29 حوزەیران 2025
نوسەر : هێژا دڵشاد
نزیکەى ساڵێکە دیدارەکانی نێوان لایەنى تورک و کورد دەستیپێکردۆتەوە وابڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا جارێکی دیکە شاندی ئیمراڵی سەردانی هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە لە دورگەى ئیمراڵی بکەنەوە، وێڕای بەردەوامیی دیدارەکان و بەستنى کۆنگرەى پەکەکە بۆ چەکدانان، هێشتا لایەنی کورد چاوی لەسەر هەنگاوی کرداری حکومەتى تورکیایە.
لە سەرەتای دەستپێکردنەوەى دیدارەکانی پڕۆسەی چارەسەریی، بۆئەوەى پڕۆسەکە بەفەرمی بکرێت، لایەنی کورد پێداگریی لەسەر پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان پارتە سیاسییەکان لە پەڕلەمان دەکات.
لەسەر ئەم بابەتە نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەڕلەمان و ئەندامی ئاک پارتی، لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە رەنگە لە پێش کۆتایی ئەم مانگە واتە پێش پشووی هاوینەى پەڕلەمان کۆمیسیۆنەکە پێکبهێنرێت. هاوکات لە ماوەى رابردووشدا دەولەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزاڤی نەتەوەپەرست (مەهەپە) لەو بارەیەوە گوتبووی: با کۆمیسیۆنێک پێکبهێنرێت و ئیتر کارەکە لەوە زیاتر دوانەکەوێت.
زۆرجار گوتەکانی باخچەلی پێش رووداو و پێشهاتە سیاسییەکان کەوتووە ئەوەشی گوتویەتی بە کرداریی هاتۆتەئاراوە.
بێگومان ئەمە یەک لە پێشهاتە گرنگەکانی پڕۆسەکە دەبێت، چونکە پێکهێنانی ئەم کۆمیسیۆنە بە بەشداریی زۆرینەى پەڕلەمانتارانی پارتە سیاسییەکان دەبێت بۆئەوەى لە پەڕلەمان گفتوگۆ لەسەر پرسی کورد و چاودێری پڕۆسەی ئاشتی بکەن، هاوکات فۆڕمێکی فەرمی بە دیدارەکان و ناساندنی پڕۆسەکە بەشێوەیەکی فەرمی دەدات، بەمەش پرسی کورد لەو وڵاتە دەباتە زەمینەیەکی یاساییەوە. ئەرکەکانی کۆمیسیۆنەکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی پڕۆسەکە و رێگە چارەسەریی پرسی کوردە. بەگوێرەى یاساکانی ئەو وڵاتە کۆمیسیۆنەکانی پەڕلەمان لە ٤٠ پەڕلەمانتار پێکدێت.
بۆچی لەم قۆناغەدا کۆمیسیۆنێکی هاوبەش گرنگە؟
دەم پارتی لەو باوەڕەدایە پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ چارەسەری پرسی کورد، تەنانەت لە سەرەتای دەستپێکردنەوەى دیدارەکان، چەند جارێک ئەم داواکارییەی هێناوەتە سەر زمان. ئەگەر بڕیار وایە چارەسەریی پرسی کورد لە خەباتی چەکداریی دابماڵێت و لەبری ئەوە لە رێگەی سیاسەت و یاساوە کۆششی بۆ بکرێت، ئەوا جگە لە پەڕلەمان هیچ ئەلتەرناتیڤێکی دیکە لەئارادا نییە.
