایی لە هەڵوێستی چین و گۆڕانی هاوکێشەی پەیوەندییەکان: لە ناوەندە ئەوروپییەکاندا بێزارییەکی زۆر هەیە بەرامبەر بەوەی کە شی جینپینگ فشاری پێویست ناخاتە سەر پوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین و بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ئابووریی و تەکنەلۆژیی روسیا. شارەزایانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسەتی ئەورووپی (CEPS) لە برۆکسل جەخت دەکەنەوە کە هاوبەشیی ستراتیجیی پەکین و مۆسکۆ وایکردووە یەکێتیی ئەورووپا چیتر چین تەنیا وەک (رکابەرێکی ئابووریی) نەبینێت، بەڵکو وەک هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئەورووپا هەژماری بکات.
پێنجەم: سیناریۆکانی داهاتووی سیستمی نێودەوڵەتی لە رۆشنایی دەرەنجامەکانی لوتکەی شێنژندا
لەبەر رۆشنایی دەرەنجامە کردارییەکانی لوتکە 90 خولەکییەکەی شێنژن، کە تێیدا سەرکردەکانی ئەمریکا، چین و روسیا لەسەر(بەیاننامەی هاوبەشی ئاشتی و رێگریی لە شەڕی ئەتۆمی) و(بەردەوامیی گفتوگۆکان) رێککەوتن، بەڵام هیچ نەخشەڕێگایەکی کۆتایی و پابەندکەریان بۆ دۆسیەکانی ئۆکراین، کەمکردنەوەی کڵاوە ئەتۆمییەکان و گەرووی هورمز رانەگەیاند، دەکرێت ئاڕاستەی داهاتووی سیستمی نێودەوڵەتی لەنێوان سێ سیناریۆی سەرەکیدا شیکار بکرێت:
سیناریۆی یەکەم: بەڕێوەبردنی ململانێیەکان و ئاشتیی سارد
دەرەنجامە سەرەتاییەکانی شێنژن، بەتایبەت دووپاتکردنەوەی پرەنسیپی (نەبوونی براوە لە شەڕی ئەتۆمیدا) و کردنەوەی کەناڵی پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان سەرکردەکاندا بەبێ سازشکردن لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیجییە بنەڕەتییەکان، راستەوخۆ پێگەی ئەم سیناریۆیە وەک ئەگەری هەرە بەهێز و واقعبینانە دەچەسپێنێت.
ناوەڕۆک و داینامیکییەتی سیناریۆکە: لەم مۆدێلەدا، سێ زلهێزەکە دەگەنە جۆرێک لە هاوسەنگیی پراگماتیک و(کێبڕکێی کۆنترۆڵکراو) بۆ رێگرییکردن لە تەقینەوەی پێکدادانی سەربازیی راستەوخۆ، بەڵام ململانێ قووڵەکان بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە. چین بەردەوام دەبێت لە فراوانکردن و مۆدێرنکردنی جبەخانە ئەتۆمییەکەی دوور لە هەر پابەندبوونێکی یاسایی نێودەوڵەتی؛ شەڕی ئۆکراین دەچێتە قۆناغی دانوستاندنی درێژخایەن، فرەجەمسەریی و فرەئاڕاستە؛ کێبڕکێی تەکنەلۆژی (زیرەکیی دەستکرد و نیمچەگەیەنەرەکان) و بازرگانی لە نێوان واشنتن و پەکیندا لە چوارچێوەی(ئاگربەستێکی کاتی و مەرجداردا) بەڕێوەدەبرێت.
لێکەوتە ستراتیژییەکان: سیستمی جیهانی لە دۆخی(ئاشتییەکی سارد و ناجێگیر)دا دەمێنێتەوە؛ بازاڕەکانی جیهان لە داڕمانی لەناکاو دەپارێزرێن، بەڵام جیهان بەرەو دابەشبوونێکی نەرم لە بواری ستانداردە تەکنەلۆژی و ئابوورییەکاندا هەنگاو دەنێت.
