لە دارستانەکانی ئەوروپاوە تا کەمپەکانی لیبیا؛ کۆچی نایاسایی گەنجانی کورد بەردەوامە  

4 تشرینی یەکەم 2026

 

سەرەڕای ئەوەی بەپێی ئامارەکان، رێژەی کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستان کەمیکردووە، بەڵام رێڕەوە مەترسییدارەکان زیادیانکردووە. رێگاکانی کۆچ بەردەوامن لە دروستکردنی تراژیدیا و هەڵدانەوەی دۆسیەی نوێی گیانلەدەستدان و دەستبەسەرکردنی کۆچبەرانی کورد لە وڵاتانی جیهاندا.

محەمەد نوێترین قوربانیی کۆچ

لە نوێترین رووداودا کە جارێکی دیکە مەترسییەکانی رێگای کۆچی نایاسایی و قاچاخی خستەوە بەرباس، گەنجێکی خەڵکی کەلار بەناوی محەمەد فەرەج، لەنێو جەنگەڵەکانی فەڕەنسا گیانی لەدەستدا.

بەپێی زانیاری و سەرچاوەکانی کۆچبەران، رووداوەکە دەرئەنجامی پێکدادان و شەڕی نێوان دوو گروپی قاچاخچیی کورد بووە.

محەمەد؛ کە پێشتر ماوەیەک لە ئیتاڵیا و دواتر چووەتە فەڕەنسا، تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی فەڕەنسا، لە ئێستاشدا چالاکوانانی بواری کۆچ لە هەوڵی بەردەوامدان لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان، بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بەمەبەستی گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ زێدی خۆی لە هەرێمی کوردستان.

دۆزەخی لیبیا؛ بێسەروشوێنبوون و ئەشکەنجەی کۆچبەران

دۆسیەی کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە لیبیا لەسەر ئاستی فەرمی و نێودەوڵەتی بووەتە جێی بایەخێکی گەورەی میدیا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆچ.

ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئاشکرای کرد، بەدواداچوونی چڕ دەکەن بۆ چارەنووسی 18 کۆچبەری عێراقی کە بەشێکیان کوردن. نیگەرانی و گومانی خۆی نیشاندا لەوەی رەنگە ئەو کۆچبەرانە لە دەریای ناوەڕاستدا خنکابن، هەرچەندە هێشتا بە فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی لیبیاوە ئەم هەواڵە یەکلایی نەکراوەتەوە.

هاوکات، باڵیۆزخانەی عێراق ئاماژەی بە دەستبەسەرکردنی گروپێکی 36 کەسی لە کۆچبەرانی کورد کردووە لەلایەن گروپ و دەزگا ئەمنییەکانی لیبیاوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی تەڕابلووس.

دۆخی کۆچبەران

ئەو گەنجانەی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی لیبیا رزگارکراون، گێڕانەوەی تاڵ لەسەر قەرەباڵغیی و نائاسایی ژوورەکان، بێبەشبوون لە سەرەتاییترین ماف و پێداویستی تەندروستی و رووبەڕووبوونەوەی ئەشکەنجە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و قاچاخچییەکانەوە دەخەنەڕوو.

گەڕاندنەوەی 388 گەنج لە لیبیاوە

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی ئاوارە و گەڕاوەکان، 388 گەنجی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و رێکخراوی کۆچ گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، چاوەڕوان دەکرێت 33 کۆچبەری دیکەش لە کامپەکانی لیبیاوە بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەوە لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM)، ژمارەی کۆچبەران لە وڵاتی لیبیا لە نێوان مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا گەیشتبووە نزیکەی 950 هەزار کەس.

کەمبوونەوەی کۆچ و زیادبوونی مەترسی

به‌پێى ئامارێكى سەرپەرشتیاری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بە پشتبەستن بە ئامارە نێودەوڵەتییەکان و داتای ئەوروپا و بەریتانیا، لە ئەیلوولی 2026 ئاماژە بە وەرچەرخانێکی نوێ لە کۆچی گەنجاندا دەکەن، بەجۆرێک لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، کۆچی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 53% بۆ 57% بەراورد بە ساڵانی پێشوو کەمیکردووە.

داواکارییەکانی پەنابەریی لە ئەوروپا

 لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی 232 هەزار داواکاریی پەنابەریی لە سەرتاسەری ئەوروپادا تۆمار کراون، کە بەشێکی زۆریان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، ئەم ژمارەیەش بە رێژەی 17% لە هەمان ماوەی ساڵی 2025 کەمترە.

