16 تشرینی دووەم 2026
ڤيژن فاوندهيشن
دەرئەنجامی نوێترین توێژینەوەی دامەزراوەی ڤیژن دەریدەخات، رێژەی بێکاریی گشتی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە (16.5%) بەرزترین رێژەی بێکاریی لە دهۆکە و گەیشتووەتە (24.1%)، هەولێر(17.7%)، سلێمانی (12.0%) و کەمترینیش لە هەڵەبجە تۆمارکراوە و گەیشتووەتە (10.4%). رێژەی بێکاریی ژنان گەیشتووەتە(29.6%) و رێژەی بێکاریی پیاوانیش (13.6%)ـی تێپەڕاندووە.
دامهزراوهى ڤيژن بۆ لێكۆڵينهوهى ستراتيجى لەو توێژینەوەیەدا خوێندنهوه و شيكارييهكى وردى بۆ كێشهى بێكاریى و دۆزينهوهى ههليكارى گهنجان کردووە له ههرێمى كوردستان. کە لەلایەن د.زريان نهجات رهشيد ئەنجامدراوە و بهشێوازێكى زانستى و لهسهر بنهماى بهڵگهى چۆنايهتى و يهكخستنهوهى سهرچاوهكان داڕێژراوه.
توێژینەوەکە پشتى به داتاکانی تایبەت بە گفتوگۆی (فۆكهس گروپ) بهستووه، كه دامەزراوەی ڤیژن بە بەشداریی نوێنەرانی حکومەت، زانکۆ، کەرتی تایبەت، ناوەندەکانی کار، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کرێکاران ئەنجامیداوە، لەگەڵيدا ئامارە فەرمییەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق، رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، یونسکۆ و بانکی نێودەوڵەتی بهكارهێناوه.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی بەشداریی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان (45%) و رێژەی بێکاریی گشتی(16.5%) بووە. بێکاریی لەنێو گەنجانی تەمەن(15–24) ساڵ لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە (37.2%) ئەم رێژەیە لە تێکڕای عێراقیش (35.8%)ـەو (29.6%)ـی گەنجانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی بازنەی خوێندن لە کار و فێرکاریدان.
توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن، جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان بێكاریى ژنان و پیاواندا دەردەخات، رێژەی بەشداریی ژنان لە هێزی کاردا تەنیا (16.5%) و رێژەی بێکارییان گەیشتووەتە (29.6%). لە کاتێکدا بەشداریی پیاوان (73.5%) و بێکارییان (13.6%) بووە، سەرەڕای ئەوەی(40.5%)ـی ژنانی گەنج لە دەرەوەی خوێندن و کاردان، له بهرامبهردا ئهو رێژهيه لهنێو پياواندا(19.8%)ـه.
توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن پێنج کێشەی بنەڕەتی و بەیەکەوەگرێدراو دەستنیشان دەکات کە بوونەتە لەمپەر لەبەردەم دهستڕاگهيشتنى كارى گهنجاندا، ئەوانیش:(پەرتەوازەیی دامەزراوەیی و ناهاوسەنگیی زانیاری، نەگونجانى نێوان سیستمی خوێندن و داواکاریی بازاڕ، لاوازیی متمانە، گرێبەست و پاراستنی یاسایی، بەربەستە تایبەتەکانی بەردەم ژنان و گروپە پەراوێزخراوەکان و سنوورداربوونی دارایی و پشتیوانیی داهێنان).
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، دامەزراوەی ڤیژن چوارچێوەی "بازاڕی کاری یەکگرتوو" پێشنیاز دەکات، مەبەست لێی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان نییە لە یەک دەزگادا، بەڵکو بەستنەوەیانە بەیەکەوە لە رێگەی داتا، پێوەر و چاودێریی هاوبەشەوە. بەپێی پلانێکی (24) مانگی هەڵەسەنگاندن بۆ دۆخی بازاڕی کار بکرێت لەگەڵ پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەشی سێ لایەن (حکومەت، خاوەنکار، کرێکار) بۆ ئەو پرسە گرنگە.
بڵاوکردنەوە