سیناریۆی دووەم: دیپلۆماسیی پشت پەردە و لاوازکردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان
ئەگەرچی لوتکە 90 خولەکییەکەی شێنژن نەخشەڕێگای ئاشکرا و وردی بۆ قەیرانەکانی ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رانەگەیاند، بەڵام لێدوانە ئەرێنییەکانی دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ سەبارەت بە هاوکاریکردن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین، هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنی کۆدەنگیی سێقۆڵی دژی دەسەڵات و دەستوەردانەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی(ICC)، ئاماژەیەکی بەهێزن بۆ ئەگەری بوونی لێکتێگەیشتنی نهێنیی پشت پەردە و مەیلی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی دامەزراوە یاساییە نەریتییەکان.
بەپێی ئەم سیناریۆیە، لە مانگەکانی داهاتوودا، بەدواداچوونە دیپلۆماسییە نهێنییەکان دەبنە هۆی زنجیرەیەک سازشی بەرامبەر لە نێوان سێ جەمسەرەکەدا، بە جۆرێک کە واشنتن باجە گومرگییەکانی سەر چین کەم دەکاتەوە و بەشێک لە سزا ئابووری و داراییەکانی سەر مۆسکۆ سووک دەکات، لە بەرامبەردا روسیا رازی دەبێت بە سڕکردنی بەرەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا و چینیش هەژموونی ئابووریی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ فشارخستنە سەر تاران بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخی گەرووی هورمز و دەریای سوور.
لێکەوتە ستراتیجییەکان: ئەم سیناریۆیە سەقامگیرییەکی رێژەیی و خێرا بە بازاڕەکانی وزە و بازرگانیی جیهان دەبەخشێت، بەڵام قەیرانێکی قووڵ و مێژوویی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپادا دروست دەکات. برۆکسل و پایتەختە ئەوروپییەکان ئەم سەودایە وەک(یاڵتایەکی نوێ) دەبینن و ناچار دەبن بە خێرایی بەرەو سەربەخۆیی بڕیار و بەرگریی سەربەخۆ هەنگاو بنێن.
سیناریۆی سێیەم: بەتاڵبوونەوەی بەیاننامەکان و گەڕانەوە بۆ جەمسەرگیریی توند
نەبوونی هیچ میکانیزمێکی پابەندکەر و چاودێریی یاسایی لە بەیاننامە هاوبەشەکەی شێنژندا، لەگەڵ خۆدزینەوەی فەرمیی چین لە هەر پابەندبوونێک بۆ سنووردارکردن یان کەمکردنەوەی جبەخانە ئەتۆمییەکەی، مەترسیی ئەوە دروست دەکات کە لوتکەکە تەنیا نمایشێکی میدیایی و کاتیی بێت و بە خێرایی لەژێر فشاری رووداوە مەیدانییەکاندا هەڵبوەشێتەوە.
بەپێی ئەم سیناریۆیە، ئەگەر دیپلۆماسیی بەرلین و بەرگریی یەکگرتووی ئەورووپا ببێتە هۆی پەکخستنی هەر لێکتێگەیشتنێکی سێقۆڵی لەسەر ئۆکراین، یان قەیرانێکی سەربازی و ئاسایشیی نوێ لە تەنگەی تایوان، دەریای باشووری چین یان گەرووی هورمزدا سەرهەڵبدات، ئەوا بەیاننامە هاوبەشەکەی شێنژن بە تەواوی بەهای خۆی لەدەست دەدات.
لێکەوتە ستراتیجییەکان: لەم دۆخەدا، واشنتن دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی (بەرەنگاربوونەوەی دوو-بەرەیی) پێشبڕکێی خۆپڕچەککردنی ئەتۆمی و زیرەکیی دەستکرد لە نائامادەیی هەر پەیماننامەیەکدا دەگاتە لوتکە و جیهان بەسەر دوو بلۆکی دژبەیەکی تەکنەلۆژیی، ئابووریی و سەربازیدا دابەش دەبێت، کە تێیدا ئەگەری پێکدادانی راستەوخۆی زلهێزەکان زۆر بەرز دەبێتەوە.
