هەرێمى كوردستان بەبێ وەزیری دارایی دانوستانی بوودجە دەکات

5 تشرینی یەکەم 2026

ڤیژن فاونده‌يشن

شاندی دانووستانی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بوودجە، بەبێ بەشداریی وەزیری دارایی دەچنە بەغدا و دوا داواکارییەکانی کورد لەسەر بوودجە و مووچە دەگەیەننە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە ئەگەری پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوە یان نەچوونەوەی بۆ وەزارەتی دارایی، دوو کەس دەبنە جێگرەوەی وەزیر و دانووستانەکانی بوودجە لەگەڵ بەغدا تەواو دەکەن.

شاندی دانووستان بەبێ وەزیر

بڕیارە لەم چەند رۆژەدا شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتووگۆکردن لەسەر یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2027 سەردانی بەغدا بکەن، بۆ دانووستانەکانی کۆتایی لەسەر پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.

بەپێی زانیارییەکان، شاندەکە پێکهاتوون لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار و شارەزای دارایی و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق کۆدەبنەوە. 

بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری، بەشداریی شاندەکە ناکات و حکومەتی هەرێم هێشتا جێگرەوەی دیاری نەکردووە.

وەزارەتی دارایی: وەزیر هیچ کارێکی فەرمی ئەنجام نادات

هەر لەوبارەیەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە؛ وەزیری دارایی، پێش پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی، سەرجەم کارە پێویستەکانی تاوەکو 29ـی ئەیلوول جێبەجێ کردووە، لەوانەش واژۆکردن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول. جەخت لەسەر هەڵوێستەکەی دەکاتەوە و لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەی سوورە و هیچ کارێکی دیکەی فەرمیی دوای ئەو بەروارە لەو پۆستەدا ئەنجام نەداوە و ئەنجامیشی نادات.

سەردانی شاندی دانووستان بۆ بەغدا

رۆژی یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، خاليد شوانی، وەزیری دادی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بوودجە سەردانی بەغدا دەکەن، کۆبونەوەکانیان دەست پێدەکەن سەبارەت بە یاسای بودجەی عێراق. ووتیشی: "لەناو رەشنووسی ئەو پڕۆژەیەی لە ئەنجومەنی وزاری ئابووریی پەسەندکراوە و بەرزکراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران موچەی فەرمانبەران گرەنتی  کراوە و جێگیرکراوە."

بەپێی زانیارییەکانی ڤیژن پرێس، بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە، شاندی باڵای دانوستان و شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی سەردانی بەغدا بکەن، بەڵام بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی، شاندی باڵای دانوستان سەردانی بەغدای نەکردووە، تەنها شاندی تەکنیکی وەزارەت چوونەتە بەغدا و لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول و تەرازوی پێداچوونەوەی مانگی ئاب رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن.

دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی

رۆژی پێنجشەممە یەکی تشرینی یەکەمی 2026، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند. 

سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی دەستلەکارکێشانەوەکەی، ئاوات جەناب نووری دەڵێت: دەستلەکارکێشانەوەم دەگەڕێتەوە بۆ تەدەخولی خراپی ئیدارەی سلێمانی لە کاروباری فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی، کە گەیشتە ئەو ئاستەی لە رێگەی تۆقاندن و هەڕەشەکردن لە 29ـی ئەیلوولی 2026 فەرمان بە فەرمانگەکانی وەزارەت لە سنوری سلێمانی دراوە هەر فەرمانبەرێک پابەندبێت بە فەرمان و بڕیارەکانی وەزیری دارایی و ئابووری، سزا دەدرێت. بۆیە لە کەشوهەوایەکی لەو شێوەیەدا ناتوانێت کار بکات و بێدەنگ بێت بەرانبەر چەوساندنەوەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی، هەر بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.

جێگرەوەی وەزیری دارایی

بەپێی زانیاریی و بەدواداچوونەکانی ڤیژن پرێس، بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارانییە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش نزیک نییە. پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیریش پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمانە، بۆیە لە حاڵەتی پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیر لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، وەزیرێکی دیکە رادەسپێردرێت کاروبارەکانی وەزارەت بە وەکالەت بەڕێوەببات، یان دەسەڵاتەکان دەدرێتە بریکاری وەزارەت. 

بەهۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریکاری نییە، بۆیە وەزیرێکی دیکە بۆ کاروبارەکانی وەزارەت رادەسپێردرێت، تا ئەوکاتەی پۆستی وەزارەتەکە پڕدەکرێتەوە.

لە حاڵەتی نەگەڕانەوەی ئاوات جەناب نووری بۆ وەزارەت، یەکێک لە وەزیرانی حکومەت کە وەزارەتی دارایی بەڕێوەدەبات دەبێتە ئەندام یان سەرۆکی شاندەکانی دانووستانی حکومەتی هەرێم، یان بەڕێوەبەرێکی گشتی ناو دیوانی وەزارەت، ئەرکی بریکاری وەزارەتی دارایی بە وەکالەتی پێدەسپێردرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ڤیژن پرێس، نزیکترین کەس بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی وەزارەتی دارایی بکات لە شاندی دانووستانی حکومەتی هەرێم، بەڕێوەبەری گشتی بوودجە، یان بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاریین، هەرچەندە پێشترییش بەشداریی شاندەکانی تەکنیکی و دانووستانی وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی

داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی عێراق، خۆی لە چەند خاڵێکی سەرەکییدا دەبینێتەوە ئەوانیش: زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی 2027 لە رێژەی 12.67% بۆ %14.14 ئەوەش بەپێی دەرئەنجامی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی ساڵی 2024.

