جورف ئەلسەخر، تاقیکردنەوەی سەروەریی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی ئابووریی سێبەر لە عێراقدا

19 تشرینی دووەم 2026

پوختە

لەم شیکردنەوەیەدا تایبەت بەقەیرانی جورف ئەلسەخر هەوڵدەدەین بگەینە ئەم دەرئەنجامە سەرەکییانە:

·  جورف ئەلسەخر بووەتە خاڵی بەیەکگەیشتنی هەموو گرێکوێرەکان، کە تێیدا بایەخی جوگرافی، مێژووی ململانێیەکان، قاچاخچێتیی نەوت، ئابووریی سێبەر و ململانێی ستراتیجیی نێوان واشنتن و تاران یەکتر دەبڕن.

·   هەنگاوە یەکلاکەرەوەکانی حکومەتەکەی عەلی ئەلزەیدی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە و بڕینی شادەماری دارایی گروپە چەکدارەکان، رەنگدانەوەی ململانێیەکی قووڵە لەنێو ماڵی شیعە کە لایەکیان دەیەوێت عێراق دەوڵەتێکی بەهێزی دامەزراوەیی خاوەن سەروەری بێت و لایەنەکەی تر دەیەوێت عیراق بەلاوازی بمێنێتەوە و پەلکێشی قەیرانەکانی ناوچەکەی بکات.

·   بڕیارەکانی حکومەتی عێراق یەکەم هەنگاوی وردە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی قوڵ و ئابووریی سێبەر و دزینی نەوت لە بۆرییە ستراتیجییەکان و سپییکردنەوەی داهاتەکەی لە رێگەی کۆمپانیا رووکەشەکانەوە، ئەمەش بەئامانجی بەهێزکردنی رۆڵی دامەزراوەکان و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات.

·   ئەم قەیرانە عێراقی خستووەتە نێوان دوو بەرداش، کە لە لایەکەوە فشارەکانی ئەمریکا(بەتایبەت سزاکانی بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکان) و لەلایەکی تریشەوە ئێران، تاران لە رێگەی ئیسماعیل قائانییەوە هەوڵی پاراستنی هەژمونی خۆی و رێگریی لە شەڕی ناوخۆیی شیعە دەدات.

·   سەرەڕای گوتاری توند و رەتکردنەوەی کشانەوە لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە، سیناریۆی پاشەکشەی رێکخراو و جێگیرکردنی هێزی هاوبەش(پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی وزە و هێزە فەرمییەکانی حەشدی شەعبی) بە نزیکتریین و گونجاوتریین دەرچە دادەنرێت بۆ پاراستنی شکۆی دەوڵەت و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی خوێناوی.

پێشەکی

لە تشرینی دووەمی 2026، زنجیرەیەک بڕیاری یەکلاکەرەوەی عەلی ئەلزەیدی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بۆ سزادانی بەرپرسە تێوەگلاوەکان و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، دۆسیەی ناحیەی جورف ئەلسەخری (جرف الصخر) یان(جورف ئەلنەسر) لە قۆناغی چاوپۆشیی سیاسییەوە گواستەوە بۆ لێواری بەرکەوتنی سەربازیی. 

ئەم قەیرانە لوتکەی ململانێی نێوان مۆدێلی(دەوڵەتی دامەزراوەیی خاوەن سەروەریی) و مۆدێلی(گروپی چەکداری خاوەن هەژموون)ـە؛ هاوکات گۆڕەپانی بەیەکگەیشتنی فشارەکانی ئەمریکایە بۆ وشککردنی سەرچاوەی دارایی ئەو گروپانە، لەگەڵ نێوەندگیرییە بەپەلەکانی تاران بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی و هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگریی لە تەقینەوەی ناوخۆیی.

جورف ئەلسەخر کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل و خاڵی بەیەکگەیشتنی ستراتیجی نێوان بەغدا، ئەنبار و کەربەلایە، لە دوای ساڵی 2014ـەوە وەک ناوچەیەکی سەربازیی داخراو لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ماوەتەوە. ئەم دابڕانە جوگرافییە ژینگەیەکی لەباری رەخساندووە بۆ گەشەکردنی ئابوورییەکی سێبەری زەبەلاح و تاڵانکردنی نەوتی خاو، کە هێز و داهاتێک زۆری بە کەتائیبی حیزبوڵڵا بەخشیوە.

سەرەڕای ئەوەی کەتائیبی حیزبوڵڵا بە ئاشکرا کشانەوە رەتدەکاتەوە، بەڵام هاوکێشە مەیدانی و هەرێمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سیناریۆی رێککەوتن و کشانەوەی بێدەنگ، واقیعیترین دەرچەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕی ناوخۆیی و گێڕانەوەی سەروەریی بۆ ناوچەکە. 

لەم شیکارییەدا، تەواوی رەهەندەکانی ئەم دۆسییە ئاڵۆزە لە رووی مێژوویی، جوگرافی، میکانیزمەکانی ئابووریی سێبەر، بڕیارە حکومییەکان، رۆڵی زلهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، دۆسییەی ئاوارەکان و سیناریۆکانی داهاتووەوە دەخەینەڕوو.

1. مێژووی جورف ئەلسەخر

مێژووی هاوچەرخی جورف ئەلسەخر دابەش دەبێت بۆ چەند قۆناغێک:

- پێش 2003: ناوچەیەکی کشتوکاڵی فراوان بوو، زۆربەی دانیشتووانەکەی سوننە بوون، لە ساڵی 1925 بە فەرمی بووە ناحیە و رووبەرەکەی نزیکەی 650 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. ناوچەکە بە ژمارەیەک کەرتی کشتوکاڵیی گرنگ ناسراوە کە بریتین لە: باج، حوجەیر، فارسییە، روەیعییە، سنێدیج و هۆر حوسێن. زۆربەی دانیشتوانەکەی لەهۆزی جەنابین و بەهۆی نزیکی لە بەغدا و گرنگی پێگەکەی بەردەوام لە لایەن رژێمی پێشووە گرنگی تایبەتی پێدراوە و کۆنتڕۆڵکراوە.

