بەیاننامەی دەستپێکی پڕۆژەی (عێراق فلتەر) بۆ چاودێریی زانیاریەکانی هەڵبژاردن

6 تشرینی یەکەم 2025

(عێراق فلتەر) بەخۆشحاڵییەوە پڕۆژەیەکی نوێ بۆ وردبینی لە زانیارییەکان رادەگەیەنێت، کە تایبەتە بە دەستنیشانکردن و شیکردنەوەو راستکردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشە لە ماوەی کەمپەینی هەڵبژرادنەکانی عێراق. ئامانج لەم پڕۆژەیە بۆ پاراستنی نەزاهەتی هەڵبژاردن و پشتیوانیکردنە لە مافی هاوڵاتیان لە بەدەستهێنانی زانیاریی ورد و متمانەپێکراو. 
لەو ماوەیەدا تیمەکەمان بەشێوەیەکی سیستماتیکی کار دەکات بۆ چاودێریی زانیاریی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن و جیاکردنەوەو پۆلێنکردنی زانیاریی هەڵە و چەواشەکارانە، هەروەها لێکۆڵینەوەی گشتگیر لە بانگەشەی گوماناوی، ئەویش بە هەماهەنگی و پێکەوەیی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق. ئەنجامە پشکنراوەکان دەنوسرێنەوەو پێداچونەوە و وردبینییان بۆ دەکرێت لەڕێی سەکۆی فەرمیمان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بە ناوی (عێراق فلتەر)، ئەویش  لەپێناو بەدەستهێنانی زانیاریی راست و دروست و متمانەپێکراو لەلایەن دەنگدەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان. 
ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە ئەرکە بەرفراوانەکانمان لەپێناو برەودان بە دیالۆگی دیموکراتییانە و رووبەڕووبوونەوەی گێڕانەوە ناڕاست و هەڵەکان و بەهێزکردنی لێپێچینەوە  و هێنانەدیی شەفافیەت لە پڕۆسەی هەڵبژاردن. لەڕێی گەیاندنی زانیاریی ورد و دروست، هەوڵ دەدەین هاوڵاتیان بگەنە ئاستی بڕیاردانی دروست و بەشداریی راستەقینە لە ژینگەیەکی هەڵبژاردنی بێخەوش و متمانەپێکراو. 
پڕۆژەکە لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و ناوەندی ستراتیجیی مافی مرۆڤ جێبەجێ دەکرێت بە پشتیوانیی رێکخراوی ئایدیا ئینتەرناشناڵ. هەروەها پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پشتیوانیی دارایی دەکرێت و ئەم هاوبەشییەش رەنگدانەوەی دەبێت لە بەدیهێنانی پابەندبونێکی بەکۆمەڵ لە بەگژاچونەوەی پشێوی لە نێو گێژاوی زانیارییەکان و بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسی لە عێراق. 
دوای تەواوبونی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، سەکۆکە (پەیجەکە) بەردەوام دەبێ لە ئەرکەکانی تایبەت بە بنیاتنانی ژینگەیەکی پڕلە زانیاریی راست و دروست لە عێراق، ئەویش لەڕێی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی و پشتیوانیکردن لە رۆشنبیریی میدیایی و هاندانی دیالۆگ لەسەر بنەمای راستییەکان. 
خۆشحاڵ دەبین بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ رۆژنامەنوسان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەسانی ئەکادیمی و سەندیکا و دەستەو دامەزراوەکانی کە بەشدار و هاوبەشن لە دیدگا و تێڕوانینمان. 
بۆ ئاگادارکردنمان لە هەر ناوەرۆکێکی گوماناوی، یاخود بۆ ئاگاداربون لە کار و چالاکییەکانمان، تکایە سەردانی پەیجی فەرمیمان بکەن یاخود لەڕێی ئەم کەناڵانەوە لەگەڵمان بن: 
مۆبایل: 4648 147  0771 
ئیمەیڵ: [email protected]
پەیجی فەرمی لە فەیسبوک: عراق فلتر