دەرئەنجامەکان
خوێندنەوەی گشتگیری رەهەندە تیۆریی، مێژوویی و مەیدانییەکانی لوتکەی سێقۆڵیی شێنژن(تشرینی دووەمی 2026) و شیکردنەوەی جووڵەی هەر چوار جەمسەرەکە (ئەمریکا، چین، روسیا و یەکێتیی ئەورووپا)، پێنج دەرەنجامی ستراتیجیی بنەڕەتی سەبارەت بە داهاتووی سیستمی نێودەوڵەتی و هاوسەنگیی هێز لە سەدەی بیست و یەکەمدا دەخاتەڕوو:
1. لوتکەی شێنژن سەلماندی کە سیستمی نێودەوڵەتی قۆناغی تاکجەمسەریی دوای جەنگی ساردی تێپەڕاندووە، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بەرەو فرەجەمسەرییەکی دیموکراتی و دامەزراوەیی هەنگاوبنێت، بەرەو هەئاهەنگی زلهێزەکان (Concert of Great Powers) و جۆرێک لە "ئۆلیگارشیی جیۆپۆلەتیکی" دەچێت. لەم مۆدێلە نوێیەدا، واشنتن، پەکین و مۆسکۆ بە تێپەڕاندنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان(وەک نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی بازرگانیی جیهانی) هەوڵدەدەن راستەوخۆ قەیرانە جیهانییەکان بەڕێوەببەن و یاساکانی یاریکردن دابڕێژنەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمە لەسەر حیسابی هاوپەیمانەکانیان و دەوڵەتە مامناوەند و بچووکەکانیش بێت.
2. کۆتاییهاتنی وادەی پەیماننامەی (New START) لە شوباتی 2026، هاوکات لەگەڵ خێرا گەشەکردنی جبەخانەی ئەتۆمیی چین و رەتکردنەوەی پەکین بۆ چوونە ناو هەر رێککەوتنێکی سێقۆڵیی کەمکردنەوەی چەک، ئاماژەیە بۆ ئەوەی جیهان چووەتە قۆناغێکی نوێ و پڕ مەترسییەوە، بە پێچەوانەی سەردەمی جەنگی سارد کە هاوسەنگییەکە لە نێوان دوو هێزی یەکساندا بوو، ئەمڕۆ هەر جووڵەیەکی سەربازیی یان ئەتۆمیی هەر یەکێک لەم سێ جەمسەرە، راستەوخۆ حیساباتی دوو جەمسەرەکەی دیکە تێکدەدات. تاوەکو واشنتن، پەکین و مۆسکۆ نەگەنە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر هاوسەنگیی هێز و دانانی سنوور بۆ تێکەڵکردنی زیرەکیی دەستکرد(AI) لەگەڵ سیستمەکانی فەرماندەیی ئەتۆمیدا، مەترسیی پێشبڕکێی خۆپڕچەککردنی تەکنەلۆژی و ئەتۆمی بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
3. لوتکەی شێنژن پەردەی لەسەر ئەو راستییە هەڵماڵی کە چیتر سنوورێک لە نێوان ئابووریی و ئاسایشی نەتەوەیدا نەماوە. ستراتیجی(مامەڵە لەگەڵ گەورەکان)ی ئەمریکا -کە تێیدا کەمکردنەوەی باجە گومرگییەکان و فرۆشتنی چیپە کلاسیکەکان دەبەستێتەوە بە هاوکاریی چین لە کردنەوەی گەرووی هورمز و هێورکردنەوەی شەڕی ئۆکرانیا- لەگەڵ پێداگریی چین لەسەر پاراستنی (هێڵە سوورەکان) بەتایبەتی(تایوان) و بەکارهێنانی کارتی کانزا دەگمەنەکان، دەیسەلمێنێت کە زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی، نیمچەگەیەنەرەکان، زیرەکیی دەستکرد بوونەتە سەرەکیترین ئامرازەکانی هێز و ململانێ لە سەدەی بیست و یەکدا.
