سوتانی دارستانەکان؛ مەترسییەکی بەردەوام بۆ سروشت و ژینگە 

3 ئەیلوول 2026

دارستان و سەوزاییەکان کەمترین رووبەری عێراق و هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، ساڵانە لە وەرزی هاوین و ووشکبوونی پووش و پەڵاش و دەوەنەکان، رووبەرێکی بەرفراوانی ئەو سەوزایی و دارستانانەش رووبەڕووی مەترسی ئاگرکەوتنەوە دەبنەوە و بەهۆیەوە بەشێکی زۆری ئەو خاکە دەبێتە سوتماک و زیانی گەورە بە سرووشت، ژینگە و ئاوو هەوای کوردستان و عێراق دەگەیەنێت.

درووستکردنی ئاگربڕ، یاسای توندن و سزای قورس بۆ ئەو کەسانەی زیان بە دارستان و ژینگە دەگەیەنن، نەیتوانییوە رێگریی لە سووتانی دارستان و پاوانەکانی هەرێمی کوردستان بکات و مەترسی لەسەر سروشت و رێژەی سەوزایی و ژینگەی هەرێمی کوردستان درووست کردووە.

دارستان لە عێراق و هەرێمی کوردستان

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو_ (FAO، رووبەری دارستانەکانی عێراق لە 9 هەزار و 250 کیلۆمەتر دووجا تێپەڕ ناکات، کە نزیکەی 2%ـی رووبەری عێراقە. بەشێکی زۆری دارستانەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵکەوتوون. ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، هاوسنوور لەگەڵ تورکیا و ئێران لە گرنگترین ناوچە دارستانییەکانی کوردستان و عێراقن.

بەپێی داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان (KRSO)، رووبەری هەرێمی کوردستان 46 هەزار و 861 کیلۆمەتر دووجایە. ئەم رێژەیە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، کە لە چوارچێوەی سنووری کارگێڕیی ئێستای هەرێمدا بەڕێوەدەبرێن و ناوچە جێناکۆکەکان لەخۆناگرێت. 

بەپێی هەمان سەرچاوە، لە ساڵی 2023، رووبەری دارستانی چڕ 1ملیۆن و 271 هەزار و 812 دۆنم، رووبەری دارستانی کراوە 2ملیۆن و 993 هەزار و 332 دۆنم بووە؛ کۆی ئەم رێژەیە دەکاتە 4ملیۆن و 265 هەزار و 145 دۆنم، کە دەکاتە نزیکەی 10هەزار و 662 کیلۆمەتر دووجا. نزیکەی 22.75%ـی رووبەری هەرێمی کوردستان بەپێی داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستا بۆ ساڵی 2023.

دارستانەکانی هەرێمی کوردستان و زیانەکانی ئاگرکەوتنەوە

دارستانەکانی هەرێمی کوردستان سامانێکی گەورەن، بۆ پاراستنی ئاوو هەوا، خاک، هاوسەنگی ژینگە، فرەچەشنیی زیندەیی، کشتوکاڵ و گەشتیاریی؛ بەڵام لە چەند دەیەی رابردوودا لەژێر هەڕەشەی ئاگرکەوتنەوە، بڕینەوەی نایاسایی، وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوادا بوون، کە پرسەکەی کردووەتە بابەتێکی ژینگەیی و ئاسایشی نیشتمانی.

بەپێی شیکاریی داتاکانی مانگی دەستکردی تایبەت بە چاودێرییکردنی رووەک و سەوزایی (MODIS) بۆ ساڵانی 2001–2024، تێکڕای ساڵانەی رووبەری سووتاو لە هەرێمی کوردستان 687 کیلۆمەتر دووجا بووە. 

کۆی رووبەری بەرکەوتوو بە ئاگر لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە 16هەزار و 488 کیلۆمەتر دووجا؛ لەوانە 8 هەزار و 542 کیلۆمەتر دووجا ناوچەی دارستانی بوون. ئەم ژمارەیە بە مانای لەناوچوونی یەکجاریی ئەو دارستانانە نایات، چونکە هەمان ناوچە دەکرێت لە ساڵانی جیاوازدا چەند جارێک بسووتێت.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵانی 2010–2020دا 1ملیۆن و 265 هەزار دۆنم دارستان سووتاوە. بەشێکی بەرچاو لە دارستانەکانی هەرێم لەو ماوەیەدا لەدەستچوون.

لە دوو ساڵی رابردوودا، دهۆک، هەڵەبجە، پێنجوێن و شارباژێڕ لەو ناوچانە بوون کە رووبەڕووی رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوونەتەوە. تەنیا لە هەڵەبجە لە ساڵی 2025 نزیکەی 5 هەزار دۆنم دارستان سووتاوە و لە دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەڵەبجە و پێنجوێن، 4 کەس گیانیان لەدەستداوە. 

