24 تەممووز 2025
لە پێناو بەرەوپێشبردنی بواری توێژینەوەو داڕشتنی چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ هەماهەنگی لە بوارە ئەکادیمی و ستراتیجییەکان و خستنەگەڕی توانا و لێهاتویی کەسانی نوێ، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و زانکۆی چەرموو بە فەرمی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کرد.
لە رێوڕەسمێکدا کە لە دامەزراوەی ڤیژن بەڕێوەچو، بە ئامادەبونی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڤیژن و وەفدێک لە زانکۆی چەرموو، هەریەک لە عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەکە و د. هەڵەت رەشید سەرۆکی زانکۆی چەرموو یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کرد.
ئامانج لە یاداشتەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردولا بو بەتایبەت لە بواری پڕۆژەی هاوبەش و سودبینین لە توانا و لێهاتویی هەردولا لە بوارە جیاجیاکاندا.
هەر لە رێوڕەسمەکەدا هەردولا جەختیان لەسەر گرنگیی ئەم جۆرە یاداشتانە کردەوە لەنێوان زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە هاوکات باس لە گرنگی زانکۆی چەرموو کرا کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بەڕەسمی دانی پێدا نراوەو دەکرێ سود لەو دەرفەتە ببینرێت لە بەرژەوەندیی زمانی کوردی لە کەرکوک.
لای خۆیەوە عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی رایگەیاند: ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆی چەرموو پاڵنەر و یاریدەدەرێکی زۆر باش دەبێ بۆ بەرەوپێشبردنی هەردولا لەچەندین بواردا بەتایبەت ئاڵوگۆڕی تواناکان و ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش، چونکە کارەکانی ڤیژن بەشێوەیەکی سەرەکی پشبەستوە بەو توێژینەوانەی لەلایەن مامۆستایانی زانکۆ و کەسانی ئەکادیمی ئەنجام دەدرێن
بڵاوکردنەوە