17 تشرینی دووەم 2026
بەپێی دەرئەنجامی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی ڤیژن، نەبوونی دەستوورێکی نووسراو، پەیکەری مەرکەزیی وەزارەت و پارتە سیاسییەکان، ناهاوسەنگیی دارایی نێوان ئەرک و بودجەی پارێزگاکان، بەریەککەوتنی دەسەڵاتەکان لە نێوان ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی شارەوانییەکاندا، دیارترین بەربەستەکانی بەردەم چەسپاندنی سیستمی لامەرکەزیین لە هەرێمی کوردستان.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، توێژینەوەیەکی یاسایی بەراوردکاریی بە ناونیشانی "رێگەچارەی چەسپاندنی لامەرکەزیی لە هەرێمی کوردستان" له شوباتى 2025 ئەنجامداوە، کە لەلایەن توێژەران (ئارام جەمال، ئەحمەد عەلی، چۆمان محەمەد و کاروان کازم)ـەوە ئامادەکراوە، تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو یاسای ئێستای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناتوانێت لامەرکەزییەتێکی پێگەیشتوو بەرجەستە بکات و پێشنیازی نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ چاکسازیی کارگێڕی و دارایی دەکات.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە: یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009ـی پارێزگاکان لەسەر بنەمای چڕنەکردنەوەی کارگێڕیی داڕێژراوە، نەک لامەرکەزیی راستەقینە و زۆربەی دەسەڵاتەکان لە رێگەی فەرمان و رێنماییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە بەڕێوەدەبرێن کە بە ویستی سیاسی دەدرێن و دەسەندرێنەوە.
توێژینەوەکە؛ پێنچ کێشەی بنەڕەتی دەستنیشان دەکات لەبەردەم سیستمی لامەرکەزییدا ئەوانیش؛ کێشەی دەستووریی و یاسایی، پەیکەربەندیی کارگێڕی، کێشەی دارایی و بەریەککەوتنی دەسەڵاتەکان و مەرکەزییەتی پارتە سیاسییەکانە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، ژمارەیەک راسپاردە و رێگەچارەی پراکتیکی بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاز دەکات، کە گرنگترینیان بریتین لە دامەزراندنی دەستەی هەماهەنگیی کارگێڕیی خۆجێی، سەربەخۆیی دارایی، هەڵبژاردنی راستەوخۆی پارێزگار، چاکسازیی دەستووریی و یاسایی و تەرخانکردنی داهات بۆ پارێزگاکان.
بڵاوکردنەوە