ڤيژن فاونده‌يشن و دامه‌زراوه‌ى كه‌ريمى ئه‌له‌كه‌ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر کۆچی دەستەبژێری سلێمانی بڵاودەکه‌نه‌وه‌

12 تشرینی دووەم 2026

ڤيژن فاونده‌يشن

لە شاری سلێمانی مەراسیمی بڵاوکردنەوە و ناساندنی پەرتووکی "دەستەبژێری شاری سلێمانی لە نێوان کۆچ و شوێنگۆڕکێ و گەڕانەوەدا" به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ لێکۆڵینەوەیەکی زانستییە و به‌ هاوبه‌شيى له‌نێوان دامه‌زراوه‌ى ڤيژن و كه‌ريمى ئه‌له‌كه‌ ئاماده‌كراوه‌.

مه‌راسيمه‌كه‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌، 12ـی تشرینی دووەمی 2026 له‌ هۆتێل رامادای سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، به‌ به‌شداريى كه‌سايه‌تييه‌ سياسييه‌كان، لايه‌نه‌ حكومييه‌كان، رۆژنامه‌نووسان و هونه‌رمه‌ندان، نوسه‌ر و توێژه‌ر و لێكۆڵه‌ران، بۆ بڵاوکردنەوەی پەرتووکە رێکخرا، كه‌ لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كى سۆسيۆ-مێژووييه‌ و ره‌هه‌نده‌كانى ديارده‌ى كۆچى ده‌سته‌بژێرانى تێدا خراوه‌ته‌ڕوو، کە لەلایەن هەریەکە لە (پ.د.سامان حسێن ئەحمەد، پ.ی.د.عادل محەمەد نوری و م.دیلمان محەمەد سابیر)ـەوە ئەنجامدراوە و بە هاوبەشی نێوان دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و دامەزراوەی کەریمی ئەلەکە چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه

له‌ سەرەتای مه‌راسيمه‌كه‌دا، عه‌دنان عوسمان، سه‌رۆكى دامه‌زراوه‌ى ڤيژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی رايگه‌ياند؛ شارى سلێمانى له‌ مێژوودا هه‌ميشه‌ وه‌ك چه‌قى داهێنان، مه‌ڵبه‌ندى بيرى نوێ و پێشه‌نگى جوڵه‌ى رۆشنبيرى و مه‌ده‌نى ناسراوه‌، ئه‌مه‌ش هه‌وڵى ده‌سته‌بژێرێك بووه‌ كه‌ رۆڵى سه‌ره‌كيان له‌ نه‌خشاندنى ناسنامه‌ى سياسى، كۆمه‌ڵايه‌تيى و فه‌رهه‌نگى سلێمانى و ته‌واوى كوردستان گێڕاوه‌.

وتيشى: مه‌راسيمى بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م كتێبه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ يادى دامه‌زراندنى شارى سلێمانى، باشترين شێوازى زيندووڕاگرتن و وه‌فاداريى بۆ ئه‌م ياده‌، رێزگرتنه‌ له‌ به‌رهه‌مى زانستى و خوێندنه‌وه‌ى ره‌خنه‌يانه‌ى مێژووه‌كه‌ى.

هه‌ر له‌ مه‌راسيمه‌كه‌دا پانێڵێكى تايبه‌ت به‌ ناساندن و خسته‌ڕووى پوخته‌ى لێکۆڵینەوەکە به‌ڕێوه‌چوو، هەریەک لە ‌توێژه‌ران د.سامان حسێن ئەحمەد و م.دیلمان محەمەد سابیر، ئەوەیانخستەڕوو؛ لێکۆڵینەوەیەکەیان سۆسیۆ-مێژووییە لە رەهەندە جیاوازەکانی دیاردەی کۆچی دەستەبژێر لە قۆناغە جیاوازەکانی شارەکەدا دەکۆڵێتەوە، لە چوار توێژینەوەی زانستی و چوار قۆناغی مێژوویی پێکهاتووە، ئەوانیش:

قۆناغی یەکەم: لە دامەزراندنی شاری سلێمانییەوە تاوەکو کۆتایی رووخانی سیستمی پاشایەتی عێراق.

قۆناغی دووەم: لە رووخانی رژێمی پاشایەتییەوە تاوەکو راپەڕینی 1991.

قۆناغی سێیەم: لە راپەڕینی ساڵی 1991 تاوەکو رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003.

قۆناغی چوارەم: لە دوای 2003 تاوەکو ساڵی 2006.

KTEB CONFRENCE-1

KTEB CONFRENCE-2

KTEB CONFRENCE-5

KTEB CONFRENCE-4

KTEB CONFRENCE-6

KTEB CONFRENCE-3