- دوای 2003: ناوچەکە بووە یەکێک لە قەڵا سەرەکییەکانی پاشماوەکانی رژێمی پێشووی عێراق و  پاشان گروپەکانی(وەک قاعیدە و دواتر داعش). لەسەرەتاکانی رووخانی رژێم ئەم ناوچەیە یەکێک بوو لە مەترسیدارترین ناوچەکانی عێراق کە کوشتن و رفاندن و شەڕی تائیفی تێیدا تەشەنەی سەند، تەنانەت بە سێگۆشەی مەرگ ناوبانگی پەیداکردبوو.

- ئازادکردنی 2014: لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014دا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هاوکاریی فراوانی حەشدی شەعبی (بەتایبەت کەتائیبی حیزبوڵڵا) ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیان ئەنجامدا بە ناوی "عاشوورا" و ناوچەکەیان لە داعش پاککردەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا، ناوچەکە بووەتە ناوچەیەکی سەربازیی داخراو و دانیشتووانە رەسەنەکەی (سوننە) نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. 

ئامارێکی فەرمی بۆ ژمارەی ئاوارەکانی جورف ئەلسەخر نییە، بەڵام خەمڵاندنە نێودەوڵەتی و حکومییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە لەنێوان 83 بۆ 150 هەزار کەس (نزیکەی 6000 بۆ 7500 خێزان) لە دانیشتووانی ناوچەکە لە ساڵی 2014ـەوە ئاوارەن و ڕێگەی گەڕانەوەیان پێنادرێت.

2. پێگەی جوگرافی و ستراتیجی

ا. هەڵکەوتە و سنوورە جوگرافییەکان

 ناوچەکە دەکەوێتە دووریی نزیکەی 60  کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەغدا و تەنیا13  کیلۆمەتر لە باکووری قەزای موسەییەب.  جورف ئەلسەخر دەکەوێتە سەر کەناری رۆژئاوای رووباری فورات و پردی ستراتیجیی فازڵییە(پردی جورف ئەلسەخر) بە ناوچەی یوسفییە و پشتێنەی بەغداوە دەبەستێتەوە.

 هەروەک چۆن زەوی ناوچەکە تۆپۆگرافیای ئاڵۆزی هەیە و بە چڕیی باخە خورماکان، دارستان، جۆگە ئاوییەکان و زۆنگاوەکان ناسراون. ئەم سروشتە وایکردووە جووڵەی سەربازی تێیدا سەخت بێت و ببێتە پەناگەیەکی سروشتیی پارێزراو بۆ هەر هێزێک کە کۆنترۆڵی بکات. 

ب. بایەخی سەربازی و ئەمنی

 جورف ئەلسەخر وەک دەروازەیەکە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور (بابل، کەربەلا، نەجەف) هەروەها بە پارێزگای ئەنبار و رۆژئاوای عێراقەوە بەستراوەتەوە، هەر هێزێک بتوانێت ئەم ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکات، دەتوانێت هاتوچۆی نێوان ئەم ناوچانە ببڕێت یان کۆنترۆڵیان بکات.

قووڵایی ستراتیجی بۆ بەغدا و کەربەلا، بەهۆی نزیکییەوە لە هەردوو شاری بەغدا و کەربەلا، ئەم ناوچەیە بە قەڵغانێکی ئەمنی دادەنرێت. لە رابردوودا کاتێک داعش کۆنترۆڵی کردبوو، هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بوو بۆ سەر پایتەخت و کاروانی زیارەتکارانی کەربەلا. هەروەها لە رووی سەربازییەوە بە باڵی رۆژهەڵاتی شاری فەلوجە دادەنرێت و رێڕەوێکی وشکانیی گرنگە بەرەو سنوورەکانی سوریا و ئوردن لە رێگەی بیابانی ئەنبارەوە.

3. تۆڕی بۆرییە ستراتیجییەکان

جورف ئەلسەخر دەکەوێتە سەر رێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی بۆرییە نەوتییەکان، سنووری جورف ئەلسەخر و دەوروبەری خاڵی تێپەڕبوونی هێڵە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانە(وەک هێڵی ستراتیجیی بەسرە - حەدیسە و لقەکانی بەرەو پاڵاوگەی دۆرە لە بەغدا و وێستگەکانی کارەبای موسەییەب). هەر پچڕان یان دەستکاریکردنێکی ئەم بۆرییانە راستەوخۆ کاریگەریی دەکاتە سەر دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پایتەخت و کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوەڕاستی عێراقدا.

4. بەقاچاخبردنی نەوت و ئابووریی سێبەر

بەقاچاخبردنی نەوت لە عێراقدا، یەکێکە لە هەرە ئاڵۆزترین تۆڕە دارایی و ئەمنییەکان کە لە دەرەوەی دەوڵەت و بازنەی بودجە، یاسا و چاودێریی دامەزراوە فەرمییەکان کار دەکات. دۆسیەی جورف ئەلسەخر، بووەتە دیارترین و زیندووترین نموونەی بەقاچاخبردنی نەوت و تێکەڵبوونی هەژموونی سەربازیی و بازرگانی و خۆ دەوڵەمەندکردن و دروستکردنی ئابوری سێبەر.

