2 ئەیلوول 2026
ناونیشانێکی وتارێکی شیکارییە (برێت مەکگۆرك) نێردەی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە (سی ئێن ئێن) بڵاویکردووەتەوە، تیشک دەخاتەسەر قۆناغەکانی جەنگی ئەمریکا و ئێران و دەڵێت، سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا هاوکێشەکە دەگۆڕێت و جەنگەکە ئێستا لە بەرژەوەندی واشنتۆندایە.
لە ناوەندە شیکاريى و سیاسییەکاندا تێڕوانینێکی باو خەریکە جێگیر دەبێت بەوەی کە ئێران لە جەنگە رانەگەیەندراوەکەیدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکەوتووە، پاساوی ئەم خوێندنەوەیە تا رادەیەک روونە، ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ چەندین هەفتە بە چڕی بۆردومانی ئێرانیان کرد، زیانێکی زۆریان لە ژێرخانی لۆجستیی و سەربازیى ئێراندا و پاشان داوای سازشی زۆریان لە تاران کرد، بەڵام تاران رەتیکردەوە خۆی بەدەستەوە بدات، حکومەتەکەی هێشتا لە دەسەڵات ماوەتەوە، جبەخانە و مووشەکەکانی وەک هەڕەشەیەک بەسەر ناوچەکەوە هەر ماوە، لە هەمووی گرنگتر،هێشتا توانای ئەوەی هەیە هاتوچۆی کەشتیوانيى لە گەرووی هورمزدا پەکبخات و تێچووی وزە لەسەر ئەمریکا و جیهان بەرز بکاتەوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ هۆشداری ئەوەیدا کە ئابوری جیهان توشی داڕمان دەبێت ئەگەر گەرووی هورموز بە داخراوی بمێنێتەوە.
ئەمە بەڵگەیەکی بەهێزە، بەڵام لێکدانەوەیەکی پێشوەختەیە، جەنگ پرۆسەیەکی درێژخایەنی بەکارهێنانی کارتی گوشار و تاقیکردنەوەی ئاستی خۆڕاگرییە، هاوکێشەی ئەم ململانێیە لە ئێستادا بە تەواوی ئاراستەیەکی جیاوازی وەرگرتووە.
چوار قۆناغەکەی جەنگ
رێڕەوی ئەم پێکدادانە شەش مانگییە بەسەر چوار قۆناغی سەرەکیدا دابەش دەبێت:
1- (28ـى شوبات): دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانیی چڕ کە بۆ ماوەی شەش هەفتە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زۆر سەخت بەردەوام بوو.
2- (7ـی نیسان – 7ـى حوزەیران) دەستپێکردنی دانووستان و ئاگربەست، کە گەیشتە لوتکە بە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران.
3- بەئامانجگرتنەوەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە بووە هۆی هێرش و وەڵامدانەوەی سەربازیی هاوشێوە.
4-کۆتا قۆناغ دۆخی ئێستای، سەپاندنی گەمارۆی سەربازیی هەمەلایەنە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
لە کاتی دەستپێکردنی قۆناغی سێیەمدا، باس لەوە دەکرا واشنتۆن دەستبەردار بێت و کۆنترۆڵی گەرووەکە بۆ تاران جێبهێڵێت، بەو پێیەی بژاردە لەبەردەم ئەمریکادا نەمابوو، بەڵام دۆخەکە بەو شێوەیە نەمایەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزەوە، ئەمریکا گەمارۆی سەربازیی خستووەتەسەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێران و سزاکانی سەر بازرگانیی نەوتی سەپاندووەتەوە، هاوتەریب، هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و پاککردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوە، دەرەنجامی ئەم هەنگاوانە گەمارۆیەکی کاریگەر بووە بەسەر نەوتی ئێراندا.
بەپێی داتاکانی ئاژانسی بلومبێرگ، هاتوچۆی نەوت لە گەرووەکەدا بۆ ئاستی دوو لەسەر سێی پێش جەنگ گەڕاوەتەوە، لەکاتێکدا نرخەکانی وزە لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بە سەقامگیریى ماونەتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە کارتی گوشاری گەرووی هورمز لە دەستی تاراندا نەماوە.
لاوازکردنی ئێران لە ناوخۆدا
ئێران لە قۆناغێکدا چووە نێو ئەم شەڕەوە کە بەهۆی ساڵانێک لە سزا و بەڕێوەبردنی خراپی ئابوورییەوە لاواز ببوو، پێگەی ئێستای بە شێوەیەکی بەرچاو لەناوخۆۆ و تەنانەت لە ناوچەکەشدا وەکو پێشوو نەماوە.
بەپێی راپۆرتەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) ئابووریی ئێران لەمساڵدا زیاتر لە 5٪ پاشەکشە دەکات و رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە نزیکەی 70٪.
