13 تشرینی یەکەم 2026
لە سلێمانی کۆبوونەوەیەک بۆ بەشێک لە دەرئەنجام و راسپاردەکانی لوتکەی سلێمانی بەڕێوەچوو، کە تێیدا شاندێکی بانکی نیشتیمانیی عێراقی (NBI) و زیاتر لە 25 وەبەرهێنەر و خاوەن پڕۆژە لە سلێمانی و دەورووبەری بەشداربوون. کۆبوونەوەکە ئامانجی بەکرداریی کردنی راسپاردەکانی لوتکەکەی هەبوو، لە بواری دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
دووشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2026، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک لە نووسینگەی سلێمانیی جێگری سەرۆک وەزیران و بە سەرپەرشتی مامۆستا عەتا محەمەد، بەرپرسی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت بەڕێوەچوو. گفتوگۆکان لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی تواناکانی بانکی نیشتیمانیی عێراقی بۆ تەمویلکردنی پڕۆژەکان، پاڵپشتیی کڕیاران و وەبەرهێنەران و دابینکردنی قەرزی درێژخایەن چڕ بوونەوە.
گۆڕینی پێشنیازەکان بۆ کردار
کۆبوونەوەکە بەشێکە لە پرۆسەی بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامەکانی لوتکەی سلێمانی، کە 17 و 18/9/2026 لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن و بەهاوبەشیی ژووری بازرگانی سلێمانی، ناوەندی، کۆمپانیای مونلاین ناوەندی دارایی و ئابووری لە سلێمانی رێکخرا و بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانکەکان، وەبەرهێنەران و نوێنەرانی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی بەشدارییان تێدا کرد. ئامانجی لوتکەی سلێمانی گۆڕینی راسپاردەکان بۆ رێکاری کرداری و بەهێزکردنی هەماهەنگی لەنێوان کەرتی بانکی و وەبەرهێنانە.
دابینکردنی سەرچاوەی دارایی
د. دیدار عەبدولقادر بەرپرسی بەشی توێژینەوەکانی دامەزراوەی ڤیژن هاوکات وەک نوێنەری دامەزراوەی ڤیژن لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو؛ دەڵێت" ئەم هەنگاوانە بە ئامانجی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، ئاسانکردنی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە یەکەی نیشتەجێبوون و دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ پێشخستنی پڕۆژەکان دەگیرێنەبەر".
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، راسپاردەکانی لوتکەی سلێمانی و توێژینەوەی ( دامهزراندنى سيستمى بارمتەی خانووبەرە (Mortgage)؛ نەخشەڕێگایەکی ستراتیجی بۆ چالاککردنەوەی بازاڕی نیشتەجێبوون و تەمویل)ی ڤیژن فاوندەیشن ، دەبنە بنەمای کارکردن لە بوارە جیاوازەکان، بە تایبەتی بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو کەرتی بانکی و وەبەرهێنان.
توێژینەوە وەک بنەما
مانگی حوزەیران 2026 ڤیژن فاوندەیشن توێژینەوەیەکی ئەنجامدا، بە وردی و لە روانگەیەکی گشتگیرەوە، تیشک دەخاتەسەر رەوشی بنەڕەتیی هەرێمی کوردستان لە بواری دابینکردنی دارایی بۆ کەرتی خانووبەرە. هەروەها گەڕانە بەدوای ئەو هۆکارانەی وایان کردووە هەرێمی کوردستان سەرەڕای بوونی یاسای وەبەرهێنان، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، خواستی زۆر بۆ یەکەی نیشتەجێبوونی گونجاو و هەبوونی پرۆسەی تۆمارکردنی موڵک، هێشتا نەبووەتە خاوەنی سیستمێکی کارا و ڕێکخراوی بارمتەی خانووبەرە(Mortgage Finance).
ئاسانکاریی بۆ پڕۆژەکان دەکات
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، کە یەکێک لە بەشداربوانی کۆبوونەوەکە بوو، بە ڤیژن پرێس-ی رایگەیاند، بانکی نیشتمانیی عێراقی، بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردووە، کە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی دەرئەنجام و ئامانجەکانی لوتکەی سلیمانی و لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دراوە. بە وتەی ئەو، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر شێوازەکانی تەمویلکردنی پڕۆژەکان و دابینکردنی قەرزی درێژخایەن بۆ وەبەرهێنەران کراوە.