بەپێی بەڵگەنامە و راپۆرتەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی و ئەمنیی عێراق لە تشرینی دووەمی 2026، دەرکەوتووە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەکە، ناوچە داخراوەکان وەک کارگە و رێڕەو بۆ تاڵانکردنی نەوتی خاو و دابینکردنی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ بۆ هێزە نافەرمییەکان بەکاردەهێنرێن. ئەم دیاردەیە لە چوار تەوەری سەرەکیدا شیکاری دەکرێت:

أ. میکانیزمی بردنی نەوت لە جورف ئەلسەخر

لێکۆڵینەوە وردەکانی لیژنەی هاوبەشی پەرلەمانی و ئەمنیی عێراق (تشینی دووەمی 2026) و داتا تەکنیکییەکانی وەزارەتی نەوت و پۆلیسی وزە، پەردەیان لەسەر شێوازی کارکردنی ئەم تۆڕە هەڵماڵی بەم رێگایانە:

·         کونکردنی بۆری نەوت: بە پشتبەستن بە وێنەی ئاسمانیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و کامێرای گەرمی(حەراری)، ئەوە سەلمێنراوە کە بۆرییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوت لەناوچەی جورف ئەلسەخر کونکراوە کە نەوت لە کێڵگەکانی باشوورەوە بەرەو ناوەڕاستی عێراق دەگوازێتەوە، دواتر بە شێوەیەکی شارەزاییانە و بە نهێنی هەوڵی شاردنەوەی شوێنەوارەکانیان دراوە.

·         پاڵاوگەی نایاسایی و کۆگاکانی گلدانەوە: لە ئەنجامی پشکنینی شەش پێگەی دیاریکراو لە ناوچەکەدا، دەستبەسەر دوو پاڵاوگەی نایاسایی و چەندین تانکیی زەبەلاحی کۆکردنەوەی نەوتدا گیراوە، کە بە شێوەیەکی سەرەتایی نەوتە دزراوەکەیان جیاکردووەتەوە و ئامادەیان کردووە بۆ فرۆشتن.

·         تۆڕی گواستنەوە و تانکەرەکان: بەپێی دۆسیە هەواڵگرییەکان و راپۆرتەکانی پۆلیسی نەوت نزیکەی 25 تانکەری گەورە(هەریەکەیان بە توانای هەڵگرتنی 36 هەزار لیتر) بە شێوەیەکی رێکخراو و بەردەوام نەوتە قاچاخەکەیان لە رێگەی سێ رێڕەوی سەرەکییەوە(لەوانە رێگای بەغدا – بابل و رێڕەوی عامرییەی فەلوجە – حەبانییە) بەرەو بازاڕە رەشەکان و شوێنەکانی ساغکردنەوە گواستووەتەوە.

·         تۆڕەکانی قاچاخچێتی: راپۆرتە هەواڵگریی و ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە و دەروازەکانی دەوربەری بۆ قاچاخچێتیی نەوت بەکاردێن. نەوتەکە لە کێڵگەکان یان هێڵە فەرمییەکان دەدزرێت و لەڕێگەی بارهەڵگر و تۆڕە شاراوەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی ناوچەکە، یان بۆ مەبەستی بازرگانیی ناوخۆیی و دەرەکی.

·         دابینکردنی دارایی بۆ هێزە نافەرمییەکان: ئەم داهاتە نەوتییە زەبەلاحە بوەتە سەرچاوەیەکی دارایی سەربەخۆ بۆ ئەو گروپە چەکدارانەی کە ناوچەکەیان بەدەستەوەیە بەتایبەتیش کەتائیبی حیزبوڵڵا، بەمەش جۆرێک لە سەربەخۆیی ئابوورییان بۆ خۆیان دروستکردووە، بەشێوەیەک بتوانن ملکەچی بڕیارەکانی دەوڵەت نەبن و لە رێگەی ئەو داهاتەوە خۆیان بەهێز بکەن و خەڵک و چەکدار لەخۆیان کۆبکەنەوە.  

ب. میکانیزمی سپیکردنەوەی داهات 

·         تێکەڵکردنی نەوتی دزراو: تۆڕەکان بەشێک لە نەوتە دزراوەکە تێکەڵ بەو نەوتە فەرمییە دەکەن کە مۆڵەتی گواستنەوەی هەیە، یان لە رێگەی نووسراو و مۆری ساختەوە وەک بەرهەمی پاڵاوگە مۆڵەتپێدراوەکان بە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەی دەفرۆشن.

·         کۆمپانیا رووکەشەکان: داهاتی ملیۆنان دۆلاری ئەم قاچاخچێتییە دەخرێتە نێو کۆمپانیاکانی بەڵێندەرایەتی، گواستنەوە و بازرگانیی گشتییەوە، تا لە رێگەی گرێبەستە حکومییەکانەوە شەرعییەتی یاسایی پێبدرێت و سپی بکرێتەوە.

·         پارەدارکردنی سەربەخۆ: ئەم سیستمە داراییە سەربەخۆیە وایکردووە هێزە نافەرمییەکان پێویستیان بە بودجەی گشتیی دەوڵەت نەبێت بۆ دابینکردنی مووچە، چەک و بەهێزکردنی هەژموونی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان.

5. بڕیارەکانی عەلی ئەلزەیدی تایبەت بۆ دۆسیەی جورف ئەلسەخر

دوای ئاشکرابوونی قەبارەی زەبەلاحی ئابووریی سێبەر و تۆڕەکانی دزینی نەوت، دۆسیەی جورف ئەلسەخر (جورف ئەلنەسر) لە قۆناغی چاوپۆشییەوە چووە نێو قۆناغی بڕیار و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەرۆک وەزیرانی عێراق و گروپە چەکدارەکان. 

لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی 2026، عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، زنجیرەیەک بڕیاری کارگێڕیی، دادوەریی و سەربازیی یەکلاکەرەوەی دەرکرد بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و گێڕانەوەی سەروەریی دەوڵەت بۆ ناوچەکە لە گرنگترینیان:

ا. رێکارە کارگێڕییەکان

·         لەسەرکارلادانی 9 بەرپرسی باڵا: لە 14ـی تشرینی دووەمی 2026 سەرۆکوەزیران بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی 9 بەرپرسی باڵای ئەمنی، هەواڵگریی، سەربازیی و نەوتی لە پارێزگای بابل، بەپێی لێکۆڵینەوەکان کەمتەرخەم بوون یان تێوەگلابوون لە ئاسانکاریی و دابینکردنی چەتری ئەمنی بۆ تێپەڕبوونی تانکەرە قاچاخەکان.

