توێژینەوەیەکی مەیدانی دەربارەی هۆکار، لێکەوت و چارەسەرەکان
10 تەممووز 2025
توێژەر : هاوکار ڕەفیق ڕحمان , خێڵان حەمە احمد , بورهان عمر محمود
لەم ساڵانەی دواییدا بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بووەتە قەیرانێکی جیهانی هەستیار و مەترسیدار. ئەمڕۆ شانبەشانی قەیرانە گەورە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی وەک زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، پیسبوونی ژینگە، چەکی ئەتۆمی و تیرۆر پۆلێن کراوە. بەڵام لە دەرەوەی کاریگەرییە جیهانییەکان، کێشەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان، لەناو زۆربەی دەوڵەتاندا وەک هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی نیشتیمانی پەرەیان سەندووە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی لە گۆڕانکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی بەردەوامدان.
هەرێمی کوردستانیش بێبەری نییە لەم قەیرانە، ساڵانە ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی بەردەوامی چالاکییەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان لە سەرانسەری هەرێمدا دەکەن، بەشێوەیەک داتای بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەردەوام لە زیادبووندایە.
ئەم توێژینەوەیە، بەدواداچوون بۆ دۆخی ئێستای ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات، شرۆڤەی هۆکار و دەرئەنجامەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە پەرەسەندووە هەڵدەسەنگێنێت و کۆمەڵێک ڕاسپاردەی ستراتیژی دەخاتە ڕوو، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی وەڵامدانەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانە لەبەرامبەر ئەم مەترسییەدا. ئەم پێشنیارانە، وەک نەخشە ڕێگایەکی پراکتیکی کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە بە شێوەیەکی کاریگەرتر و جیاوازتر لەوەی هەیە.
هەروەها، لە توێژینەوەکەدا میتۆدی چۆناییەتى و چەندایەتى بەکارهێنراوە، کە تێیدا بە وردى کارى لەسەر داتا و ئامارە فەرمییەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان کردووە. لە هەمان کاتدا، زیاتر لە (٢٠) چاوپێکەوتنى لەگەڵ کەسانى تایبەتمەند و بەرپرسانی ئەمنی و حکومی لەخۆی گرتووە. لە لایەکی دیکەوە، توێژینەوەکە دوو ڕاپرسی مەیدانی لەخۆی دەگرێت، لەلایەک لەگەڵ بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە چاکسازییەکانی هەرێم و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ هاوڵاتیانی ئاسایی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی کوردستان.
لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە نەک هەر تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکان و دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو ستراتیژ و چارەسەری کرداریی وەک نەخشە ڕێگایەک بۆ خۆپاراستن و بەرەنگاربوونەوە دەخاتەڕوو
بڵاوکردنەوە