8 تەممووز 2025
بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی (٨\٧\٢٠٢٥) سەردانی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کرد و داوای لە دامەزراوەکە کرد ''ببنە پردی پەیوەندی لەنێوان هاوڵاتیان و حکومەت و لێکۆڵینەوە لە کێشە و پێداویستییەکانی خەڵک بکەن''.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکە، وێڕای دەستخۆشی لە توێژینەوە و پڕۆژەکانی دامەزراوەکە، ئەو کێشە و قەیرانانەشی خستەڕوو کە گرنگە دامەزراوەی ڤیژن وەک ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، توێژینەوەیان لەسەر بکات و حکومەتی لێ ئاگادار بکاتەوە.
بەڕێز قوباد تاڵەبانی لە سەردانەکەیدا جەختی لە کارکردن لەسەر پرسە ژینگەییەکان و داخوازیی هاوڵاتیان و کاراکردنی دامەزراوەکانی حکومەت کردەوە و ئامادەییشی دەربڕی هاوکاریی تەواوی دامەزراوەی ڤیژن و دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بکات، بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە کێشەکان و دۆزینەوەی دەرفەتەکان و چارەسەرەکان.
هاوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە دامەزاوەی ڤیژن وەک ناوەندێکی توێژینەوەی راستەقینە دەتوانێت بۆشاییەکی گەورەی کۆمەڵگە پڕ بکاتەوە.
بڵاوکردنەوە