·         رەوانەکردن بۆ دەسەڵاتی دادوەریی: زەیدی تەنها بە دوورخستنەوەی کارگێڕیی نەوەستا، بەڵکو فەرمانی دەرکرد بە رەوانەکردنی سەرجەم بەرپرسە دوورخراوەکان و تۆمەتباران بۆ بەردەم دادگای لێکۆڵینەوە، تا بە تۆمەتی تێکدانی ئابووریی نیشتمانی و گەندەڵی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

·         فراوانکردنی بازنەی لێکۆڵینەوەکان: فەرمانیدا بە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گشتگیری لێکۆڵینەوە لە سەرجەم دۆسییە گوماناوییەکانی قاچاخچێتیی نەوت لە پارێزگاکانی تری عێراقدا، بەمەش جورف ئەلسەخر بووە خاڵی دەستپێک و تاقیکردنەوەی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە.

ب. رێکارە سەربازی و مەیدانییەکان 

·         گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی: بڕیاری فەرمی درا بە چوونەناوەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق و پۆلیسی فیدراڵی بۆ نێو ناحیەی جورف ئەلسەخر، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی لە دەستی گروپە چەکدارە نافەرمییەکان و سپاردنی بە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت.

·         دانانی مۆڵەتی کۆتایی(دوا مۆڵەت): ئەلزەیدی مۆڵەتێکی دیاریکراوی (تا رۆژی هەینی) دایە کەتائیبی حیزبوڵڵا بۆ چۆڵکردنی تەواوەتیی ناوچەکە و رادەستکردنی بە هێزە فەرمییەکان، هاوکات هۆشداریی توندیدا لە ئەگەری پابەندنەبووندا، هێزی سەربازی بۆ "پاککردنەوەی" ناوچەکە بەکاردەهێنرێت.

·         گەمارۆدانی توندوتۆڵی ناوچەکە: بۆ رێگرییکردن لە هەر جموجۆڵێکی پێچەوانە یان دزەکردنی تانکەر و چەکدارەکان، هێزێکی گەورە و هاوبەش لە سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی و دەزگای دژەتیرۆر لە دەوروبەری ناحیەکە بڵاوەیان پێکرا و سەرجەم رێڕەوەکانی هاتوچۆ بە بەربەستی کۆنکرێتی داخران.

ج. گۆڕانکاریی لە هێزەکاندا:

دوایین پێشهاتدا، رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاریدا بە جێگۆڕکێ و دابەشکردنی ئەرکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە جورف ئەلسەخر.

بەپێی نوسراوەکەی نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، بڕیاریدا بە دابەشکردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە ناوچەی جورف ئەلسەخر، بەمشێوەیە: 

وەزارەتی بەرگری: لیوی 38 لە فیرقەی  10ئەرکی پاراستنی ناوچەی ساتر و تا فازلییەیان لە ئەستۆ بێت تا سنوری فەرماندەیی پرۆسەکانی ئەنبار.

وەزارەتی ناوخۆ: لیوای 17 پۆلیسی فیدراڵی، ناوەندی ناحیەی جورف ئەلنەسر (جورف ئەلسەخر) لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات تا رێگای سەرەکی (موسەییەب- فازڵییە) لە رۆژئاواوە.

دەستەی حەشدی شەعبی: لیواکانی 72 و 79، رێگای سەرەکی (موسەییەب- فازڵییە) لە رۆژهەڵاتەوە تا سنوری دەسەڵاتی فەرماندەیی پرۆسەکانی کەربەلا.

پۆلیسی وزە: فەوجێکی پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوتی ناوچەکە دەگرێتە دەست.

خاڵەکانی پشکنین: پۆلیسی بابل لە کەرتی فازڵییە بە ئاراستەی قەزای موسەییەب لە ئەستۆ دەگرێت. خاڵەکانی کۆنترۆڵ و پشکنینی دیکە لە سنوری قەزای عامریەی فەلوجە لە ئەستۆی پۆلیسی ئەنبار دەبێت.

کردنەوەی رێگەی سەرەکی بە ئاراستەی (موسەییەب- بەهبەهانی- فازڵیە- عامریەی فەلوجە) بە رووی هاتوچۆدا.

هێزی یەدەگ: فوجێکی یەکەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سەربازگەی حامییە جێگیر دەکرێن وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بۆ چارەسەر هەر کێشە یان دۆخێکی لە ناکاو.

ئەم هەنگاوانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق تەنها ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی ئاسایی نین، بەڵکو دەکرێت وەک گۆڕانکارییەکی سەرەکی لە سیاسەتی ناوخۆی عێراقدا سەیر بکرێت، کە سێ ئامانجی سەرەکی لێ دەخوێندرێنەوە:

1.  وشککردنی سەرچاوەی داهات: بڕیارەکان ڕاستەوخۆ ئەو میکانیزمە داراییە سەربەخۆیە دەکەنە ئامانج کە بۆ زیاتر لە 10 ساڵ بوو وایکردبوو هێزە چەکدارەکان پێویستیان بە بودجەی دەوڵەت نەبێت. گەمارۆدانی جورف ئەلسەخر و کۆنترۆڵکردنەوەی بۆرییەکان، داهاتی ملیۆنان دۆلاری رۆژانەی ئەم گروپانە دەبڕێت و ناچاریان دەکات ملکەچی بڕیارە دارایی و سیاسییەکانی بەغدا ببن.

