توێژینەوەیەکی دامه‌زراوه‌ى ڤيژن، هۆكار و چاره‌سه‌رى بێكاریى گه‌نجان دەخاتەڕوو

16 تشرینی دووەم 2026

ڤيژن فاونده‌يشن
توێژینەوەیەکی نوێی دامه‌زراوه‌ى ڤيژن بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيجى، خوێندنه‌وه‌ و شيكارييه‌كى وردى كێشه‌ى بێكاریى و دۆزينه‌وه‌ى هه‌ليكارى گه‌نجان‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان کردووە، توێژينه‌وه‌كه‌ له‌لايه‌ن (د.زريان نه‌جات ره‌شيد) ئاماده‌كراوه‌ و به‌شێوازێكى زانستى و شيكارييانه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌ڵگه‌ى چۆنايه‌تى و يه‌كخستنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌كان داڕێژاوه‌.


سه‌رچاوه‌ى بێكارى گه‌نجان له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ ده‌يزانين
دامەزراوەی ڤیژن، لە توێژینەوەکەیدا ئەو روانگە باو و كلاسيكييه‌ رەتدەکاتەوە کە بێکاریی ته‌نيا به‌ كێشه‌ى كه‌ميى هه‌لى كار يان لاوازيى تواناى تاكه‌كان ده‌به‌ستێته‌وه‌، به‌ڵگه‌كان ده‌يسه‌لمێنن بێكاریى له‌ هه‌رێمى كوردستان قه‌يرانێكى پێكهاته‌يى و سيستمييه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ى بۆ پەرتەوازەیی رێکخستنی سیستمی دامەزراندن دەگەڕێتەوە.
لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکەدا روونكراوه‌ته‌وه‌، لە هەرێمى كوردستان وەزارەتی کار، زانکۆ و پەیمانگاکان، ناوەندەکانی دامەزراندن، کەرتی تایبەت، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کرێکاران لە هەمان بازاڕدا کار دەکەن، بەڵام هیچ پردێکی داتا، رێکاری گواستنەوەی کارخواز، گرێبەستی روون و چاودێریی هاوبەش بەیەکیانەوە نابەستێتەوە.


دامەزراوەی ڤیژن، له‌ توێژینەوەیەکەدا پشتى به‌ داتای تایبەت بە گفتوگۆی (فۆكه‌س گروپ) به‌ستووه،‌ كه‌ دامەزراوەکە بە بەشداریی نوێنەرانی حکومەت، زانکۆ، کەرتی تایبەت، ناوەندەکانی کار، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کرێکاران ئەنجامیداوە، لەگەڵيدا ئامارە فەرمییەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق، رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، یونسکۆ و بانکی نێودەوڵەتی به‌كارهێناوه‌.


بازاڕى كار هه‌ستيار و ناهاوسه‌نگه

‌
رێژەی بێکاری و جیاوازیی پارێزگاکان:
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی بەشداریی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان (45.0%) و رێژەی بێکاریی گشتی (16.5%) بووە، ئەم رێژەیە لە نێوان پارێزگاکاندا جیاوازییەکی گەورەی هەیە. بەرزترین رێژەی بێکاریی لە دهۆک (24.1%) تۆمار کراوە، هەولێر(17.7%)، سلێمانی (12.0%) و هەڵەبجە (10.4%) ئەوەش دەیسەلمێنێت کە يه‌ك سياسه‌تى يه‌كسان و گشتگير ناتوانێت چاره‌سه‌رى جياوازييه‌ جوگرافيى و ئابوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكات.


بێكاریى گه‌نجانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانبێکاریی لەنێو گەنجانی تەمەن (15–24) ساڵ لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە(37.2%) ئەم رێژەیە لە تێکڕای عێراقیش (35.8%)ـە؛ (29.6%)ـی گەنجانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی بازنەی خوێندن لە کار و فێرکاریدان (NEET) لەسەر ئاستی عێراقیش رێژەی کاری نافەرمی گەیشتووەتە(66.6%) ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی ئابووریی گەنجان.


