6 تشرینی یەکەم 2026
ڤیژن فاوندەیشن
گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی گەشتوگوزار لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، لە فۆکەس گروپێکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی تاوتوێ کران، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان و بوژاندنەوەی ئەم کەرتە.
سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، فۆکەس گروپێکی تایبەتی لەسەر چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بەڕێوەبرد، کە تێیدا گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی گەشتیاری و رێکارە پێویستەکان بۆ باشترکردنی کەرتەکە تاوتوێ کران.
بەشداربووانی فۆکەس گروپەکە، لە بەرپرسانی حکومی، کەسانی ئەکادیمی و خاوەنی بەشێک شوێنە گەشتیارییەکان پێک هاتبوون، تێدا کێشەکانی ئەم کەرتەیان خستەڕوو؛ لەوانە نەبوونی پلانێکی هاوبەش لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت، نەبوونی رێگاوبانی گونجاو، گرنگی نەدان بە شوێنە مێژووییەکان و کەمیی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەشتیاران.
لە فۆکەس گروپەکەدا تیشک خرایە سەر کۆمەڵێک چارەسەر بۆ راکێشانی ژمارەی زیاتر لە گەشتیاران بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانە بەکارخستنینی پسپۆڕ و شارەزایانی بواری گەشتوگوزار، بەتایبەت دەرچووانی بەشی گەشتوگوزار، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان، هاندانی وەبەرهێنەران لە کەرتی گەشتیاری لە رێگەی ئاسانکارییەکانی مۆڵەتدان و کەمکردنەوەی باج و رسومات و گونجاندنی کەرتەکە لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان.
دەرئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجیەوە دەکرێتە نەخشەڕێگا و پلانێکی کرداریی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی گەشتیاری و پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان و بەرەوپێشبردنی ئەم کەرتە لە هەرێمی کوردستان.













بڵاوکردنەوە