2. شکاندنی تۆڕەکانی گەندەڵی: دوورخستنەوەی 9 بەرپرسی باڵا لە یەک کاتدا پەیامێکی روونە کە(چەتری پاراستنی کارگێڕیی) چیتر ناتوانێت قاچاخچییەکان بپارێزێت. ئەمە هەوڵێکە بۆ پاککردنەوەی جومگە هەستیارەکانی وەزارەتی نەوت و دەزگا ئەمنییەکان لەو کەسانەی کە وەک پردێک لە نێوان ئابووریی سێبەر و دامەزراوە فەرمییەکاندا کاریان دەکرد.

3. تاقیکردنەوەی سەروەریی دەوڵەت بەرامبەر میلیشیاکان: دیاریکردنی دوا مۆڵەت بۆ گروپێکی چەکداری بەهێزی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا لە ناوچەیەک کە بە قەڵای سەرەکییان دادەنرا، تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئیرادەی دەوڵەت. سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە دەبێتە پێشینەیەکی یاسایی و سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی(ناوچە داخراوەکان) لە سەرتاسەری عێراقدا و رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانە ئاوارەکەی جورف ئەلسەخر.

6. رۆڵ و هەڵوێستیی ئەمریکا 

دۆسیەی جورف ئەلسەخر تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، بەتایبەت سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە هەژموونی ئێران و گروپە چەکدارەکان لە عێراقدا. بەتایبەتیش پاش کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و بەردەوامی گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران و داخستنی گەرووی هورمزەوە. 

لەم قۆناغەدا، جووڵە سیاسی و سەربازییەکانی حکومەتی عێراق لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا پەیوەستن بە ئەمریکاوە: 

ا. چوارچێوەی گشتیی فشارە سیاسییەکان: بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکانی هەواڵی جیهانی (وەک ئەلجەزیرە و ئەسۆشیەیتد پرێس)، هەنگاوە یەکلاکەرەوەکانی عەلی ئەلزەیدی هاوکاتە لەگەڵ فشارە بەردەوامەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و هاوپەیمانە کەنداوییەکانی بۆ سەر حکومەتی عێراق. ئامانجی سەرەکیی ئەم فشارانە بریتین لە:

· سنوردارکردن و کەمکردنەوەی هەژموونی ستراتیجیی ئێران لە عێراقدا.

·رێگریکردن لە هاوکاریی گروپە چەکدارەکان بۆ ئێران و هێرشکردنە سەر دەوڵەتانی درواسێ و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

· ناچارکردنی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی سەرجەم جومگەکانی هێز بۆ ژێر چەتری دەوڵەت.

ب. تێکەڵکردنی دۆسیەکە بە سزاکانی نەوت و دارایی

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێشتر زنجیرەیەک سزای توندی بەسەر چەندین تۆڕی بازرگانی، کۆمپانیا و بەرپرسی تێوەگلاودا سەپاندبوو بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق بە مەبەستی دابینکردنی دارایی بۆ گروپە چەکدارە نزیکەکان لە ئێران. لە روانگەی واشنتنەوە، ئابووریی سێبەر و دزینی نەوت لە جورف ئەلسەخرەوە شادەماری دارایی ئەو گروپانە پێکدەهێنێت؛ هەر بۆیە، واشنتن هەنگاوەکەی ئەلزەیدی لە جورف ئەلسەخر بە هەنگاوێکی هاوتەریب و زۆر پێویست دەبینێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی (وشککردنی سەرچاوە داراییە نایاساییەکان).

ج. بێدەنگیی ئەمریکا

سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا بە ئاشکرا پشتگیریی سیاسی و لۆجستیی خۆی بۆ بەرنامەی حکومەت لەپێناو قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەربڕیوە، بەڵام هیچ دەستوەردانێکی سەربازیی راستەوخۆی لە دۆسیەی جورف ئەلسەخردا نەکردووە. هۆکاری ئەم بێدەنگییە مەیدانییە دەگەڕێتەوە بۆ:

·  رێگریکردن لە پێدانی هیچ بیانوویەک بە دەست گروپە چەکدارەکانەوە تا نەتوانن دەستوەردانی ئەمریکا بقۆزنەوە بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی واشنتن، یان تێکدانی هەوڵەکانی خودی حکومەتی عێراق و هاوکاریی لەنێوان هەردوو لادا.

·  هێشتنەوەی دۆسیەکە وەک تاقیکردنەوەیەکی ناوخۆیی بۆ سەروەریی و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە یەکخستنەوەی بڕیاری سەربازیدا.

7. رۆڵی ئێران

ئێران، بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە قەیرانی جورف ئەلسەخرەوە هەیە، لەلایەکەوە دەیەوێت هێز و هەژموونی خۆی و گروپە چەکدارە نزیکەکانی لە عێراق بپارێزێت، لە لایەکی تریشەوە دەیەوێت رێگریی بکات لە هەڵگیرساندنی پێکدادانی چەکداریی لە نێوان حکومەتی عێراق و کەتائیبی حیزبوڵڵا. بەتایبەتیش دوای ئەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی نەیانتوانی بە تەنها تەنگژەکە کۆنترۆڵ بکەن، تاران بە فەرمی هاتە سەر هێڵ تا رێگریی لە تەقینەوەی دۆخەکە و لێکترازانی نێو ماڵی شیعە بکات.

بۆ ئەم مەبەستەش، شەوی دووشەممە (16ـی تشرینی دووەمی 2026)، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، گەیشتە نەجەف و دواتر بەغدا. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، قائانی لەسەر راسپاردەی راستەوخۆی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، گەیشتووەتە عێراق بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا و یەکلاکەرەوە پێش تەواوبوونی دوا مۆڵەتەکەی حکومەت.