کۆچبەرانی گەیشتوو بە ئەوروپا

 تا سەرەتای وەرزی پایز، چوونی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە رێژەی 39% کەمیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 60 هەزار کەس لە رێگەی دەریاوە، لە بەرامبەر زیاتر لە 98 هەزار کەس لە ساڵی رابردوو.

سەرەڕای ئەو کەمبوونەوەیەش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەنێوان 10 بۆ 15 هەزار هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپایان داوە، کە زۆرینەیان لە گەنجان و خێزانەکانی هەرێمی کوردستانن زۆرترین رێژەیان لە ناوچەکانی راپەڕین، گەرمیان، سۆران و دهۆکن.

قوربانییانی رێڕەوە مەترسیدارەکان

رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ هۆشداریی دەدات؛ لەوەی دابەزینی ژمارەی کۆچبەران نەبووەتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسییەکان، بەڵکو رێژەی گیانلەدەستدان بەرزبووەتەوە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی قاچاخچییەکان بەهۆی توندوتۆڵبوونی چاودێرییە سنوورییەکان، پەنا دەبەنە بەر بەلەمی لاوازتر و رێڕەوی دوورە دەستتر لە قووڵایی دەریای ناوەڕاست، یۆنان و دەوروبەری دوورگەی کریت.

قوربانیانی رێگەی کۆچ 

بەپێی بەدواداچوونی مەیدانیی رێکخراوەکان بۆ قوربانیانی رێگای کۆچ: لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، چوار حاڵەتی قوربانیی کۆچبەرانی کورد تۆمارکراون، کە 3 گیانلەدەستدان و یەک بێسەروشوێن بوون.

ژمارەی کۆچبەران

لە ساڵی 2015 تا 2026، زیاتر لە 806 هەزار پەنابەری عێراق و هەرێمی کوردستان، بە زیندوویی لە وڵاتانی تاراوگە تۆمارکراون، لەکاتێکدا کۆی گشتیی ئەو هاوڵاتییە عێراقی و کوردانەی، بەهۆی جەنگ و ناسەقامگیری دەیەکانی رابردووەوە لە دەرەوە دەژین، لە دەوروبەری چوار ملیۆن کەس بێت.

چاودێریی خاڵە سنوورییەکان

جووڵەی پەڕینەوە لە دەروازە سنورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رەهەندێکی دیکەی دۆسیەکەیە، لە دەروازەکانی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و سوریا، لە نێوان یەکی ئادار بۆ 31ـی ئایاری 2026، لە کۆی زیاتر لە 59 هەزار و 289 گەشتیار، 288 کۆچبەر تۆمارکراون. لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، کۆچبەران نزیکەی 90%ـی جووڵەی هاتن و چوون پێکدەهێنن.

لە دەروازەی باشماخیش لە مانگی حوزەیراندا، نزیکەی دوو هەزار جووڵەی چوونەدەرەوە تۆمار کراون کە بەشێکیان بە مەبەستی کۆچ بووە.

هاوکات بەپێی ئامارەکان، 37 هەزار و 980 کۆچبەری بیانی لە عێراقدا دەژین، لە بەرامبەردا 55 هەزارو 516 هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئێراندا تۆمار کراون. لە تورکیاش عێراقییەکان هێشتا لە ریزی پێشەوەی ئەو بیانیانەن کە داوای مافی پەنابەریی یان مانەوەی کاتی دەکەن.

کۆچی زۆرەملێ لە جیهاندا

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کۆچی زۆرەملێ لە جیهاندا لە دەوروبەری 117بۆ 118ملیۆن کەس جێگیر بووە، هاوکات کۆی ژمارەی کۆچبەرانی جیهان گەیشتووەتە 304 ملیۆن کەس (نزیکەی 3.7%ـی دانیشتووانی جیهانە).

هۆکارەکانی کۆچکردن

بۆشایی هەلی کار، نادڵنیایی لە داهاتوو و فشارە ئابوورییەکان وەک فاکتەری یەکلاکەرەوەی کۆچکردن ماونەتەوە. لە ئێستادا، دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM)، کار لەسەر داڕشتنی ستراتیژ و پلانێکی نیشتمانی دەکەن، تاوەکو لە رێگەی دەستەبەرکردنی سەقامگیری، گەشەپێدانی ئابووریی و رەخساندنی هەلی کاری شایستە بۆ گەنجان، رێگریی لە بەردەوامیی ئەم شەپۆلە مەترسیدارە بگرن و خەونی گەنجان لە زێدی خۆیاندا جێگیر بکەن، نەک لە کەناراوە نادیارەکانی ئەوروپا و زیندانەکانی لیبیادا، یان ببنە خۆراکی دەریاکان.