4. بەراوردی مێژوویی نێوان یاڵتا (1945)، ماڵتا (1989) و شێنژن (2026) دەریدەخات، لوتکەی شێنژن لە ژینگەیەکدا بەڕێوەدەچێت کە تێیدا هیچ کام لە سێ جەمسەرەکە تووشی داڕمان یان خۆڕادەستکردن نەبوون، بۆیە دەرەنجامەکانی شێنژن زیاتر لە چوارچێوەی(بەڕێوەبردنی قەیرانەکان)دا دەمێننەوە، نەک چارەسەرکردنی ریشەیی ململانێیەکان. لەوەش گرنگتر، ئەزموونی مێژوویی دەیسەلمێنێت هەر سەودایەکی سێقۆڵی لەسەر دۆسییە هەرێمییەکانی وەک ئۆکراین، تایوان، یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ بەشداریی و رەزامەندیی ئەکتەرە راستەوخۆ پەیوەندیدارەکان، رووبەڕووی قەیرانی قووڵی شەرعییەتی یاسایی و بەرگریی مەیدانی دەبێتەوە، ئەمەش جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لەسەر زەوی یەکجار سەخت و ناسەقامگیر دەکات.
5. دوورخستنەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە مێزی بڕیاری شێنژن، گوتارە توندەکانی مۆسکۆ دژی لاوازیی ئەورووپا، ناچاربوونی پایتەختە ئەوروپییەکان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەرگریکارانە لە بەرلین، خاڵی وەرچەرخانە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو بەری ئەتڵەسیدا. ئەم دۆخە ئەو راستییەی سەلماند لە سەردەمی گەڕانەوەی(سیاسەتی هێزی رەق)دا، پشتبەستنی رەهای ئەورووپا بە هێزی نەرم، بازرگانیی و چەتری ئاسایشی ئەمریکا چیتر ناتوانێت ئاسایش و پێگەی کیشوەرەکە بپارێزێت. لوتکەی شێنژن یەکێتیی ئەورووپای خستە بەردەم دووڕیانێکی مێژوویی یەکلاکەرەوە: یان قبوڵکردنی رۆڵی(پاشکۆ و دابینکەری دارایی) بۆ جێبەجێکردنی ئەو نەخشەڕێگایانەی لە نێوان واشنتن، پەکین و مۆسکۆدا دادەڕێژرێن، یان هەنگاونانی خێرا و بوێرانە بەرەو بونیاتنانی (سەربەخۆیی ستراتیجی) پیشەسازیی بەرگریی سەربەخۆ و سیاسەتێکی یەکگرتووی دەرەوە تاوەکو لە(بابەتی سەر مێزی گفتوگۆ)ـەوە ببێتەوە بە جەمسەرێکی بڕیاردەر لە هاوکێشە جیهانییەکاندا.
6. خوێندنەوەی سیناریۆکانی داهاتوو دەریدەخات سەرەڕای واژۆکردنی (بەیاننامەی هاوبەشی ئاشتی و رێگریی لە شەڕی ئەتۆمی) لە شێنژندا، داهاتووی سیستمی نێودەوڵەتی لە نێوان (بەڕێوەبردنی ململانێ) و گەڕانەوە بۆ جەمسەرگیریی تونددا لە هاوسەنگییەکی زۆر ناسکدایە. بەوپێیەی بەیاننامەکەی شێنژن خاڵییە لە هەر میکانیزمێکی یاسایی پابەندکەر و نەخشەڕێگای کۆتایی بۆ قەیرانەکان دانەناوە، بەردەوامیی ئەم سەقامگیرییە کاتییە بەندە بە توانای سێ زلهێزەکە لە گواستنەوەی لێکتێگەیشتنە زارەکییەکانی پشت پەردەوە بەرەو رێککەوتنی کرداریی لە مانگەکانی داهاتوودا؛ بەپێچەوانەوە، هەر تەقینەوەیەکی لەناکاو لە تەنگەی تایوان، گەرووی هورمز، یان بەرەکانی ئۆکراین دەتوانێت بە خێرایی دەستکەوتەکانی شێنژن بەتاڵ بکاتەوە و جیهان بەرەو دابەشبوونێکی تەواوەتی و بێگەڕانەوە ببات.
