8 تشرینی یەکەم 2026
ڤیژن فاوەندەیشن
داڕشتنی پلانێکی هەمەلایەنە و گشتگیر بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە و فێرکردن، ریفۆرمی پەروەردەیی و گونجاندنی پرۆگرامەکان لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهان، داڕشتنی پلانی کردەیی لەسەر بنەمای دەرفەت و بەربەستەکان، تەوەری سەرەکیی فۆکەس گروپێکی دامەزراوەی ڤیژن بوو لەسەر کەرتی پەروەردە و فێرکردن.
رۆژی پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە بەشداریی دەستەبژێرێک لە شارەزایان و پسپۆڕان، سەرپەرشتیاران و راهێنەرانی پەروەردەیی، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، مامۆستایان و پەروەردەکاران، فۆکەس گروپێک لە دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لەسەر کەرتی پەروەردە و فێرکردن بەڕێوەچوو، وەک بەشێک لە داڕشتنی پلانێکی ستراتیجی کردەیی درێژخایەن لە سەرجەم بوار و سێکتەرەکاندا.
لە فۆکەس گروپەکەدا، بەشداربووان گفتوگۆیان لەسەر خاڵە بەهێز و لاوازەکان، دەرفەت و بەربەستەکانی بەردەم کەرتی پەروەردە کرد لە سەرجەم بوارەکانی تایبەت بە پرۆگرام و پێداویستییەکانی خوێندن، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستا و رابردوو و چاوەڕوانییەکان بۆ داهاتوو. کوالێتی پەروەردە و فێرکردن لە ناوەندەکانی خوێندن، لێهاتوویی مامۆستایان و قوتابیان. شێوازەکانی وانەوتنەوە، بەرنامەکانی راهێنانی مامۆستایان. گرفتەکانی بواری کارگێڕیی و بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی خوێندن، ئاستی چاودێریی و هەڵسەنگاندن. باڵەخانە و ژینگەی ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن، فەلسەفەی پەروەردە و گونجاندنی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهان، هەڵسەنگاندنی سەرخان و ژێرخانی پەروەردە و فێرکردن.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی پلانەکانی حکومەت بە بەشداریی کەرتی تایبەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و رێکخراوە تایبەتمەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و بەشداریی پێکردنیان لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن.
گفتوگۆ و بۆچوونی بەشداربووانی فۆکەس گروپەکە، لە چوارچێوەی پۆڵسی پەیپەر و توێژینەوەیەکی زانستی لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بڵاودەکرێتەوە، راسپاردە و پێشنیازەکانی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.








بڵاوکردنەوە