29 ئەیلوول 2026
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریداوە سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بکات بە هەمیشەیی، فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستانیش دەیانەوێت هاوشێوەی هاوتاکانیان لە عێراق بکرێن بە هەمیشەیی، داواکارییەکانیشیان گەیاندراوەتە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان و هەردوو وەزارەتی دارایی و چاوەڕوانن لە یاسای بودجەی 2027 بڕیار لە چارەنووسیان بدرێت.
رەشنووسی بودجە پەسەندکرا
رۆژی یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2027، ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری عێراق رایگەیاند: رەشنووسی کۆتایی بوودجەیان پەسەند کردووە و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە بۆ ئەوەی پەسەندی بکەن و ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بکەن بەمەبەستی گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی.
بەهەمیشەییکردنی گرێبەسەکان
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رۆژی 20ـی ئەیلوول رایگەیاند: بڕیاریانداوە بە جێگیرکردنی سەرجەم گرێبەستەکان لەسەر میلاکی هەمیشەیی لە چوارچێوەی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2027.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە، دۆسیەی گرێبەستەکان، ئەوانەی بە کرێی رۆژانە کاردەکەن، خراوەتە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵییەوە، دوای ئامادەکردنی سەرجەم زانیاری و ئامارەکان و تێچوو و تەرخانکراویی دارایی بۆ ئەو دۆسیەیە.
فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێم
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 87 فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست کاردەکەن لە چوارچێوەی (گرێبەستی ئاسایی، گرێبەستی پەرەپێدان، گرێبەستی ناوخۆ، کرێی رۆژانە و مامۆستایانی گرێبەست) و چاوەڕوانن هاوشێوەی فەرمانبەرانی گرێبەستی عێراق بکرێن بە هەمیشەیی.
چارەنووسی گرێبەستەکان
رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست، لە راگەیەندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو. کە داوای تەواوکردنی مامەڵەی گرێبەستەکان کراوە، بەجۆرێک یەک پاکێج بێت و هیچ جۆرە هەڵاواردن و جیاکاریی و وەلانانێک نەکرێت و هەموویان تێکڕا لەژێر ناوی دامەزراندن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
بڕیارە حکومەتی عێراق سەرجەم فەرمانبەرە گرێبەستەکانی خۆی کە ژمارەیان 700 هەزار کەسە بکات بە هەمیشەیی، ئەو رێژەیە تەنیا بۆ یەک ساڵە و ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە دەخرێنە چوارچێوەی بودجەی ساڵی داهاتووەوە.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن، ئەو بڕیارە بۆ بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان ئەوانیش بگرێتەوە، کە لە ساڵانی رابردوو تا ساڵی 2026 بە گرێبەست یان کاتی و لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون، ئەگەر سەرجەمیان بکرێنە هەمیشەیی، ژمارەکەیان زۆر کەمترە لە بەرکەوتە و پشکی هەرێمی کوردستان لە پلە وەزیفییەکانی چوارچێوەی بودجەی عێراق.
پشکی هەرێم لە بودجە
بەپێی دوایین سەرژمێری گشتی دانیشتوان2024، رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە %14.14ـی دانیشتوانی عێراق، بەڵام لە خەمڵاندنی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 بە 12.68% خەمڵێنراوە.
ئاوات جەناب نوری، لە وتارێکیدا لە لوتکەی سلێمانی، ئاشکرای کرد: لە ئامادەکردنی بودجەدا کار بە دواین ئەنجامی سەرژمێری گشتی نەکراوە کە پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای رێژەی %14.14ـی کۆی دانیشتوانی عێراق هەژمار بکرێت، سەرەڕای هەژمار نەکردنی چەندین قەزاو ناحیە و ناوچەی تر کە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە هەرێمی کوردستانە و دانیشتوانەکەیان بە نزیکەی 500 هەزار کەس هەژمار دەکرێت. هەموو ئەو هەوڵانەش درێژەدانە بە سیاسەتی نادادپەروەریی و جیاکاری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە هاوڵاتیانی ناوچەکانی تری عێراق.
پشکی هەرێم لە گرێبەستەکان
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڤیژن پرێسی راگەیاند؛ وەک ماف، مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەهەمان شێوەی بەغدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بەتایبەتی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی گرێبەستدا، چونکە ئەوان باسی 700 هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەکەن، تەنانەت ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندن بە رێژەی %12.67 بخەمڵێنرێت، کە ژمارەیان نزیکەی 87 هەزار گرێبەستە ئەوە لە پشک و بەرکەوتەی هەرێمی کوردستان کەمترە.