سەرچاوەکان
1. الجزيرة نت (Al Jazeera Net). (2026). قمة شي وترمب وبوتين.. موعد مؤكد دون اتفاق على جدول الأعمال.
2. العربي الجديد (Al-Araby Al-Jadeed). (2026). قمة شينزن الثلاثية | لقاء غير مسبوق بين ترامب وبوتين وشي.
3. الشرق (Asharq News). (2026). قمة شنزن.. صراعات النفوذ والتنافس الاقتصادي على طاولة ترمب وشي وبوتين.
4. القدس (Al-Quds). (2026). قمة ثلاثية غير مسبوقة في شنتشن تجمع ترمب وبوتين وشي لبحث ملفات النفوذ والسلاح النووي.
5. النهار (An-Nahar). (2026). قمة شينزن الثلاثية بين ترامب وبوتين وشي جينبينغ.
6. Atlantic Council. (2026). What Trump, Putin, and Xi want from their meeting in Shenzhen.https://www.atlanticcouncil.org/dispatches/what-trump-putin-and-xi-want-from-their-meeting-in-shenzhen/
7. Brookings Institution. (2026). Trump, Xi, and Putin: What to expect from the APEC summit.https://www.brookings.edu/articles/trump-xi-and-putin-what-to-expect-from-the-apec-summit/
8. Carnegie Endowment for International Peace. (2026). The U.S.-Chinese-Russian Summit and the Future of Trilateral Nuclear Talks (Tong Zhao).https://carnegieendowment.org/regions/china
9. Channel News Asia (CNA). (2026). Xi, Trump and Putin hold unprecedented trilateral talks with Ukraine war, nuclear arms control on agenda.https://www.channelnewsasia.com/east-asia/trump-xi-putin-trilateral-talks-apec-shenzhen-6563591
10. Harvard Belfer Center (Russia Matters). (2026). Clues from Russian Views: In This Week’s RF-PRC-US Summit Russians See No Yalta (Yet) (Valdai Club & RIAC perspectives).https://www.russiamatters.org/blog/clues-russian-views-weeks-rf-prc-us-summit-russians-see-no-yalta-yet
11. The Daily Star. (2026). The Shenzhen gambit: Trump, Xi, Putin, and the unsettled global order.https://www.thedailystar.net/slow-reads/geopolitical-insights/news/the-shenzhen-gambit-trump-xi-putin-and-the-unsettled-global-order-4326401
12. The Guardian. (2026). APEC summit live: Trump-Xi-Putin trilateral ends.https://www.theguardian.com/world/live/2026/nov/19/apec-summit-trump-xi-putin-meeting-shenzhen-china
13. TIME. (2026). Xi, Trump, and Putin Summit Makes History but Not Much Else.https://time.com/article/2026/11/19/xi-trump-putin-summit-history-optics-substance/
14. Stockholm International Peace Research Institute (SIPRI). (2026). Nuclear Forces Data & Global Security Assessments.
15. European Council on Foreign Relations (ECFR). (2026). European Foreign Policy & Strategic Autonomy Assessments.
16. German Institute for International and Security Affairs (SWP). (2026). European Security and Berlin Diplomatic Consultations.
17. Centre for European Policy Studies (CEPS). (2026). EU-China Relations and De-risking Policy.
18. Chinese Academy of Social Sciences (CASS), Center for China and Globalization (CCG), China Institutes of Contemporary International Relations (CICIR), & Shanghai Institutes for International Studies (SIIS). (2026). Chinese Strategic Outlooks on Multipolarity and Nuclear Policy. http://cssn.cn | http://en.ccg.org.cn | http://www.cicir.ac.cn | https://www.siis.org.cn
19. Institute of World Economy and International Relations (IMEMO). (2026). Russian Foreign Policy and Trans-Atlantic Dynamics.
بڵاوکردنەوە