لە پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بوو، بەردەوام بانگەوازی بۆ حکومەت دەکرد هەنگاو بۆ بەیاساییکردنی پڕۆسەکە بنێت بۆئەوەى پڕۆسەکە لە پڕۆژەیەکی پارتێکی سیاسیی وەک ئاک پارتی، ببێتە پڕۆژەیەکی دەوڵەت بۆ چارەسەریی پرسی کورد و ئاشتەوایی لەو وڵاتە، ئەوە بوو پڕۆسەکە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆتایی هات و شەڕ بە قورسی لە حوزەیرانی ٢٠١٥ لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا دەستیپێکردەوە، هەرچەندە لە پڕۆسەکەى پێشووتردا لەلایەن هەردوولاوە هەنگاوی باش نرا، بەڵام چونکە زەمینەیەکی فەرمیی و یاسایی لەئارادا نەبوو، لەناکاو دۆخەکە هێندە گۆڕا تەواوی ئەو هەنگاوە ئیجابییەکانی پاشەکشە پێکرد.
عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە، ساڵانێکە لە رێگەى پەیامە سیاسییەکانیەوە بۆ چارەسەری پرسی کورد، ئاماژەی بە پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەڕلەمان کردووە و لەوبارەیەوە پێشنیار و فۆڕمی جیاوازی خستۆتەڕوو. تەنانەت پێکهێنانی دەستەى عاقڵمەندان بیرۆکەى خودی ئۆجالان بوو کە حکومەتى تورکیا لە پڕۆسەکەی ٢٠١٣ دا هەنگاوی بۆ نا. کاری ئەم دەستەیە سەردانی پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان بوو تاکوو رایگشتیی بۆ پرۆسەکە و بۆ ئاشتەوایی ئامادەبکەن.
بەشداریی زۆرێک لە پارتە سیاسییەکان لە دیدارەکانی پڕۆسەی چارەسەریی گرنگە. لە پڕۆسەکەى ئەمجارە دەرفەتەکە گونجاوترە بە بەراورد لەگەڵ پڕۆسەکەی پێشووتر، لەبەرئەوەی لە پڕۆسەکەى پێشووتر تەنها ئاک پارتی و هەدەپە دیداریان پێکەوە هەبوو، بەڵام لەم پڕۆسەیەدا، پارتی بزاڤی نەتەوەپەرست (مەهەپە) کە هاوپەیمانی سیاسیی ئاک پارتییە و پارتێکی کاریگەرە لەسەر شەقامی ناسیۆنالیزمی تورکیی، هەروەها پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی ئەو وڵاتە و سێ پارتی سیاسیی دیکەش لە چوارچێوەی پڕۆسەکە لەگەڵ دەم پارتیدا چەندین کۆبونەوەیان ئەنجامداوە. بەشێک لەو پارتانەش دیدیان لەسەر پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی هاوبەش لە پەڕلەمان ئیجابییە و لەوبارەیەوە سەرۆکی پارتەکان لێدوانیان هەبووە. تائێستا تەنها ئیی پارتی دژایەتی پڕۆسەکە دەکات و ئامادەنییە بەشداریی کۆبونەوەکان بکات.
ئەم پێشهاتە دەرفەتێکی زێڕین دەڕەخسێنێت بۆئەوەى کۆدەنگییەک لە پەڕلەمان دروست ببێت بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک و بە یاسایی کردنی پڕۆسەکە و گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوەکانی چارەسەریی پرسی کورد لە پەڕلەمانی ئەو وڵاتە و گەیشتن بە رێککەوتن بۆ هەموارکردنەوەى دەستوور. ئەمە یەک لە خاڵە ئیجابییەکانی پڕۆسەی ئەمجارەیە کە لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆی زیاتری لەسەر دەکرێت.
پێشهاتێکی گرنگی دیکە ئەوە بوو لە چەند رۆژی رابردوودا، شاندێکی دەم پارتی بە یاوەری تونجەر بەکرهان هاوسەرۆکی پارتەکە، سەردانی شەش پارتی سیاسیی باکووری کوردستانی کرد. ئەم پارتانە لە دەرەوەى هێڵی پەکەکە سیاسەت دەکەن و پێشتر بانگەوازیان کردبوو هەر چۆن دەم پارتی سەردانی سەردانی شەش پارتی سیاسیی تورکیای کردبوو، سەردانی ئەوانیش بکەن بۆئەوەى گفتوگۆ و بۆچونی خۆیان لەسەر پڕۆسەکە بخەنەڕوو. ئەو پارتانەی لەگەڵ دەم پارتی کۆبونەوە هەریەک لە پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا، پارتی ئازادی، پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی ئازادی و مرۆڤ، کۆمەڵەى کەلتوور و شۆڕشگێڕی دیموکرات.
