28 ئەیلوول 2025
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بە هاوبەشی لەگەل رێکخراوی نیشتمان بۆ هەموان، رۆژی یەکشەممە ٢٨\٩\٢٠٢٥ پانێڵێکیان دەربارەی ئایندەی کاری پەرلەمانی و مەدەنی لە هەرێمی کوردستان رێکخست.
لە پانێڵەکەدا هەریەکە لە بەڕێزان ئەبوبەکر هەڵەدنی مافناس، دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان سەرۆکی دامەزراوەی پەی، عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، وەک پانيڵست باسیان لە پێویستی بوونی پەرلەمانێکی کارا و بەهێزکرد، بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان.
هەر لەو ئیڤێنتەدا، پانيڵستەکان تیشکیان خستەسەر ئەو ئەرکانەی کە دەبوایە پەرلەمانی کوردستان جێبەجێیان بکات، لەوانەش پەسەندکردنی رەشنوسی دەستووری هەرێمی کوردستان و پەسەندکردنی بودجەی ساڵانە و چاودێری کردنی حکومەت، بەڵام پەرلەمانی کوردستان نەیتوانی بە تەواوی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بەوهۆیەشەوە پەرلەمان ساڵ لەدوای ساڵ لاوازتر بووە، تا کارگەیشتە ئەوەی حیزبەکان پەرلەمانیان پەکخست.
پانێڵەکە بە ئامادەبوونی نوخبەیەکی پەرلەمانتار و سیاسی و ئەکادیمی و کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو، ئامادەبووان لە گفتوگۆیەکی کراوەدا رەخنە و سەرنجەکانیان دەربارەی رۆڵی پەرلەمان لە رابردوو شرۆڤەکرد و هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشیان بە هۆکاری لاوازی پەرلەمان زانی.
بڵاوکردنەوە