ڤیژن فاوندەیشن خولێکی بۆ رۆژنامەنووسان رێکخست 

29 ئەیلوول 2026

خولێک بۆ رۆژنامەنووسان لەسەر رووبەڕووبوونەوەی هەواڵی چەواشەکاریی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا لە دامەزراوەی ڤیژن رێکخرا، بەشێک لە رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداربوون.

رێکخەرانی خولەکە

ڤیژن فاوندەیشن لەچوارچێوەی پرۆژەی (عێراق فلتەر) بەهاوبەشیی لەگەڵ رێکخراوی ئایدیا ئینتەرناشناڵ و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەهەماهەنگیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ٢٩ ئەیلولی ٢٠٢٦، خولێک بە ناونیشانی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی هەواڵی چەواشەکاریی (فەیک نیوز) بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا رێکخست. 

 خولەکە لە دامەزراوەی ڤیژن بۆ ژمارەیەک رۆژنامەنووس بەڕێوەچوو لەپاڵ بەڕێوەچوونی خولەکەدا باس لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست (ساختە هەواڵ) کرا کە ئێستا بەشێکی بڵاوکراوەی دەزگا میدییایەکانی گرتووەتەوە لە جیهاندا هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە نێویدا. 

چەواشەکاری تەنها هەواڵی ساختە نییە

رەنج شوکری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە هاوکات راهێنەرێکی نێودەوڵەتییە سیمینارێکی پێشکەش کرد و تێدا ئاماژەی بەوەکرد، چەواشەکاری میدیایی لەم ساڵانەی دواییدا، بە تایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد، بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ کۆمەڵگا. بە بڕوای ئەو، چەواشەکاری تەنیا هەواڵی ساختە نییە، بەڵکو دەکرێت لە شێواندنی هەواڵی راست، دەستکاریکردنی زانیاری و داتا، یان بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و دەنگی ساختەدا خۆی نیشان بدات؛ بە تایبەتی بەکارهێنانی (AI) بۆ دروستکردنی ناوەڕۆک،Deepfake  وای کردووە جیاکردنەوەی راستی لە ساختە لە یەکەم بینین ئاسان نەبێت.

راهێنەرەکە جەختیشی کردەوە چەواشەکاری لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردندا دەکرێت رووبدات؛ لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و تۆمارکردنی پارت و کاندیدەکانەوە تاوەکو هەڵمەتی هەڵبژاردن، رۆژی دەنگدان و راگەیاندنی ئەنجامەکان. سێ جۆری سەرەکی چەواشەکاری دەخاتەڕوو: Disinformation، واتە هەواڵی ساختە و بە مەبەست دروستکراو؛ Misinformation، واتە زانیاری هەڵەی بێ مەبەست، وەک بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی کۆن و پیشاندانی وەک رووداوێکی نوێ؛ Malinformation، واتە بەکارهێنانی زانیارییەکی راست بە مەبەستی زیانگەیاندن بە کەسێک یان لایەنێک.

ئەو راهێنەرە ئاماژەی بەوەشکرد، کەمی زانیاری، نەبوونی متمانە، واتە وات (هانی هانی)، کێبڕکێی سیاسی و هەروەها بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆک لە سۆشیال میدیا، ژینگەیەکی گونجاو بۆ پەرەسەندنی چەواشەکاری دروست دەکەن. هۆشداریشیدا، چەواشەکاری دەتوانێت متمانەی دەنگدەر بە کۆمسیۆن و پرۆسەی هەڵبژاردن کەم بکاتەوە، ناکۆکی لە نێوان کاندیدەکان و دەنگدەران دروست بکات و تەنانەت کاریگەری لە بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردندا هەبێت. بۆیە جەخت لە پشتبەستن بە سەرچاوەی راستەقینە، پشکنینی زانیاری پێش بڵاوکردنەوە و چاککردنەوەی هەر هەڵەیەک دەکاتەوە، هەروەها رونیشیکردەوە نابێت زانیارییەک بڵاو بکرێتەوە کە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

چۆن زانیارییەکان پشت راست بکرێنەوە؟ 

ئاسۆ وەهاب، راهێنەری نێودەوڵەتی لە بواری تەکنەلۆجیا و یەکێکی دیەکە لە راهێنەرانی خولەکە، لە بابەتی (هەواڵگریی سەرچاوەکراوەکان) یان OSINT روونیکردەوە، ئەم شێوازە یارمەتی رۆژنامەنووسان و پەیامنێران دەدات زانیارییە بەردەستەکان لە سەرچاوە کراوەکان کۆبکەنەوە و پشکنینیان بۆ بکەن و بە بەڵگەی جێگیر پشتڕاستیان بکەنەوە.

لە بەشێکی خولەکەداکەدا گرنگی بە دۆزینەوەی زانیارییە شاراوەکانی ناو داتا و وێنەکاندرا و راهێنەر ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم داتایانەی لەسەر دیکۆمێنتەکان هەیە دەتوانن زانیاری لەسەر کاتی وێنەگرتن، جۆری ئامێری بەکارهاتوو و شوێنی جوگرافیی وێنەکە لەخۆ بگرن. هەروەها روونی کردەوە، هەندێک پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داتای دیکۆمینتەکان بە شێوەی ئۆتۆماتیکی دەسڕنەوە، بۆیە بۆ پشکنینی تەواوی زانیارییەکان پێویستە فایلە سەرەکییەکان بەکاربهێنرێن.

بەشێکی دیکەیی ئەو سیمینارەی ئاسۆ وەهاب لە میانی خولەکەدا پێشکەشی کرد، تایبەت بوو بە دیاریکردنی شوێنی جوگرافیی وێنەکان، بەراوردکردنی نیشانە بینراوەکان لەگەڵ وێنەی مانگی دەستکرد و نەخشەکان، هەروەها ناسینەوەی هەڵمەتە چەواشەکارەکان و بۆت ‌نێتەکان. راهێنەر ئاماژەی بە نیشانەکانی هەڵمەتە چەواشەکارەکان کرد، لەوانە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی زۆر لە ماوەیەکی کەم، نەبوونی وێنەی رەسەن یان بەکارهێنانی وێنەی دروستکراوی AI، شێوازی نائاسایی لە پۆستکردن و دووبارەکردنەوەی هەمان ناوەڕۆک لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکان. 

دابەشکردنی بروانامەو بۆچونەکان

لە خولەکەدا رۆژنامەنووسانی بەشدار، بە بۆچوونەکانیان بەشداریان کردوو سەرنج و ئەزموونیان لە رابردوودا لە چوارچێوەی ناونیشانی خولەکە خستەڕوو. لە کۆتایی خولەکەشدا، بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا و خولەکە کۆتایی هات.

خولەکە لەلایەن ڤیژن فاوندەیشن، لە چوارچێوەی پرۆژەی (عێراق فلتەر)، بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی ئایدیا ئینتەرناشناڵ و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و بە هەماهەنگیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رێکخرا.

ڤیژن فاوندەیشن لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا، بە بەردەوامی دیدار، سیمینار، فۆکەس گروپ و خولی راهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان عێراق رێکدەخات؛ مەبەستی لێی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری، گەشەپێدان و بەهێزکردنی تواناکانی تاک و کۆمەڵگا لە سێکتەرە جیاوازەکان، بە ئاراستەی خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی گشتی.