ئەگەر ئەو داواکارییە جێبەجێبکرێت، بەرکەوتی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی دەگاتە 29 تریليون دينار، 6.4 تریليون دينار بۆ بودجەی وەبەرهێنان و 22.6 تریليون دينار بۆ بوودجەی بەکاربردن.

بوودجەی بەکاربردن چەند بوارێک دەگرێتەوە ئەوانیش، 11.7 تریليون دينار بۆ مووچە، بەراورد بە بوودجەی ساڵی پێشوو 2.2 تریليون دينار زیاترە. بەهۆی داواکاریی نوێکردنەوەی 24 پلەی وەزیفی نوێ و جێگیرکردنی هەزاران فەرمانبەری گرێبەست بە فەرمانبەری هەمیشەیی لە بودجەی گشتی 2027. 

هەروەها زیادکردنی مووچەی دەستبەری کۆمەڵایەتی و خانەنیشیان بۆ 6.1 تريليون دينار، لەکاتێکدا لە بودجەی 2025 بە 3.2 تريليون جێگیرکرابوو، بەشێکی پەیوەستە بە زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ مووچەی خانەنشینان. 

وەزارەتی دارایی پشکی هەرێمی یەکلایی کردووەتەوە

رۆژی 10ـی ئابی ئەمساڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دوای زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنە بۆ خەرجییەکان، داهاتی گشتی و میلاکی گشتی حکومەت، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی 2027 راگەیاند. پڕۆژەکە بە هەردوو شێوازی کاغەزی و ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین)، رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد کراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لەم پڕۆژەیەدا، سەرجەم شایستە داراییەکان، خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی جێگیرکراون، لەوانە:

-دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان. 

-دابینکردنی موچە بۆ خێزانی کەمدەرامەت و هاوتاکردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان لەگەڵ بەغدا. 

-دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان. 

-جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو. 

-هاوتاکردنی موچەو شایستە داراییەکانی پێشمەرگە. 

-هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشویان. 

-چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی کە بە هۆکاری جیاواز لە سیستمی بایۆمەتری (UPN) تۆمار نەکراون یاخود کێشەیان هەیە. 

-دابینکردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان (الموازنة الاستثمارية). 

-بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان. 

-دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، خاوەن بڕوانامە باڵاکان، پزیشکانی گشتی و ددان و دەرمانساز و هاوپیشە تەندروستییەکان. 

وەزارەتی دارایی و ئابووری جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامادەکارییە چڕ و وردە، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە بەربەستەکانی بەردەم شایستە داراییەکانی هەرێم. 

بوودجەی عێراق

دوای تێپەڕاندنی ساڵی (2026) بە بێ بودجە و تەواوکردنی بودجەی سێینە یان سێ ساڵیی (2023-2024-2025)، حکومەتی عێراق لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵییە بۆ ساڵی 2027.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ ڤیژن پرێسی ئاشکرای کرد: تەرخانکراوەکانی بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027 دەگاتە نزیکەی 200 تریلیۆن دیناری عێراقی.

ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق بە نیازە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا رەوانەی پەرلەمان بکات، گەر حکومەتیش لەو کاتەدا پێشکەشی بکات، لە سەرەتای ساڵی نوێیدا عێراق دەبێتە خاوەنی بودجە.

بەپێی زانیارییەکان، بودجەی ساڵی 2027 نزیکەی 200 تریلیۆن دینار دەبێت، لەو بڕەش 150 تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوەکان و 50 تریلیۆن دیناریشی بۆ بودجەی بەرنامە و پڕۆژەکان دەبێت.

حکومەتی عێراق، چەند بژاردەیەکی داناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دابەزینێک لە داهاتە نەوتییەکاندا، لەوانە قەرزکردن، پەرەپێدانی هێڵەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق، لە رێگەی بەندەری بانیاسی سووری و عەقەبەی ئوردنییەوە، سەرەڕای جەیهانی تورکی، بۆ ئەوەی ببنە جێگرەوە لە ئەگەری پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.

پشکی هەرێمی کوردستان

پشتبەستن بە دوایین سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق کە کۆتایی ساڵی 2024، ئەنجامدرا، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن و 500 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، لە کۆی 46 ملیۆن دانیشتوانی عێراق، بەوەش رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەکاتە 14.14%ـی کۆی گشتی دانیشتوانی عێراق.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوە فەرمییەکان و لە رێگەی شاندەکانی بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی داوای پشکی راستەقینەی خۆی دەکات لە بودجە، کە بە 200 تریلیۆن دینار دەخەمەڵێنرێت، بەوەش پشکی هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی 29 تریلیۆن دینار.

لەکاتێکدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵانی رابردوو 12.7% دانرابوو، جیاواز لە ساڵانی 2008 بۆ 2013، کە 17%ـی بودجەی گشتی عێراقی بۆ تەرخان دەکرا.