1 تشرینی یەکەم 2026
هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ ناوەندەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی میسر، پرسی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشووهەوا، کارەکانی ڤیژن و بۆردە تایبەتەکانی بۆ پرسی ژنان و گەنجان و ئاسایشی نیشتمانی، ناوەڕۆکی سەردان و گفتوگۆی شاندێکی ئەکادیمی و سیاسی میسر بوو بۆ دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی.
رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2026، شاندێکی ئەکادیمی، بیرمەند و سیاسیی میسر، بەئامادەبوونی سمکۆ هەڵمەت، یاریدەدەری بەڕێز قوباد تاڵەبانی، بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی، کەلەسەر بانگهێشتی بەڕێزیان ئەو وەفدە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، بە سەرۆکایەتی باڵیۆز شەریف شاهین، دیپلۆماتکار و باڵیۆزی پێشووتری میسر لە عێراق و ئەندامێتی هەریەک لە د.جەمال عەبدولجەواد، پسپۆڕی زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، د.حەسەن ئەبوتاڵب، نوسەر و رۆژنامەنووس و راوێژکاری سەنتەری ئەهرام بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیجی. د.شەریف عەبدولحەمید، توێژەر و ئەکادیمی و سەرنووسەری گۆڤاری کوردستان لە میسر و عادل فەخرانی، میدیاکار و رۆژنامەنووسی تایبەتمەند بە کاروباری کورد، سەردانی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجییان کرد.
فەرید ئەسەسەرد، رووناکبیر و سیاسەتمەدار و د.یاسین رەئوف نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وڵاتی میسر، یاوەری شاندەکە بوون.
لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڤیژن فاوەندەیشن، گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کارەکانی پێشووی ڤیژن لەسەرجەم بوارەکاندا کرا. کارەکانی بۆردی کۆمەڵایەتی تایبەت بە پرسەکانی ژنان و گەنجان، بۆردی ئاسایشی نیشتمانی گفتوگۆیان لەسەر کرا.
هەماهەنگی نێوان دامەزراوەی ڤیژن و دامەزراوە و سەنتەرەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی میسر، تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە بوو.

























بڵاوکردنەوە