دامەزراندنی 150هەزار فەرمانبەر
بەپێی سەرچاوەکانی پەرلەمان و لەناویاندا لیژنەی دارایی، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رەزامەندیی داوە لەسەر ئەوەی 150 هەزار پلەی دامەزراندنی نوێ بخرێتە ناو بودجەوە، بە مەرجێك تەنیا بە ئەنجومەنی راژەی گشتی فیدراڵی بسپێردرێت، بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی و یەکسانی هەل و دەرفەتەکان.
لیستی گرێبەستەکان لە بەغدایە
بەپێی بەدواداچوونەکانی ڤیژن پرێس، وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی رادەستی بەغدا کردووە، کە نزیکەی 42 هەزار مامۆستان؛ 37 هەزار و 933 میلاکی وەزارەتی پەروەردەیە و 4 هەزار و 100میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیین.
فەرمانبەرانی دیکەی گرێبەستیش میلاکی دەستە و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
دامەزراندنی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست
جگە لە بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە: کار بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، خاوەن بروانامە باڵاکان، پزیشکانی گشتی و ددان و دەرمانساز و هاوپیشە تەندروستییەکانیش دەدرێت.
رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر
جەمال کۆچەر ئەوەی بۆ ڤیژن پرێس ئاشکراکرد؛ یەکلاکردنەوەی پرسی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست پەیوەستە بە رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر و دۆخی ناوچەکەوە.
وتیشی: "پرسی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەر و مامۆستایانی گرێبەستی هەرێم بە عێراقیشەوە یەکلای نەکراوەتەوە، چونکە پەیوەستە بە دۆخی داراییەوە و عێراق بە دۆخێکی سەختی دارایی تێپەڕدەکات، کە داهاتووی ئەو بڕیارە بە نادیاری دەهێڵێتەوە."
پەسەندکردنی بودجەی2027
سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2027، جەمال کۆچەر بە ڤیژن پرێسی راگەیاند؛ پێشبینی دەکرێت پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بە ئاسانی لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێت و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو رەشنووسی بوودجەکە لەلایەن حکومەتەوە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
هاوتاکردنی شایستە داراییەکان
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا و لە سەروبەندی دانوستانەکانیان لەبارەی بودجەی عێراقەوە جەختی لەوە کردوەتەوە، ئامادەکارییە چڕ و وردەکانیان، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە بەربەستەکانی بەردەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەکردووە، لە پرۆژە یاساکەدا کار بۆ هاوتاکردنی موچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە، مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشویان دەکرێت.
بودجە بۆ وەبەرهێنان
بۆ بودجەی ساڵی 2027 و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا، جگە لە مووچە، داوا دەکرێت هەرێمی کوردستان پێداگریی لەسەر دەستەبەرکردنی بودجەی وەبەرهێنان بکات، کە داوایەکی فەرمی وەبەرهێنەران بوو لە لوتکەی سلێمانی، کە لە رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە لە هۆتێل گراندمیلینیۆمی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی تایبەت بە وەبەرهێنان و بووژاندنەوەی ئەو کەرتە لە هەرێمی کوردستان، کە بەووتەی ئاوات جەناب نووری، لە ساڵی 2013ـەوە حکومەتی فیدراڵ یەک دیناری لە بودجەی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
وەزیری دارایی: داوای دادپەروەریی دەکەین
ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا لوتکەی سلێمانی، کە لە رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە لە هۆتێل گراندمیلینیۆمی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو رایگەیاند: بەشی زۆری داواکاریەکانی هەرێمی کوردستانمان لەو رەشنووسە جێگیرکردووە کە پێشکەشی وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە، پێویستە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەک هەرێمێکی دەستووریی و فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ داخوازیەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
داوایکرد، سەرجەم هێزو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن بۆ بەدەستهێنان و جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق، چونکە پشتبەستن بە دەستور و یاسا و دادپەروەریی، داوای ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
ووتیشی: "پێویستە بوودجە لەسەر بنەمای دادپەروەریی ئامادەبکرێت، فەرمانبەران و خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان هەمان مامەڵەیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق بکرێت".
بڵاوکردنەوە