22 تەممووز 2025
سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی نێودەوڵەتی لە تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە لای بازرگانانی تورکیاوە سلێمانی شارێکی گرنگە و بەم نزیکانەش پرۆگرامێکی تایبەتیان دەبێ بۆ بازرگانی و کارکردن لە سلێمانی و هەڵەبجە.
لە سیمینیارێکدا کە بەشێوازی ئۆنلاین لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بە ناونیشانی (پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، گرفت و رێگاچارەسەرییەکان) بەڕێوەچو، نەواف کڵچ سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی نێودەوڵەتی لە تورکیا بە گرنگییەوە باسی لە پارێزگای سلێمانی کرد و رایگەیاند: لێکنزیکبونەوەی بازرگانانی تورکیا و سلێمانی زۆر گرنگە بۆ تورکیا و هەرێمی کوردستان و لەو سۆنگەیەوە ئێمە پشتیوانی لە سلێمانی دەکەین و هەوڵ دەدەین بازرگانە تورکەکان کە رو لە هەولێر و دهۆک دەکەن بیانهێنینە سلێمانی و هانیان بدەین.
وتیشی: خوازیارین لە ئایندەیەکی نزیکدا فڕۆکەخانەی سلێمانی بکرێتەوەو هاتوچۆی بازرگانی دەستپێبکاتەوە، هەر لەگەڵ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیاش، پێشنیاری ئەوە کراوە کە گەشتی ئاسمانیی سلێمانی بۆ مێرسین بکرێتەوە و جگە لەوەش لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژە و کاری تایبەتیان دەبێ بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
بڵاوکردنەوە