قائانی دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و فەرماندەی گروپە چەکدارەکان، دواتریش کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، چارەسەرێکی مامناوەندی پێشکەش کردووە ئەویش: کشانەوەی رێکخراو و بێدەنگی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە ناوچەکە، لە بەرامبەر جێگیرکردنی هێزێکی هاوبەش لە دەستەی حەشدی شەعبی (بە شێوەی فەرمی) و هێزە ئەمنییەکانی عێراق. ئەم پێشنیازە ئامانجی ئەوەیە لە یەک کاتدا دەسەڵات و شکۆی دەوڵەت بسەپێنرێت و رێگرییش لە شکاندنی تەواوەتیی پێگەی گروپە چەکدارەکان بکرێت. بەڵام تا کاتی نوسینی ئەم شیکارییە پێشنیازەکەی قائانی قبوڵ نەکراوە و بەتایبەتیش حیزبوڵڵا رەتیدەکاتەوە ناوچەکە بەجێبهێڵێت.

پاڵنەرە ستراتیجییەکانی تاران 

- پاراستنی هەژموونی ئێران لە عێراق: تاران دەستبردن بۆ هاوپەیمانەکانی بە (هێڵی سوور) دەزانێت، چونکە بەشێکن لە هێز و هەژموونی ئێران و بەرەی مقاوەمە لەناوچەکە، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئەم هەژموونە تاران وەک هەڕەشەی دەبینێت بۆ سەر ئاسایشی خۆی.

- رێگریی لە شەڕی ناوخۆیی شیعە: تاران مەترسیی ئەوەی هەیە هەر پێکدادانێکی سەربازیی لە نێوان سوپای عێراق و کەتائیبی حیزبوڵڵا ببێتە هۆی دابەشبوونێکی قووڵ و هەڵوەشانەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە ئەمەش گورزێکی کوشندە دەبێت لە هەژموونی سیاسیی ئێران لە بەغدا.

- پاراستنی سەقامگیریی حکومەتەکەی ئەلزەیدی: سەرکردەکانی نزیک لە تاران درک بەوە دەکەن کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی و فشارێکی نێودەوڵەتیی گەورەدایە(بەتایبەت لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە) بۆیە ئێران نایەوێت حکومەتی بەغداد بڕوخێت یان تووشی پشێوییەکی ئەمنیی کۆنترۆڵ نەکراو ببێتەوە، بەڵکو پێی باشترە لە رێگەی سازشێکی تاکتیکییەوە تەنگژەکە هێور بکاتەوە.

8. هەڵوێستی کەتائیبی حیزبوڵڵا 

سەرەڕای هۆشدارییە توندەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و جووڵە دیپلۆماسییە بەپەلەکانی تاران، هەڵوێستی مەیدانیی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە نێو جورف ئەلسەخردا پێداگرییە لەسەر مانەوە و رەتکردنەوەی رادەستکردنی تەواوەتیی ناوچەکە. 

کەتائیبی حیزبوڵڵا پێشنیازێکی مامناوەند و سنوورداریان خستووەتەڕوو کە ئامانج لێی هێورکردنەوەی گوشارەکانە بێ ئەوەی دەسەڵات لەدەست بدەن:

-  پێشنیازیان کردووە کە تەنیا ئەرکی پاراستن و چاودێریکردنی هێڵ و بۆرییە نەوتییەکان رادەستی پۆلیسی نەوتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بکرێت.

- ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هەڵکەندن و دەرخستنی هەردوو لای بۆرییە نەوتییەکان بە درێژایی سنوورەکە، وەک هەوڵێک بۆ رەتکردنەوەی تۆمەتەکانی کونکردنی بۆری و بەقاچاخبردنی نەوت لەلایەن هێزەکانیانەوە.

-مەرجی سەرەکییان لەم پێشنیازەدا ئەوەیە، هێزە سەربازییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا بمێننەوە و دۆسیەی ئەمنی و جوگرافیی گشتیی جورف ئەلسەخر هەر لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بمێنێتەوە.

دەتوانرێت ئەم هەڵوێستەی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە چەند رەهەندێکی سەرەکییەوە شیکاری بۆ بکرێت:

ا. رەهەندی سەربازیی: بۆ کەتائیبی حیزبوڵڵا، جورف ئەلسەخر تەنیا سەربازگەیەک یان ناوچەیەک نییە، بەڵکو چەقی قورسایی سەربازییەتی لە ناوەڕاستی عێراقدا. کە کۆنترۆڵکردنی سێگۆشەی بەغدا - کەربەلا – ئەنبارە و مانەوە لەم ناوچەیەدا باڵادەستییان پێدەبەخشێت بەسەر رێڕەوەکانی گەیشتن بە پایتەخت و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور. کشانەوە لێی بە واتای لەدەستدانی ئەو کارتە فشارە سەربازییەیە کە دەتوانن لە کاتی قەیرانە سیاسییەکاندا دژی حکومەتی بەغدا بەکاریبهێنن.

هەروەها، مانەوە لەم ناوچەیە پاراستنی رێڕەوێکی لۆجستی گرنگە، کە دەروازەیەکی وشکانیی بێ چاودێرییە بەرەو بیابانی ئەنبار و سنوورەکانی سوریا. رادەستکردنی بە هێزە فەرمییەکان، بە مانای پچڕانی دەماری پەیوەندیی لۆجستی و سەربازییان دێت لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی عێراق.

ب. رەهەندی ئابووریی و تەکنیکی: ئەو گروپە دەزانن بەهۆی چاودێریی چڕی درۆن و فشارەکانی ئەمریکاوە، چیتر ناتوانن بە ئاسانیی و بەو قەبارە گەورەیەی پێشوو نەوت لەو بۆرییانە ببەن. بۆیە بە دەستبەرداربوون لە بۆرییەکان، دەیانەوێت سەرنجە نێودەوڵەتی و حکومییەکان لەسەر خۆیان لاببەن، بەڵام ناوچەکە بە داخراوی بهێڵنەوە بۆ چالاکیی ئابووریی تر (وەک کشتوکاڵی بەپێز، بازرگانیی قاچاخ، یان بەکارهێنانی وەک کۆگای سەربازیی).