کەلێنی قووڵی رەگەزی
 ئامارەکان جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان بێكاریى ژنان و پیاواندا دەردەخەن، رێژەی بەشداریی ژنان لە هێزی کاردا تەنیا (16.5%) و رێژەی بێکارییان گەیشتووەتە (29.6%). بەشداریی پیاوان (73.5%) و رێژەی بێکارییان (13.6%) بووە، سەرەڕای ئەوەش(40.5%)ـی ژنانی گەنج لە دەرەوەی خوێندن و کارن، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌و رێژه‌يه‌ له‌نێو پياواندا (19.8%)ـە‌.

پێنج کێشە سه‌ره‌كييه‌كه‌ى بازاڕی کاری هەرێمى كوردستانشیکارییەکەی دامەزراوەی ڤیژن پێنج کێشەی بنەڕەتی و بەیەکەوەگرێدراو دەستنیشان دەکات کە بوونەتە لەمپەر لەبەردەم ده‌ستڕاگه‌يشتنى كارى گه‌نجاندا:


پەرتەوازەیی دامەزراوەیی و ناهاوسەنگیی زانیاری
بەهۆی نەبوونی داتابەیسێکی یەکگرتوو و پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان وەزارەتی کار، دامەزراوەکانی خوێندن و کەرتی تایبەت، لەم ژینگەیەدا دۆزینەوەی کار زیاتر دەبەسترێتەوە بە ناسیاوی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نەک لێهاتوویی، ئەمەش کارخوازانی بێ ‌پشتگیريى لە بازاڕ دووردەخاتەوە، هەروەها داتاکانی فۆكه‌س گروپه‌كه‌ ئاماژە بە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە نووسینگەی ببێمۆڵه‌ت و پلاتفۆرمی ئۆنلاینی بێچاودێرى دەکەن کە سەرلێشێواوییان دروستکردووە.


ناگونجانى نێوان سیستمی خوێندن و داواکاریی بازاڕ 
بڕوانامەی ئەکادیمی بە تەنیا گەرەنتیی دامەزراندن نییە، خاوەنکاران لە کەرتی تایبەتدا جگە لە بڕوانامە، پێویستیان بە توانای کرداريى، چارەسەرکردنی کێشە، کاری بەکۆمەڵ، بەرگەگرتنی فشار و کارامەیی تەکنەلۆجییە، بەڵام پرۆگرامەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەبێ وەرگرتنی راو بۆچوونی خاوەنکاران و داتای بازاڕ دادەڕێژرێن، لە هەمانکاتدا کولتووری چاوەڕوانیی خێزان و بەهادان بە کاری حکومی کاریگەریی لەسەر ئامادەیی گەنجان بۆ کەرتی تایبەت دروست کردووە.


لاوازیی متمانە، گرێبەست و پاراستنی یاسایی
لە گفتوگۆى فۆكه‌س گروپه‌كاندا، متمانه‌ و پاراستنى ياسايى وەک کێشەیەکی گه‌وره‌ باسى لێوه‌كراوە، کرێکاران بەدەست گرێبەستی نادیار، کەمکردنەوەی مووچە، درێژیی پرۆسەی سکاڵا و نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن، لە هەمانکاتدا، ناڕوونیی سنووری بەرپرسیارییەتی یاسایی ناوەندەکانی دامەزراندن وایکردووە کارخوازان رووبەڕووی کاری ناڕاست(ساختە)یان شوێنی نەگونجاو ببنەوە.


بەربەستە تایبەتەکانی بەردەم ژنان و گروپە پەراوێزخراوەکان
ئەم دۆخە نیشان دەدات کە سیاسەتی گشتیی شارەزایی بە تەنیا بەس نییە، سەلامەتیی شوێنی کار، گواستنەوە، چاودێریی منداڵ، جۆری گرێبەست، متمانە بە خاوەنکار و دەستگەیشتن بە دارایی، هەموویان کاریگەرییان لەسەر توانای ژنان بۆ چوونە ناو بازاڕ و مانەوەی تێیدا هەیە، سیستەمی دامەزراندن تەنیا سەرنجی لەسەر دەرچووانی زانکۆیە و کەسانی کەم‌ خوێندەوار، خێزانە کەم ‌داهاتەکان، دانیشتووانی دەرەوەی شار و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان فەرامۆشکراون.