بەهای دراوی نیشتمانی دابەزینێکی مێژوویی تۆمار کردووە و بەپێی ئاماری وەزارەتی کاری ئێران، تەنها لە سێ مانگی سەرەتای جەنگەکەدا زیاتر لە یەک ملیۆن هەلی کار لەناوچوون.
ئەم ئامارانە یەکلاکەرەوەن، چونکە توانای بەردەوامیدان بە ململانێ تەنها بەند نییە بە جبەخانەی مووشەکییەوە، پێش جەنگەکەش رژێمی ئێران رووبەڕووی قەیرانی شەرعییەت و ناڕەزایەتیی شەقام ببوەوە، کوژرانی هەزاران هاوڵاتی لە خۆپیشاندانەکاندا پێگەی دەسەڵاتدارێتی لە تاران لاوازتر کردبوو.
ئەگەرچی قۆناغی یەکەمی جەنگ بە کوشتنی زۆربەی سەرکردەکان کۆتاییهات و دەستی سوپای پاسدارانی بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆیی واڵاتر کرد، بەڵام سوپای پاسداران بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی پێویستی بە سەرچاوەی دارایی بەردەوام هەیە.
ئەم گەمارۆ دەریایییە یەکەمین رووبەڕووبوونەوەی لەم جۆرەیە لەدوای شۆڕشی 1979ـەوە کە شادەماری سەرەکیی داهاتی ئابووریی ئێران لەڕێگەی هورمزەوە دەبڕێت.
رێگەی دەربازبوونی تاران لەم گەمارۆیە بریتییە لە راگرتنی تەواوەتیی هەڕەشەکان لەسەر گەرووی هورمز و هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمی، بەڵام قبوڵکردنی ئەم مەرجانە لە تێڕوانینی پاسدارانەوە نیشانەی شکستی تەواوەتییە.
کارتەکانی تاران
پێشبینی دەکرێت ئێران هەوڵبدات لەڕێگەی پەرەپێدانی شەڕەوە لەم گەمارۆ سەختە دەرباز بێت. تاکتیکی سەرەکیی ئێران بریتی بوو لە هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی کەشتیوانی، بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا و خستنەگەڕی گوشاری جیهانی بۆ ئەوەی ترەمپ بەرلە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا پاشەکشە بکات.
وکات لە ڕێگەی حوسییەکانەوە لە دەریای سوور هەڕەشەی پەکی خستنی بازرگانی دەکات و ئەگەری بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداویش لە ئارادایە.
سەرباری ئەم مەترسییانە، تاکتیکەکانی ئێران شکستیان هێناوە، وڵاتانی کەنداو بە جەنگەکە دڵخۆش نین، بەڵام ئامادەش نین بەداواکارییە زۆرەملێکانی تاران رازی بن و هەوڵەکانی ئێران بۆ داخستنی گەرووەکە بە مین و درۆن بۆ یەکەمجارە بە تەواوی پووچەڵ دەکرێنەوە بۆیە پەرەسەندنی سەربازی لە لایەن تارانەوە بەس نابێت بۆ شکاندنی گەمارۆکە.
شکستی خۆڕاگری بە ئێران
سەرکردەکانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەرگیز دەستبەرداری گەرووی هورمز، بەرنامەی ئەتۆمی و گرووپە پاشکۆکانیان نابن، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاندووە کە ئەم گوشارانە (مەحکوومن بە شکست)، بەڵام ئەزموونی مێژوویی بەرامبەر داعش و حەمماس دەریخستووە کە هەموو هێزێک خاوەنی خاڵێکی دیاریکراوی شکستی خۆڕاگرییە. ئێران وا بیری دەکردەوە خاڵی لاوازی ترەمپی دۆزیوەتەوە، بەڵام ئێستا رووبەڕووی دۆخێکی تەواو پێچەوانە بووەتەوە.
قۆناغەکانی سەرەتای جەنگ لە لایەن ئەمریکاوە پڕ بوون لە هەڵوێستی ناڕون و گۆڕانی بەردەوامی ئامانجەکان، بەڵام لە قۆناغی چوارەمدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) بە سەرپەرشتیی ئەدمیڕاڵ براد کوپەر، ئامانجێکی ئاشکرای دانابوو، ئەویش سەپاندنی گەمارۆ بەسەر تاران و ئاسانکردنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی. ئەمەش دۆخێکی واقیعیی نوێیە و دەبێت ئێران تێیدا مەرجەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی و خاڵەکانمی رێککەوتن لەسەر ڕێڕەوە دەریایییەکان قبووڵ بکات، ئەم هاوکێشە نوێیەش بۆ یەکەمجارە کە بە تەواوەتی لە قازانجی واشنتۆن و بە زیانی تاران کۆتایی دێت.
بڵاوکردنەوە