بڕینەوەی دار، مەترسییەکی بەردەوام

سەرجەم ئەو ئاگرانەی کەوتوونەتەوە، بە مانای ئاگری دارستان نایەن، چونکە بەشێکیان بە سوتاندنی زەوی و چالاکییە کشتوکاڵییەکانەوە پەیوەستن؛ بەڵام سوتانی بەردەوامی ساڵانە، دارستانەکان و ژینگەی شاخاویی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر فشاری زیاترەوە.

ئاگر تەنیا بەشێکە لە کێشەکە؛ بڕینەوەی نایاسایی، بەرهەمهێنان و بازرگانیی خەڵووز، دەستکاریی بەکارهێنانی زەوی، وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما مەترسییەکان زیاتر دەکەن. تەنیا لە 2024دا زیاتر لە 63 هەزار درەخت بە نایاسایی بڕاونەتەوە، لە هەمان کاتدا وشکی و گەرمای زۆر، لەگەڵ چالاکییە مرۆییەکان، بڵاوبوونەوەی ئاگر خێراتر دەکەن.

لە ئاستی دامەزراوەییەوە، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرگریی شارستانی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە چاودێریی، کۆنتڕۆڵکردنی ئاگر، رێگرییکردن لە بڕینەوەی نایاسایی و چاندنەوەدا کار دەکەن. 

ئاگربڕ بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان

تاکو ئێستا نزیکەی 34 کیلۆمەتر دووجا ئاگر‌بڕ دروست کراوە، لە 2024دا نزیکەی %70ـی ئاگرەکان کۆنتڕۆڵ کراون؛ بەڵام هێشتا هەوڵەکانی پێشگیریی، چاودێریی، وەڵامدانەوە، جێبەجێکردنی یاسا و بوژاندنەوە بە تەواوی لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا نەبەستراونەتەوە. 

یاسا و سزا بۆ ئاگرخستنەوە

بەپێی یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2012، یاسای دارستان لە هەرێمی کوردستان_ عێراق، سوتاندن و ئاگرتێبەردانی دارستان تاوانێکی یاساییە. بەکارهێنانی ئاگر لە ناو دارستان یان لە دووری کەمتر لە 300 مەتر لە دارستان بەبێ مۆڵەتی لایەنی بەرپرسیار قەدەغەیە. هەروەها ئاگربەردان لە دەرەوەی خانوو و بیناکان لە ناو دارستان و تا 200 مەتر لە دەوروبەری سنووری دارستانەکاندا قەدەغە کراوە.

یاساکە بۆ سوتاندن یان بڕینەوەی دارە بە نرخ و دەگمەنەکان سزای بەندکردن بۆ ماوەیەک کەمتر نەبێت لە 6 مانگ و پێبژاردنێک کەمتر نەبێت لە 5 ملیۆن دیناری دیاری کردووە. هەمان سزا بۆ ئەو کەسەش دانراوە کە بە ئەنقەست ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە یان ئاگر تێبەردانی ناوچە دارستانییەکان و لەوەڕگاكان.

یاساكە تەنها ئاگرتێبەردانی بە ئەنقەست سزا نادات؛ بەڵکو ئەگەر هەڵەکردن یان سەرپێچیکردنی حوکمەکانی یاسا و رێنماییەکان ببێتە هۆی ئاگركەوتنەوە لە دارستانێکی گشتی یان تایبەت، تاوانبار بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە 3 مانگ زیاتر نەبێت و غەرامەیەکی کەمتر نەبێت لە 500 هەزار دینار سزا دەدرێت. هەروەها ئەو کەسەی بەبێ پاساو لە یارمەتیدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرێکی دارستان خۆی بگرێت، دەکرێت بە هەمان شێوە سزا بدرێت.

سوتانی دارستانەکان، مەترسییەکی مرۆیی

سوتانی دارستان و زەوی کشتوکاڵی تەنیا کێشەیەکی ژینگەیی نییە؛ بەڵکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ ژیانی مرۆڤ، دارایی، ژینگە و درووستیی هەوا. لە کاتێکدا ئاگری دارستانەکان لە بەشە جیاوازەکانی جیهان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی و چالاکییە مرۆییەکان بە مەترسییەکی گەورەتر دەگۆڕێن، پاراستنی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان تەنها پاراستنی دارستان نییە؛ بەڵکو پاراستنی سەرچاوە ئاوو هەوا، خاک، ژینگەی شاخاویی و ژیانی دانیشتووانی ناوچەکەیە.

