19 تشرینی دووەم 2026
هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە ئەمنییەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە، رۆڵی لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە پاڵپشتیکردنی بڕیاردەران و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیدا، بەهێزکردنی متمانە لە نێوان هاوڵاتییان و دامەزراوە ئەمنییەکاندا؛ ناوەڕۆکی کۆبونەوەیەکی دامەزراوەی ڤیژن و نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو.
لە کۆبوونەوەیەکەدا کە رۆژی سێشەممە 17ـى تشرینی دووەمی 2026 لە بەغدا بەڕێوەچوو، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لەگەڵ هەریەک لە فەریق روکن سەعد مەعن، لێپرسراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لیوا سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەعید جیاشی، ئەندامی دەستەی راوێژکاریی نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبووەوە. هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە ئەمنییەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە و رۆڵی لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە پاڵپشتیکردنی بڕیاردەران و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیدا تاوتوێکران.
دامەزراوەی ڤیژن پڕۆژەیەکی پێشنیازکرد بۆ رێکخستنی وۆرکشۆپێکی پسپۆڕیی هاوبەش، بە مەبەستی پەرەپێدانی میکانیزمەکانی پەیوەندیی ستراتیجی، بەرەنگاربوونەوەی چەواشەکاریی میدیایی و بەهێزکردنی متمانە لە نێوان هاوڵاتییان و دامەزراوە ئەمنییەکاندا.
لە بەرانبەردا بەرپرسانی نووسینگەی فەرماندەی گشتی پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکە کرد و کرانەوەیان بە رووی ناوەندە ئەکادیمی و توێژینەوەکاندا بە گرنگزانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە میدیایی و دیجیتاڵییەکان.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا وردەکاریی پڕۆژەکەی دامەزراوەی ڤیژن پێشکەش بکرێت، تاوەکو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ بکرێت و میکانیزمی جێبەجێکردنی هاوبەشی بۆ دابنرێت.
بڵاوکردنەوە