ئاشکراشیکرد، بانکی نیشتیمانیی عێراقی ئامادەیی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر وەبەرهێنەرێک وەک کەیسێکی تایبەت دەربڕیوە و بڕیارە پەیوەندی و بەدواداچوونی بەردەوام لەگەڵیان هەبێت، بۆ ئەوەی ئاسانکارییە پێویستەکان بۆ پڕۆژەکانیان زیاتر بکرێن. هەروەها باسی لەوەشکرد کە هەوڵی بەشداریکردنی بانکی دیکەش هەیە لەپرۆسەکەدا کە مەبەست لێی فراوانکردنی سەرچاوەکانی تەمویل و پاڵپشتیی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکان.
دەستکەوتی لوتکەی سلێمانی
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان،یەکێکی دیکەی بەشداربووی کۆبووونەوەکە بوو، باسی لە هەنگاوەکە کرد کە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و کارنامەی (لوتکەی سلێمانی 2026)، کۆبوونەوەکە ئەنجامدراوە "ئامانجی دابینکردنی تەمویل و نەختینەی دارایی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کەمی سیولەیە لەسەر پڕۆژە ستراتیژییەکان".
وتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەران، ئەم دیدارەی بە یەکێک لە گرنگترین و نایابترین کۆبوونەوەکانی سلێمانی بۆ کەرتی وەبەرهێنان لە قەڵەمدا و ئاشکرایکرد، بانکەکە بڕیاریداوە وەک کەیسی تایبەت و بە پلەی (VIP) ئاسانکاریی دارایی و بانکی پێشکەشی وەبەرهێنەران بکات؛ پێدانی کارتی بازرگانیی نێودەوڵەتی و قەرزی درێژخایەن بۆ پڕۆژەکان و کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون بخاتە بواری جێبەجێکردن.
"شاری سلێمانی بەهۆی پێگەی بەهێزی لە سێکتەرەکانی پیشەسازی، بیناسازی و گەشتوگوزاردا، خاوەنی خۆبژێوییەکی تەواوە و دەتوانێت ببێتە بزوێنەری ئابووری بۆ سەرانسەری عێراق؛ ئەگەر هاندانی بانکی و قەرزی پێویست بۆ پڕۆژەکان دابین بکرێت، ئەم سێکتەرانە دە هێندەی ئێستا گەشە دەکەن و رێگری لە چوونە دەرەوەی ملیۆنان دۆلاری سەرمایەی ناوخۆیی دەگرن" گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان وایگوت.
توێژینەوە بۆ چارەسەر
لە ماوەی رابردوودا، دامەزراوەی ڤیژن بە رێکخستنی دیدار، سیمینار، فۆکەس گروپ و مێزگرد، هەوڵیداوە کێشە و ئاستەنگەکانی کەرتە جیاوازەکان دەستنیشان بکات و رێگەی چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانەدا، راسپاردە و پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئامادە کراون و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، بە ئامانجی گواستنەوەیان لە قۆناغی گفتوگۆ و توێژینەوە بۆ جێبەجێکردن.
لە نوێترین هەنگاوەکاندا، دەرئەنجام و راسپاردەکانی لوتکەی سلێمانی، لەگەڵ توێژینەوەی (دامەزراندنی سیستەمی بارمتەی خانووبەرە (Mortgage)؛ نەخشەڕێگایەکی ستراتیژی بۆ چالاککردنەوەی بازاڕی نیشتەجێبوون و تەمویل)، لە کۆبوونەوەیەکدا لە نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک بنەمای کارکردن و هەنگاوەکانی داهاتوو پشتیان پێبەسترا. ئەم هەنگاوە هەوڵێکە بۆ پەیوەستکردنی دەرئەنجامی توێژینەوە و راسپاردەکان بە رێکارە کردارییەکان، بە تایبەت لە بواری وەبەرهێنان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی نیشتەجێبوون پەیوەست بە بانکەکان.
بڵاوکردنەوە