28 ئەیلوول 2026
لە شارەدێی پردێی نێوان هەولێر و کەرکوک، پێکدادان لە نێوان ژمارەیەک چەکداری داعش و سوپای عێراق رویدا و ژمارەیەک کوژراو برینداری لێکەوتەوە. ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێکەوتە خراپەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و خۆشحاڵیی بەرپرسانی باڵای عێراق و ناساندنی ئەو رۆژە بە رۆژی سەروەریی.
کشانەوە یان رۆژی سەروەریی
عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2027 رایگەیاند: لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریانداوە بە راگەیاندنی پشووی فەرمی لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا لە رۆژی چوارشەممە 30ـی ئەیلوول تاوەكو رۆژی شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی داهاتوو، بەبۆنەی (رۆژی سەروەریی) کۆماری عێراق، وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهاتن بە ئەرک و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.
چەند کاتژمێرێک بەسەر ئەو بڕیار و راگەیەندراوە تێپەڕنەببوو، سوپای عێراق بڵاویکردەوە، دوو چەکداری داعش کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان بەستبوو لە شارەدێی پردێ رووبەڕووی هێزەکانی سوپا بوونەتەوە و دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کوژراون.
کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2026 بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان تەنیا کۆتایی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا نییە؛ بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ئاسایشی و سەربازییە بۆ عێراق و ناوچەکە.
بەپێی رێککەوتنی بەغدا و واشنتن، ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی دژ بە داعش لە عێراق لە 30ـی ئەیلوولی 2026 تەواو دەبێت، هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە، بەڵام هەردوو حکومەت باس لە گواستنەوەی پەیوەندییەکە بۆ هاوکاریی ئاسایشی دوولایەنە دەکەن، نەک کۆتایی هەموو پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکان.
بۆشایی ئەمنی
یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی دوای کشانەوە، پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سەربازییەیە کە پیشتر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان پڕیانکردبووەوە؛ بە تایبەتی بواری هەواڵگریی، چاودێریی ئاسمانی، راهێنان، پشتیوانی لۆجستی و بەرگریی ئاسمانی. بەتایبەتی بەرگریی ئاسمانی، چونکە سیستمەکانی وەک Patriot و تواناکانی C-RAM لە هەرێمی کوردستان لە پاراستنی بنکە و شوێنە گرنگەکان لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکاندا بەکارهاتوون. بەپێی وتەی بەرپرسان کشانەوەی ئەم سیستمانە بۆشایی بەرگریی دروست دەکات و عێراق دەبێت چارەسەری بکات.
هەرێم؛ بەرگریی ئاسمانی و هەڕەشەی درۆن
بۆ هەرێمی کوردستان، یەکێک لە مەترسییە دیارەکان کەمبوونەوەی توانای وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانە. لە ماوەی رابردوودا هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و گروپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لەو وڵاتەوە بە موشەک و درۆن کرایە ئامانج، لە بەرانبەردا سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان و پاراستنی ئاسمانی ناوچەکە بەکارهێنران. بەوپێیە، مەترسییەکە تەنیا کەمبوونەوەی ژمارەی سەرباز نییە؛ بەڵکو کەمبوونەوەی توانای دۆزینەوە، ئاگادارکردنەوە و رێگرییکردنە لە هێرشە ئاسمانییەکان.
پێشمەرگە؛ خاڵی بەهێز
لە بەرامبەر ئەم بۆشایییەدا، هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا هەنگاوێکی گرنگی نا، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی بە کۆتا هێنا.
لەوبارەیەوە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: پرۆسەی یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزەکان لەژێر فەرماندەیی یەکگرتوودا تەواوکراوە، بەڵام هەرێمی کوردستان خۆی جەخت لەوە دەکاتەوە قۆناغی دواتر پێویستی بە چەکی پێشکەوتوو، بەرگریی ئاسمانی و بەهێزکردنی توانای سەربازیی هەیە.
یەکخستنی پێشمەرگە بەس نییە
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان خۆیان ئەوەیان خستووەتەڕوو، یەکخستنی پێشمەرگە کۆتایی پرۆسەکە نییە. لە 21ـی ئەیلوول، لە رێوڕەسمی فەرمیی یەکخستنی پێشمەرگەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: قۆناغی دواتر پێویستی بە بەهێزکردنی فەرماندەیی، رێکخستن، راهێنان و پیشەییبوونی هێزەکان هەیە. هەروەها باسی لە پێویستی چەکی پێشکەوتوو و سیستمی بەرگریی ئاسمانی کردووەتەوە.
