دامەزراوەی ڤیژن و سەرۆکایەتی کۆماری عێراق تاوتوێی پڕۆژە و کاری هاوبەش دەکەن

18 تشرینی دووەم 2026

په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كان و ئه‌نجامدانى توێژينه‌وه، پرۆژه‌ى هاوبه‌ش به‌تايبه‌ت له‌ بوارى ژينگه‌ و پرۆژه‌ياساى پاڵپشتیی و هاوكاريى دارایی حكوميى بۆ‌ دامه‌زراوه‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌ و توێژينه‌وه‌، ته‌وه‌رى سەرەکیی گفتوگۆيه‌كى نێوان دامەزراوەی ڤیژن و فەرمانگەی توێژینەوەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بوو.

رۆژى چوارشه‌ممه‌، 18ـی تشرینی دووەمی 2026 له‌ شارى به‌غدا، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کۆبووەوە. دامەزراوەی ڤیژن پوختەیەکیان لەبارەی کار و چالاکی و توێژینەوە ستراتیجییەکانی دامەزراوەکە خستەڕوو. هاوکات، پڕۆژەی بەستنی کۆنفرانسێکی تایبەت بە فرەچەشنیی کولتووری لە عێراق، لەگەڵ پڕۆژە ژینگەییەکانی دامەزراوەکە و بەتایبەت دۆسیەی ژینگەی تانجەرۆ تاوتوێکران و وەک بوارێکی گرنگ بۆ کاری هاوبەش پێشنیاز کران.

د.حازم مەحمود نعێمی، سەرۆکی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، جەختی لە رۆڵی گرنگی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژينه‌وه‌ كردەوە لە داڕشتنی سیاسەت و پرۆسەی بڕیاردانی حکومەتدا، دڵنياييدا سه‌رۆكايه‌تيى كۆمار بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕوانێتە کاری ئەم دامەزراوانە.

سەرۆکی فەرمانگەی توێژینەوەکانی سەرۆکایەتی کۆمار ئاشکرای کرد لە ئێستادا کار لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەکرێت بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاریی و پاڵپشتی دارایی حکوميى بە سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە، تاوەکو بتوانن بەردەوامی بە توێژینەوە و پڕۆژەکانیان بدەن لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگە و باشترکردنی پرۆسەی حوکمڕانی لە عێراقدا.

 

sarokayaty komar-2

sarokayaty komar-1