ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی عێراق پیرۆزبایی ئاڕاستەی دامەزراوەی ڤیژن دەکەن

3 تشرینی دووەم 2025

هەریەک لە دامەزراوەی ئەلکەلیمە بۆ دیالۆگ و گەشەپێدان و ناوەندی ئەلڕەشید بۆ گەشەپێدان پیرۆزبایی و دەستخۆشی ئاڕاستەی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی دەکەن بۆ ئەنجامدان و سەرکەوتنی دیداری ڤیژن بۆ پرسی دەستور.
لەنامەیەکدا، دامەزراوەی ئەلکەلیمە پیرۆزبایی سەرکەوتنی دیداری ڤیژن دەکات و دەڵێت: "دیدارەکە بەشێوەیەکی رێکوپێک رێکخرابوو، دەرئەنجامەکانی دەوڵەمەندبوون و رەنگدانەوەی ئاستێکی بەرزی پڕۆفیشناڵی و ئیدارەدانی باش بوو".
بەهەمان شێوە، ناوەندی ئەلڕەشید لەنامەیەکدا وێڕای سوپاس و پیرۆزبایی رۆڵ و بەشداری دامەزراوەی ڤیژن بەرز دەنرخێنێت و نوسیویەتی" ئەم دیدارە هەنگاوێکی گرنگە لە گفتوگۆی قووڵ لەسەر جێبەجێکردنی بنەما دەستوورییەکان و چەسپاندنی چەمکەکانی فیدراڵیزم و لامەرکەزی لە عێراقدا. هەروەها ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی ڤیژنە بە توێژینەوەی ئەکادیمی وشیکاری بە بەشداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان، لەوانەش ناوەندەکانی توێژینەوە بۆپەرەپێدانی سیاسی".
دامەزراوەی ڤیژن رۆژی شەممە 25 تشرینی یەکەمی 2025، دیدارێکی لەشاری سلێمانی بۆ پرسی دەستور ئەنجامدا بە ناونیشانی" پاش بیست ساڵ لەپەسەندکردنی دەستوور ئێمە لە کوێی فیدڕاڵی و لامەرکەزیداین لەعێراق؟" کە تیایدا سێ پانێل ئەنجامدران و چەندین ناوەندی لێکۆڵینەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکان و کەسانی ئەکادیمی و پسپۆڕ و بەرپرسانی حکومی و زانکۆکان بەشدارییان کرد.