بەرپرسانی هەرێم هۆشداریی دەدەن
وتەی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان جیاوازە بەوپێیەی بەرپرسانی عێراقی ئەمە بە دەستکەوت دەزانن، لە کاتێکدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کشانەوەکە بە مەترسی دەبینن.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014 هەیە، کە داعش یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی کەوتە ژێردەست.
پێشتریش، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ Financial Times وتی: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە کاتێکی هەستیاردا روودەدات. نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی هەرێمی کوردستان بەبێ سیستمی بەرگری ئاسمانی جێبهێڵدرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە: جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمریكاوە مایەی نیگەرانییە
هەر لهوبارهيهوه، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ لەكاتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی رابردوو، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار رووبەڕووی هێرشی درۆنی، مووشەکی بالیستیک بووەتەوە. جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمریكاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە.
دڵنیایی داوە؛ هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لە رابردوو پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ ئامادەیە و دەتوانێ لەگەڵ هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا خۆی بگونجێنێ و رووبەڕووی مەترسيیەکان ببێتەوە. کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئاشتیخوازدایە.
گروپە چەکدارەکان؛ مەترسییەکی سیاسی و سەربازی جیاواز
داعش هێشتا هەڕەشەیە، بەڵام جۆری هەڕەشەکە لەگەڵ ساڵانی 2014–2017 جیاوازە. گروپەکە ئێستا ناوچەیەکی فراوانی لە ژێر دەسەڵاتدا نییە، بەڵام شانەی نهێنی و توانای ئەنجامدانی هێرشی تاکتیکی ماوە. رێککەوتنی بەغدا و واشنتنیش لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە هێزە عێراقییەکان بەرپرسیارێتیی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی خاکی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.
لە هەمانکاتدا، عێراق لەگەڵ کێشەیەکی دیکە لە ململانیدایە، ئەویش چۆنییەتی کۆکردنەوەی چەکی گروپە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی هەموو توانایەکی چەکداریی بۆ ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی دەوڵەت.
بەپێی لێدوانە رۆژنامەوانییەکان، ژمارەیەک گروپی چەکداری بەهێز کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، لە دژی مۆڵەتی 30ـی ئەیلوول بۆ چەکدانان وەستاونەتەوە و داواکاریی و مەرجی قورسیان هەیە.
سیناریۆکانی دوای کشانەوە
بەپێی شرۆڤە و لێدوانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزای سیاسی و ئاسایشی و سەربازیی، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان چەندین سیناریۆ چاوەڕێی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
یەکەم: سیستمی پاراستنی ناوخۆ
سیناریۆییەکە ئەوەیە؛ عێراق بتوانێت بۆشایییەکە بە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە پڕ بکاتەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی هاوکاریی هەواڵگریی، چەکدارکردن و راهێنان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان.
بەرپرسانی سەربازیی عێراق رایانگەیاندووە: دوای 30ـی ئەیلوول پەیوەندییەکان، بە تایبەتی هاوبەشکردنی زانیاریی، گۆڕینەوەی زانیاریی و بەرنامەکانی چەک، بەردەوام دەبن.
دووەم: زیادبوونی دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان
ئەگەر پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک سەرکەوتوو نەبێت، ئەگەری بەهێز ئەوەی گروپە چەکدارەکان لە دوای کشانەوەی ئەمریکا پێگەیەکی سیاسی و سەربازی زیاتر بەدەستبهێنن. ئەمەش لەوانەیە فشار لەسەر حکومەت زیاد بکات، بە تایبەتی ئەگەر گروپەکان لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ململانێییەکانی ناوچەکە بەشداربن، ئەگەری فراوانبوونی ناوچەکانی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکومەت هەیە.
سێیەم: زیادبوونی فشار لەسەر هەرێمی کوردستان
لە ئەگەری کەمبوونەوە یان نەمانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و هەماهەنگیی سەربازیی راستەوخۆ، هەرێمی کوردستان زیاتر لە جاران دەبێتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان یان فشارە سەربازییەکان. بەتایبەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2026 بەشێک لە کاریگەریی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا و هێرشە ئاسمانییەکانی لەسەر بووە.
چوارەم: ئەمریکا دەکشێتەوە، بەڵام کاریگەرییەکانی بەردەوامە
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نابێت بە مانای کشانەوەی تەواوەتی ئەمریکا لە بابەتە سەربازییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دابنرێت.
بەرپرسێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە (CENTCOM) وتوویەتی: دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکانی دیکە بەردەوام دەبن، ئەگەر هەڕەشەیەکی نوێ سەرهەڵبدات، واشنتن دەتوانێت هاوکاریی هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بکات. ئەمە سیناریۆیەکی جیاوازە لە بوونی هێزی ئەمریکی لەناو خاکی عێراقدا.
