4 تشرینی یەکەم 2026
عێراق کەشتییەکی گەورەی نەوتهەڵگری بە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتەوە لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرد، بەراورد بە مانگی رابردوو هەناردەی نەوتی عێراق بە رێژەی 13٪ زیادیکردووە.
لە 3ـی ئۆکتۆبەری 2026، کۆمپانیای سۆمۆ هەنگاوێکی نوێی نا لە هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەویش بە گواستنەوەی 2 ملیۆن بەرمیل بە کەشتییەکی گەورەی جۆری VLCC کە تایبەتە بە گواستنەوەی نەوت. گرنگیی هەنگاوەکە تەنیا لە بڕی 2 ملیۆن بەرمیلەکەدا کۆنابێتەوە کە بە یەک کەشتی نێردراوە؛ بەڵکو لە شێوازی گواستنەوەکەدایە، چونکە نەوتەکە لە گەرووی هورمز تێپەڕێنراوە و بۆ دەرەوەی تەنگەکە گواستراوەتەوە، لە ماوەی چەند دەیەیەکدا ئەمە یەکەمجارە بەم رێژە زۆرە نەوتی عێراق دەگوێزرێتەوە.
هەنگاوێکی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت
ئەم شێوازە بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO) بژاردەی زیاتر دروست دەکات بۆ فرۆشتنی نەوت و گەیاندنی بە کڕیارەکانی. لە شێوازی ئاسایی، کە نەوتی عێراق لە بەندەری بەسرەوە بۆ کڕیاران دەچوون؛ بەڵام گواستنەوەی نەوتەکە بە کەشتییەکی تایبەت بە گواستنەوەی نەوتی عێراق و تێپەڕاندنی لە هورمز، توانای کۆمپانیاکە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی گواستنەوەی نەوت زیاتر دەکات.
عەلی قەیس عەبدولجەبار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی عێراق رایگەیاند: ئەم هەنگاوە دەتوانێت رێگە بۆ کۆمپانیای (SOMO) خۆشبکات و باشتر سود لە دەرفەتەکانی فرۆشتن و نرخدانان وەربگرێت. لەگەڵئەوەشدا کار لەسەر کڕین و خاوەندارێتی کەشتییە تایبەتمەندەکانی گواستنەوەی نەوت دەکەن بۆ فراوانکردنی توانای خۆیان لە هەناردەکردنی نەوتدا.
هورمز؛ شادەماری نەوتی عێراق
ئەم هەنگاوە لە بارودۆخێکی هەستیاردا دێت. گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێگا دەریاییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە لە ماوەی رابردوودا کاریگەریی لەسەر هاتوچۆی کەشتییەکان داناوە. بەوپێیەی لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵدا بە رێژەیەکی کەم کەشتی نەوتهەڵگر بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی و کاریگەریی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی ناوچەکە دروست کردبوو، عێراقیش لەم کاریگەرییە بێبەش نەبوو.
لەکاتی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و داخستنی گەرووی هورمز، عێراق هەناردەی رۆژانەی بۆ 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزی. هەناردەی مانگی شوباتی ئەمساڵ 3.7 ملیۆن بەرمیل بووە، لە کاتێکدا پێش جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران هەناردەی نەوتی عێراق لە رۆژێکدا نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیل بووە.
هەناردەی عێراق دەگاتە 2.65 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
دوای هێووربوونەوەی ئاڵۆزییەکانی و رێککەوتنی عێراق و ئێران بۆ رێگەدان بە تێپەڕینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی تایبەت بە عێراق بە گەرووی هورمزدا؛ وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە میدیاکانی راگەیاندووە: لە ئێستادا عێراق نزیکەی 2.65 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەناردە دەکات؛ بەپێی خەمڵاندنەکان مانگی ئابی 2026 تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق دەگاتە نزیکەی 79.5 ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا، بەوپێیەی هەناردەی عێراق نزیکەی 2.34 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە 2.65 ملیۆن، بەوەش نزیکەی 310 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادبووە کە دەکاتە نزیکەی 13٪ بەراورد بە مانگی رابردوو.
نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووریی عێراق، دەربارەی بەرزبوونەوەی هەناردە و داهاتی نەوتی عێراق، ئاشکرای کردووە: تێکڕای هەناردەی نەوت لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 2.65 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. لەم بڕە 2.4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە رێگای گەرووی هورمزەوە هەناردەکراوە، هاوکات 250 هەزار بەرمیلیش لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە کراوە؛ کە 140 هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و 40 هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی کەرکوک لەخۆدەگرێت، جگە لە هەناردەکردنی 70 بۆ 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە نەوتی بەسڕە بۆ کەرکوک تا لەوێوە هەناردەی بەندەری جەیهان لە تورکیا بکرێت.
نەوت؛ سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی عێراق
نەوت هێشتا سەرەکیترین سەرچاوەی داهاتی حکومەتی عێراقە، نزیکەی 90%ـی بودجەی حکومەتی عێراق بە داهاتی نەوتەوە پەیوەستە. زیادبوونی هەناردەی نەوت لە دوو مانگی رابردوودا بە مانای زیادبوونی داهات دێت؛ بەڵام هەموو داهاتەکە بە شێوەی پارەی کاش ناگوازرێتەوە. داهاتی نەوتی عێراق لە بانکە فیدراڵییەکانی ئەمریکادا کۆدەکرێتەوە.
لە کۆتایی ئەیلوولی 2026، حکومەتی عێراق رایگەیاند: گوژمەیەکی نوێی دۆلاری نەختینە لە ئەمریکاوە گەیشتووەتە عێراق، بەڵام بڕی ئەو گوژمەیەی ئاشکرا نەکردووە.
گەڕانەوەی ئەم نەختینەیە دوای رێککەوتنی بەغدا و واشنتن بۆ بەردەوامبوونی گواستنەوەی دۆلاری کاش هات، لە کاتێکدا لە 6ـی ئابی 2026 گوژمەی پێشوو بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار گەیشتبووە عێراق. ئەم پارەیە بەشێکە لە داهاتی نەوتی عێراق کە لە هەژماری بانکی فیدراڵی لە نیویۆرک هەڵدەگیرێت و بەشێکی بە شێوەی کاش بۆ بەکارهێنان لە بازاڕی ناوخۆ دەگوازرێتەوە.
دۆلاری کاش و جێگیری نرخی دینار
گرنگی گەڕانەوەی ئەم دۆلارە نەختینانە بۆ بازاڕی عێراق لەوەدایە کە دەتوانێت دابینکردنی دۆلار بۆ بازرگانی، گەشتیاران و مامەڵەکانی نەختینە زیاد بکات و فشار لەسەر بازاڕ و داواکاریی دۆلار کەم بکاتەوە و کاریگەری لەسەر جێگیری نرخی دینار دروستبکات؛ بەڵام بە مانای ئەوە نایات هەر گەڕانەوەیەکی بڕێکی دیاریکراو لە دۆلار، بەهای دینار بەهێز دەکات. کاریگەریی کۆتایی بە قەبارەی داهاتی نەوت، بڕی دۆلاری بەردەست، داواکاری بۆ دۆلار، هاوردە، متمانەی بازاڕ و سیاسەتەکانی بانکی ناوەندییەوە پەیوەستە.
کاتێک داهاتی نەوت زیاد دەبێت و دۆلارەکانی عێراق بە شێوەی سیستماتیک دەگەڕێنەوە بۆ ناو سیستمی دارایی، توانای بانکی ناوەندی بۆ دابینکردنی دۆلار و پاراستنی پشتگیریی دۆلار بۆ دینار زیاد دەبێت.
زیادبوونی پاشەکەوتی دۆلار، متمانە بە دینار زیاد دەکات و فشار بۆ سەر نرخی دۆلار کەم دەکاتەوە، بە پێچەوانەوە کەمبوونەوەی داهاتی نەوت یان کێشە لە گەیشتنی دۆلار بە سیستمی ناوخۆ فشار لەسەر دینار زیاد دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، هەر زیادبوونێک لە فرۆشتنی نەوت بە مانای بەهێزبوونی دینار ناگەیەنێت، بەڵکە نرخی نەوت، قەبارەی هەناردە، گەیشتنەوەی داهات، پێویستییەکانی دۆلار بۆ ناوخۆ و هاوردە، بەڕێوەبردنی پاشەکەوتەکان و متمانەی بازاڕ، هەموویان کاریگەرییان هەیە لە عێراق کە ژمارەیەکی زۆر لە داهاتی دۆلارەکەی لە دەرەوە دێت و بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ بە هاوردە پڕ دەکرێتەوە.
بڵاوکردنەوە