بەڵام هەریەک لە پارتی ئازادی و ماف (هاک پار) و پارتی نیشتیمانپەروەری کوردستان بەشدارییان لەو کۆبونەوانە نەکردووە.
گولجان کەچماز پەڕلەمانتاری دەم پارتی، ئەندامی شاندەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا دەربارەی کۆبونەوەکانیان لەگەڵ پارتە کوردییەکان بە کۆبونەوەیەکی ئیجابی ناوبردو گوتیشی: زانیارییمان لەسەر بەڕێوەچونی دیدارەکانی ئاشتیی بە لایەنەکان گەیاندووە و ئەوانیش بۆچون و سەرنجی خۆیان لەسەر پڕۆسەکە بە ئێمە گوتووە.
هەرچەندە ئەم پارتە سیاسییانە سەرەڕای ئەوەی هەندێکیان دەیان ساڵە سیاسەت دەکەن، بەڵام خاوەن پێگەی جەماوەریی بەهێزن نین بە ئەندازەى ئەوەى نوێنەرى خۆیان بنێرنە پەڕلەمان، رێژەى دەنگدەریان لە باکووری کوردستان لەنێوان سەدا یەک بۆ سەدا سێ بەگوێرەى پارت و ناوچە دەگۆڕێت، راستییەکی دیکەش ئەوەیە کە پارتە سیاسییەکانی باکووری کوردستان ساڵانێکە پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ یەکتردا نییە و نەیانتوانیوە هاوپەیمانێتییەکی مەودا درێژ لەنێوانیاندا هەبێت، گەرچی ئەم پارتە سیاسییانە دەربارەى چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا مۆدێلی فیدراڵی یاخوود رێگەچارەسەری دیکەیان خستۆتەڕوو، بەڵام ساڵانێکە لەیەک خاڵدا کۆکن ئەویش ئەوەیە سەرجەمیان لەدژى خەباتی چەکداریی پەکەکە دەوەستنەوە و لەوباوەڕەشدان خەباتی چەکداریی خزمەت بە چارەسەریی پرسی کورد لەو وڵاتە ناکات.
لەلایەکی دیکەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بو سەر ئێران بەشێکی زۆری رۆژەڤی سیاسییەکانی تورکیای سەرقاڵکرد، بەو هۆیەشەوە وادەبینرێت هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتیی وەستابێت، بەڵام تولای هاتیمئۆغڵوڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە رۆژى سێشەممە ٢٤ ى حوزەیران، ئاماژەی بەوەکرد پڕۆسەکە نەوەستاوە بەڵام سستی پێوەدیارە و جارێکی دیکە داوایکرد بەزووترین کات کۆمیسیۆنەکە پێکبهێنرێت و ئاماژەی بەوەشکرد لەم قۆناغەدا دەم پارتی و ئۆجالان پێکهێنانی ئەو کۆمیسیۆنە بە گرنگ دەزانن.
زانیارییەکی دیکەى هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەوەی ئاشکرا کرد بەم نزیکانە سەرۆکی پەڕلەمان کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکان ئەنجامدەدات بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی هاوبەش لە پەڕلەمان.
تائێستا دیدارەکانی نێوان لایەنی کورد و تورک لەلایەن سیاسییەکانەوە لە هۆڵی کۆبونەوەکاندا و لەپشتی درگاکانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، دەشێ ئەم هەنگاوە فۆڕمێکی یاسایی و فەرمی بە پرۆسە بدات و لە قۆناغەکانی داهاتوودا هەنگاوی ئیجابی لێبکەوێتەوە تەنانەت شەفافیەتێکیش بە پرۆسەکە بۆ رایگشتی بدات.
بڵاوکردنەوە