ڤیژن فاوندەیشن؛ خستنەڕووی دەرئەنجام و چارەسەر
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، لە شیکارییەکدا مەترسییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی خستووەتەڕوو.
بەپێی شیکارییەکە، گرنگترین مەترسییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە کورتی ئەمانەن:
1-بۆشایی ئەمنی: ئەگەری دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و دەرفەت بۆ بەهێزبوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان.
2-لاوازی توانای سەربازی عێراق: توێژینەوەکە ئاماژە بە سنوورداری توانای سوپای عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە گەورەکان دەکات.
3-لەدەستدانی پشتیوانی ئاسمانی: عێراق سیستمی پێشکەوتووی بەرگری و چاودێری ئاسمانی نییە، کە دەتوانێت بۆشاییەکی گەورە دروست بکات.
4-کەمبوونەوەی پشتیوانی هەواڵگری: کەمبوونەوەی دەستگەیشتن بە زانیاری و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەتوانێت کاریگەری لە توانای دۆزینەوەی هەڕەشەکان دابنێت.
5-زیادبوونی ناکۆکییە سیاسییەکان: کشانەوەکە دەتوانێت هاوسەنگی نێوان پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان بگۆڕێت و ململانێی ناوخۆیی زیاد بکات.
6-زیادبوونی کاریگەریی ئێران: بە کەمبوونەوەی رۆڵی ئەمریکا، ئەگەری زیادبوونی کاریگەریی ئێران لەسەر سیاسەت و بڕیارەکانی عێراق زیاد دەکات.
7-مەترسییە ئابوورییەکان: کشانەوەکە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە دارایی و ئابوورییەکانی عێراق و ئەمریکا و هەروەها سەقامگیریی دراوی عێراقی دادەنێت.
لە شیکارییەکەی ڤیژن فاوندەیشندا کۆمەڵێک دەرئەنجام خراوەتەڕوو وەک چارەسەر دەتوانرێت سودییان لێببینرێت کە بریتین لە:
پێویستی بە پلانی نیشتمانی: عێراق پێویستی بە ستراتیژییەکی روون و درێژخایەن هەیە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکە.
بەهێزکردنی توانای سەربازی: پێویستە توانای هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، بە تایبەتی لە بوارەکانی هەواڵگریی و بەرگریی ئاسمانی، پەرەی پێبدرێت.
بەردەوامبوونی هاوکاریی نێودەوڵەتی: تەنانەت لەگەڵ کشانەوەی هێزەکان، بەردەوامبوونی راهێنان، هەواڵگریی و هاوکاریی تەکنیکی لەگەڵ هاوپەیمانان گرنگە.
پاراستنی هاوسەنگی سیاسی: پێویستە کشانەوەی ئەمریکا نەبێتە هۆی زیادبوونی ناکۆکیی ناوخۆیی یان گۆڕینی هاوسەنگی هێزە سیاسییەکان.
پەرەپێدانی دیپلۆماسی: عێراق دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان، هەروەها دراوسێیەکانی، بە شێوەیەکی هاوسەنگ بەردەوام بکات.
گرنگیدان بە ئابووری: پاراستنی ئارامیی سیاسی و ئەمنی بۆ پاراستنی وەبەرهێنان، بازاڕ و پەیوەندییە ئابوورییەکان گرنگە.
لێرهوه دهتوانن تهواوى شيكارييه ستراتيجييهكهى دامهزراوهى ڤيژن بخوێننهوه:
30ـی ئەیلوول تاقیکردنەوە، نەک تەنیا کشانەوە
لە کۆی ئەم گۆڕانکارییەدا، مەترسییە سەرەکییەکە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە خودی کشانەوەکەدا نییە، بەڵکو لە چۆنیەتی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە لە دوای کشانەوە دروست دەبێت. ئەگەر هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بتوانن بەرپرسیارێتیی ئەمنی بە باشی وەربگرن و هاوکارییە دوولایەنەکانی دەرەوە بەردەوام بن، گواستنەوەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی کەمتر پڕ مەترسی بڕوات، بەڵام ئەگەر بەرگریی ئاسمانی جێگرەوەی نەبێت، هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا لاواز بێت، یان گروپە چەکدارەکان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بمێننەوە، مەترسییەکانی ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە، هێرشی درۆنی و مووشەکی، زیادبوونی کێشەی دەسەڵاتی چەک لە عێراق زیاد دەکات.
بڵاوکردنەوە