ج. رەهەندی سیاسی و رەمزی: لە روانگەی کەتائیبی حیزبوڵڵاوە کشانەوە لە جورف ئەلسەخر لەژێر فشاری عەلی ئەلزەیدیدا، وەک ملکەچبوونی راستەوخۆ بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەخوێندرێتەوە. ئەمەش گورزێکی کوشندە دەبێت لەو وێنە ئایدیۆلۆژییەی کە وەک "بەرەی مقاوەمە" بۆ لایەنگرانیان کێشاویانە.

9. سیناریۆکان و چارەنووسی قەیرانی جورف ئەلسەخر

قەیرانی جورف ئەلسەخر لە ئێستادا گەیشتووەتە خاڵێکی یەکلاکەرەوە، لەبەردەم سێ سیناریۆی سەرەکیدا کە داهاتووی ناوچەکە، ئابووریی عێراق و هاوسەنگیی هێز لە نێوان دەوڵەت و گروپە نافەرمییەکاندا دیاری دەکەن. لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە زەمەنییەی کە عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیران دیاریکردووە(رۆژی هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026) و هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵە دیپلۆماسی و نێوەندگیرییەکانی ئێران، ئەگەرەکانی داهاتوو بەم شێوەیە پۆلێن دەکرێن:

سیناریۆی یەکەم: رێککەوتن و پاشەکشەی بێدەنگ 

بەپێی ئەم سیناریۆیە، بەهۆی پێداگریی سەرۆکوەزیران و لەژێر فشاری راستەوخۆی ئیسماعیل قائانی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، کەتائیبی حیزبوڵڵا رازی دەبێت بە کشانەوەیەکی بێدەنگ لە پێگە سەرەکییەکانی جورف ئەلسەخر و رادەستکردنیان بە هێزێکی هاوبەش لە دەستەی حەشدی شەعبی (بە شێوەی فەرمی) و هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت (پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی نەوت).

ئەگەری روودانی ئەم سیناریۆیە بەهێزە، چونکە دەبێتە چارەسەرێکی مامناوەند بۆ هەردوولا و خۆبەدوورگرتن لە جەنگ و قەیران. حکومەت سەرکەوتنێکی سیاسی و ئەمنی لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی بۆرییە نەوتییەکان رادەگەیەنێت، ئێرانیش دەتوانێت هاوسەنگیی نێو ماڵی شیعە بپارێزێت.

هەروەها، رەنگە ئەم سیناریۆیە دەرچوونێکی سەلامەت بێت بۆ فەرماندەکانی حیزبوڵڵا و داخستنی دۆسیەی لێپێچینەوەی یاسایی لێیان، کە پرۆسەکە وەک (ئاڵوگۆڕی ئاسایی هێز) پیشان بدرێت بۆ ئەوەی شکۆی هیچ لایەنێک نەشکێت.

سیناریۆی دووەم: پێکدادانی سەربازیی 

بەپێی ئەم سیناریۆیە، ئەگەر دانوستانەکان تا کۆتایی مۆڵەتەکە شکستبهێنن و باڵە توندڕەوەکانی ناو کەتائیب رەتی بکەنەوە ناوچەکە چۆڵ بکەن، سەرۆکوەزیران فەرمانی چوونەناوەوەی سوپا دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی پێکدادانی چەکداریی راستەوخۆ لە دەوروبەری جورف ئەلسەخردا.

لەم دۆخەدا، ئەگەری هەیە گروپە چەکدارەکان بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر جورف ئەلسەخر، پەنا ببەنە بەر بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوز لە بەغدا بە مووشەک و درۆن، یان داخستنی رێگا ستراتیجییەکانی گواستنەوەی پارێزگاکانی باشوور(وەک پێشتر هەندێک لە فەرماندەکانیان هەڕشەیان دەکرد).

لە حاڵەتی روودانی ئەم سیناریۆیەدا لێکەوتە و دەرئەنجامەکان قورس دەبن و دەبێتە هۆی دروستبوونی درزێکی قووڵ لەنێو ماڵی شیعە و چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەگەری هەڵوەشانەوەی حکومەتەکەی ئەلزەیدی و کەوتنەوەی زیانی گیانی و ماددیی گەورە لە پێگەی ئابووریی و ئەمنیی عێراقدا.

سیناریۆی سێیەم: رێککەوتنی کاتی و رووکەشی

بەپێی ئەم سیناریۆیە، بۆ دوورکەوتنەوە لە تەقینەوەی دۆخەکە و دۆزینەوەی چارەسەر، هەردوولا دەگەنە رێککەوتنێکی کاتی کە تەنها رێڕەوی بۆرییە نەوتییەکان و پاڵاوگە نایاساییەکان رادەستی پۆلیسی نەوت و لیژنە حکومییەکان بکرێن، بەڵام کەتائیبی حیزبوڵڵا بە ناوی لیوا فەرمییەکانی حەشدەوە بەجۆرێک لەجۆرەکان لە ناوچەکەدا بمێننەوە.

ئامانجی لەم سینایۆ و رێککەوتنە کاتییە ئەوەیە  کێشەی قاچاخچێتیی نەوت و مەترسیی سزاکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی چارەسەر دەکرێت، بەڵام دۆسیەی ئەمنیی جورف ئەلسەخر و پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ قۆناغێکی نادیار دوابخرێت.

بۆیە بەپێی ئەم سیناریۆیە، قەیرانەکە بە شێوەیەکی کاتی سڕ دەکرێت بەبێ چارەسەرکردنی ریشەیی، ئەمەش لە داهاتوودا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

بەهۆی ئەوەی نە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت شەڕی ناوخۆیی شیعە رووبدات و حکومەتی بەغدا بڕووخێت، نە عەلی ئەلزەیدی دەتوانێت لە بڕیارە یەکلاکەرەوەکانی پاشگەز ببێتەوە بێ لەدەستدانی قورسایی سیاسیی خۆی، دەکرێت بگوترێت کە سیناریۆی یەکەم (رێککەوتن و پاشەکشەی بێدەنگ) نزیکترین دەرچەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە ئاڵۆزە.

