دوای پڕۆژەیەکی ڤیژن، کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر کران

28 تەممووز 2025

دوای سیمینارێکی دامەزراوای ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لەبارەی رەوشی کەرتی تەندروستی و خستنەڕوی کەموکوڕییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر، چەند سەرمایەدارێکی سلێمانی بڕیاریاندا ئەرکی پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەی هیوا بگرنە ئەستۆ. 

لە سیمینارەکەی دامەزراوەی ڤیژن، کە بە میوانداریی د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەڕێوەچو، د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا باسی لە کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەکەیان کرد و لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە ئێستادا ئامێری (MRI)ی نەخۆشخانەی هیوا لەکارکەوتوە و چاوەڕوانن لەسەر ئەرکی خێرخوازان چاک بکرێتەوە. دوابەدوای ئەو ئیڤێنتەی ڤیژن، سەرمایەدار جەمالی حاجی عەلی و بازرگانانی بازاڕی شەوکەتی مەلا ئەرکی چاککردنەوەی ئامێرەکەیان لە ئەستۆ گرت کە ٢٦٥ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینارە.

رۆژی شەممەی رابردوو 19/7/2025 دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، سیمینارێکی بە ناونیشانی "کەرتی تەندروستی لەنێوان ئاڵنگارییەکان و دەرفەتەکانی گەشەسەندندا" بە میوانداریی د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی ريکخست کە تێیدا چەندین ئامار و داتای پەیوەست بە کەرتی تەندروستی خرانەڕو. هاوکات د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا باسی لە گرفتەکانی نەخۆشانی شێرپەنجە و نەخۆشخانەی هیوا کرد.