گۆڕینی ستراتیجەکان

پێویستە سیستمی کار لە (کوژاندنەوەی ئاگر) بگوازرێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی مەترسی. بەکارهێنانی داتای سەتەلایت و (GIS) سیستمی زانیاریی جوگرافی دەتوانێت ناوچە هەستیارەکان پێشوەختە دیاری بکات، ئاو و تیم و کەرەستەکان بەپێی ئاستی مەترسی دابەش بکرێن. لە بوژاندنەوەشدا، تەنیا ژمارەی نەمامە چێندراوەکان نابێت پێوەر بێت؛ بەڵکو رێژەی مانەوە و گەشەکردنیان لە ماوەی 1بۆ 5 ساڵدا دەبێت بپێورێت.

راسپاردەکانی ڤیژن بۆ پاراستنی دارستان و سەوزایی

بەپێی راسپاردەی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، هەرێمی کوردستان پێویستی بە دامەزراندنی دەزگایەکی نوێ نییە؛ بەڵکو دەبێت ئەرکە هەنووکەییەکان یەکبخرێن، کارە لەپێشینەکان بە داتا دیاری بکرێن و میکانیزمی هەماهەنگی و لێپرسینەوە دروست بکرێت.

لە نەخشەڕێگاکەی ڤیژندا پێشنیازکراوە، پلانێکی 3 ساڵە دابنرێت، قۆناغی یەکەم کۆکردنەوەی داتا، نەخشەی مەترسی و سیستەمی چاودێرییە؛ دواتر سەرچاوەکان بەپێی مەترسی ئاراستە دەکرێن و ئەنجامەکان بە داتای سەتەلایت، تۆمارە فەرمییەکان و پێوەرەکانی سەرکەوتن هەڵدەسەنگێندرێن.

پەیامی سەرەکی ئەوەیە، هەرێمی کوردستان لە خاڵی سفرەوە دەست پێناکات؛ بنەمای یاسایی، دامەزراوە، ئەزموون و توانای مەیدانی هەیە. بەڵام پاراستنی دارستانەکان پێویستی بە گۆڕینی شێوازی کار هەیە؛ لە کاردانەوەی دوای کارەسات بۆ پێشگیریی و بەڕێوەبردنی مەترسی پێش روودان، بۆ ئەوەی زیانی ژینگەیی پێش روودان کەم بکرێتەوە.

سوتانی دارستانەکان لە جیهاندا

لە هاوینی 2026دا، ئاگر لە دارستانەکانی چەندین ناوچەی جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو کەوتووەتەوە و ملیۆنان هێکتار زەوی سووتاون. ئەم دۆخە لە ئەمریکای باکوور و ئەوروپا تاوەکو ئاسیا و ئەفریقا درێژبووەتەوە، مەترسییەکانی بۆ سەر ژینگە، ژیانی مرۆڤ و زیانە داراییەکان زیادی کردووە.

لە ئەمریکا، تاوەکو ناوەڕاستی ئابی 2026 زیاتر لە 46 هەزار و 500 ئاگر، لە دارستانەکان تۆمار کراوە و نزیکەی 26 هەزار کیلۆمەتر دووجا سووتاوە. 

لە کەنەدا تاوەکو سەرەتای مانگی تەممووز زیاتر لە 3 هەزار و 100روداوی ئاگرکەوتنەوە روویداوە و نزیکەی 1.4 ملیۆن هێکتار دارستانی ناوچە سووتاوە.

لە ئەوروپا، تاوەکو ناوەڕاستی ئاب زیاتر لە 576 هەزار هێکتار زەوی سووتاوە، ئیسپانیا، یۆنان، پۆرتوگال، فەرەنسا و بەلجیکا لەو وڵاتانەن، کە رووبەڕووی ئاگری گەورەی دارستانەکان بوونەتەوە. 

لە بەلجیکا، ئاگری ناوچەی های فێنز نزیکەی 3 هەزار هێکتاری سووتاند و بوو بە یەکێک لە گەورەترین ئاگرەکانی دارستان لە مێژووی نوێی وڵاتەکە. 

لە ئێندونیزیاش، تەنها لە تەممووزی 2026 نزیکەی 95 هەزار هێکتار زەوی سووتاوە. بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دۆخی کەشوهەوا و چالاکییە مرۆییەکان بە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی مەترسیی ئاگر دادەنێن.

بۆ خوێندنه‌وه‌ى توێژينه‌وه‌كه‌ى دامه‌زراوه‌ى ڤيژن ده‌توانن فايله‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