سەرەڕای ئەوەی ئەم سیناریۆیە رەنگە نەتوانێت هەموو ئامانجە ریشەییەکانی دەوڵەت بەدیبهێنێت، بەڵام تاکە پردە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە بەبێ تەقینەوەی دۆخی ئەمنی و تێکچوونی سەقامگیریی سیاسیی عێراق.

کۆتایی

لەم شیکردنەوەیەدا گەیشتینە ئەم دەرەنجامە سەرەکییانە:

·  جورف ئەلسەخر بووەتە خاڵی بەیەکگەیشتنی هەموو گرێکوێرەکان، کە تێیدا بایەخی جوگرافی، مێژووی ململانێیەکان، قاچاخچێتیی نەوت، ئابووریی سێبەر و ململانێی ستراتیجیی نێوان واشنتن و تاران یەکتر دەبڕن.

·هەنگاوە یەکلاکەرەوەکانی حکومەتەکەی عەلی ئەلزەیدی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە و بڕینی شادەماری دارایی گروپە چەکدارەکان، رەنگدانەوەی ململانێیەکی قووڵە لەنێو ماڵی شیعە کە لایەکیان دەیەوێت عێراق دەوڵەتێکی بەهێزی دامەزراوەیی خاوەن سەروەری بێت و لایەنەکەی تر دەیەوێت عیراق بەلاوازی بمێنێتەوە و پەلکێشی قەیرانەکانی ناوچەکەی بکات.

·  بڕیارەکانی حکومەتی عێراق یەکەم هەنگاوی وردە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی قوڵ و ئابووریی سێبەر و دزینی نەوت لە بۆرییە ستراتیجییەکان و سپییکردنەوەی داهاتەکەی لە رێگەی کۆمپانیا رووکەشەکانەوە، ئەمەش بەئامانجی بەهێزکردنی رۆڵی دامەزراوەکان و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات.

· ئەم قەیرانە عێراقی خستووەتە نێوان دوو بەرداش، کە لە لایەکەوە فشارەکانی ئەمریکا(بەتایبەت سزاکانی بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکان) و لەلایەکی تریشەوە ئێران، تاران لە رێگەی ئیسماعیل قائانییەوە هەوڵی پاراستنی هەژمونی خۆی و رێگریی لە شەڕی ناوخۆیی شیعە دەدات.

·  سەرەڕای گوتاری توند و رەتکردنەوەی کشانەوە لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە، سیناریۆی پاشەکشەی رێکخراو و جێگیرکردنی هێزی هاوبەش(پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی وزە و هێزە فەرمییەکانی حەشدی شەعبی) بە نزیکتریین و گونجاوتریین دەرچە دادەنرێت بۆ پاراستنی شکۆی دەوڵەت و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی خوێناوی.

· تاوەکو پرسی گەڕانەوەی دانیشتووانی ناوچەکە(نزیکەی 83 بۆ 150 هەزار کەس) چارەسەر نەکرێت و کۆتایی بە ناوچەی داخراوە نەیەت، جورف ئەلسەخر وەک برینێکی کراوە لە جەستەی سیستمی سیاسی و ئەمنیی عێراقدا دەمێنێتەوە و لە داهاتووشدا دەکرێت ببێتەوە بە خاڵی تەقینەوە.

سەرچاوەکان 

1. بەیاننامە و راگەیەندراوە فەرمییەکان

· نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق. (2026). بەیاننامەی فەرمی سەبارەت بە دوورخستنەوەی بەرپرسانی پارێزگای بابل و دەستپێکردنی رێکارە ئەمنی و یاساییەکان لە ناحیەی جورف ئەلسەخر. بەغدا.

2. راپۆرت 

· لیژنەی هاوبەشی پەرلەمانی و ئەمنیی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت. (2026). راپۆرتی تەکنیکی و هەواڵگریی لەسەر کونکردنی بۆرییە ستراتیجییەکان، پاڵاوگە نایاساییەکان و تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوت. بەغدا.

3. سەرچاوە و راپۆرتە هەواڵییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان

·  ئەلجەزیرە(Al Jazeera). (2026). راپۆرتی مەیدانی و شیکاریی لەسەر لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی عێراق لە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە جورف ئەلسەخر و هەڵوێستی لایەنەکان. دەستکەوتووە لە رێگەی: Al Jazeera Digital Newsroom

· ئەسۆشیەیتد پرێس(Associated Press). (2026). راپۆرت لەسەر فشارەکانی ئیدارەی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینە بۆ سەر عێراق لەبارەی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی گروپە چەکدارەکان. دەستکەوتووە لە رێگەی: Associated Press News

· شەرقولئەوسەت(Asharq Al-Awsat). (2026). راپۆرتی تایبەت لەسەر قەیرانی جورف ئەلسەخر، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران و هەڵوێست و کاردانەوەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا. دەستکەوتووە لە رێگەی: Asharq Al-Awsat Newspaper

·  ئەلحوڕە(Alhurra) & ئەرەب ویکلی(The Arab Weekly). (2026). وردەکاریی سەردانی بەپەلەی ئیسماعیل قائانی بۆ بەغدا و نەجەف و دانوستانە شەوانەکان بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکە. دەستکەوتووە لە رێگەی: The Arab Weekly و Alhurra

· مرۆیی و سەربازیی (Enabling Peace in Iraq Center - EPIC). (2026). راپۆرتی هەفتانەی دۆخی عێراق(ISHM) سەبارەت به پێشهاتەکانی جورف ئەلسەخر و رێکارە ئەمنییەکان. دەستکەوتووە لە رێگەی: EPIC ISHM Report