سنوورداربوونی دارایی و پشتیوانیی داهێنان:
گەنجانی خاوەن پڕۆژە بچووکەکان بەهۆی قورسى رێکارە بانکییەکان، داواکردنی کەفیل، تێچوويه‌كى زۆرى تۆمارکردن لە وه‌رگرتنى قەرزی فەرميى دوور دەکەونەوە و ناچارن بە پاشەکەوتی خێزانی و لە چوارچێوەی ئابووریی نافەرمیدا دەست پێبکەن.


چارەسەری ستراتیجی
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، دامەزراوەی ڤیژن چوارچێوەی "بازاڕی کاری یەکگرتوو" پێشنیاز دەکات، مەبەست لێی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان نییە لە یەک دەزگادا، بەڵکو بەستنەوەیانە بەیەکەوە لە رێگەی داتا، پێوەر و چاودێریی هاوبەشەوە، ئەم چوارچێوەیە لە حەوت پێکهاتەی سەرەکی پێکدێت:


پۆرتاڵی نیشتیمانیی دامەزراندن
دامەزراندنی سەکۆیەکی فەرمی و کراوە لەلایەن وەزارەتی کارەوە بۆ تۆمارکردنی کارخوازان، پۆستە بەتاڵە پشتڕاستکراوەکان و ناوەندە مۆڵەت ‌پێدراوەکان بە شێوەیەکی شەفاف.


تۆڕکردنی خزمەتگوزارییە گشتی و تایبەتەکان
رێکخستنی پرۆسەی رێنمایی، چاوپێکەوتن، هاوتاکردنی کارخواز و خاوەنکار و بەدواداچوونی دۆخی کارمەند دوای دامەزراندن.


یەکەی مۆڵەت، پشکنین و سکاڵا
نوێکردنەوەی رێنماییەکان بۆ جیاکردنەوەی ئەرکەکان، توندکردنەوەی وردبینی و سزادانی نووسینگە بێ ‌مۆڵەت و شوێنە ساختەکان، لەگەڵ دابینکردنی میکانیزمێکی ئۆنلاین و نهێنی بۆ سکاڵا.


گرێبەستی ستاندارد و کاری شایستە
پێویستە گرێبەستی کار بە زمانی کوردیی ئاسان بنووسرێت و مافەکانی وەک مووچە، کاتی کار، مۆڵەت، بیمە و پاراستنی کۆمەڵایەتی تێدا جێگیر بکرێت.


بەستنەوەی زانکۆ و په‌يمانگاكان بە بازاڕەوە
پێکهێنانی کۆمیتەی راوێژکاریی خاوەنکاران لە زانکۆکاندا، بەدواداچوونی دەرچووان دوای (6 -12) و (24) مانگ، بەکارهێنانی خولە کورت و کردارییەکانی فێرکردنی پیشەیی و تەکنیکی وەک پردێک بۆ ئامادەکردنی دەرچووان.


پشتیوانیی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان
 یەکخستنی راهێنانی داهێنانه‌ و پلانی کار لەگەڵ راوێژکاریی و دابینکردنی دارایی گونجاو دوور لە مەرجی قورسی کەفیل.
پۆڵسی پەیپەرەکە پلانێکی (24) مانگی دادەنێت کە بە پێکهێنانی کۆمیتەیەکی سێ ‌لایەن (حکومەت، خاوەنکار، کرێکار) لە شەش مانگی یەکەمدا دەست پێدەکات، پاشان تاقیکردنەوەی پۆرتاڵەکە لە یەک یان دوو پارێزگادا(مانگی 6 تا 12) دواتر بەستنەوەی زانکۆکان و پڕۆژە داراییەکان (مانگی 12 تا 24). دواجار فراوانکردنی بۆ هەموو هەرێمى كوردستان و بڵاوکردنەوەی راپۆرتی ساڵانە دوای هەڵسەنگاندنی کوالێتیی دامەزراندن و مانەوەی کارمەندان لە کارەکانیاندا.