ڤيژن فاونده‌يشن و كۆمپانياکانی ئابوورى كاربۆن گفتوگۆ لەسەر به‌شداريى لوتكه‌ى COP31 ده‌كه‌ن

7 ئەیلوول 2026

ڤيژن فاونده‌يشن

پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەش بەتایبەتی ئەو دەستپێشخەرییانەی بتوانن دەرفەت و تواناکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بواری ئابووری سەوز و کاربۆن بە شێوەیەکی کرداری بخەنە کار، لەگەڵ هاوکاریی لە بواری توێژینەوە و پۆڵسی، ناوەڕۆکی کۆبونەوەیەکی نوێنەری ڤیژن فاوەندەیشن و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئابوورییەکانی کاربۆن بوو.

رۆژى يه‌كشه‌ممه‌، 6ـى ئه‌يلوولى 2026، نوێنه‌رى دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، لە بەغدا لەگەڵ ئەندازیار حەیدەر قاسم ئەلدەراجی، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كۆمپانياى گشتی ئابوورييه‌كانى كاربۆن- سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ژينگه‌ى عێراق كۆبووه‌وه‌، باس له‌ گرنگيى ئابوورى كاربۆن و به‌شداريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ بازاڕه‌كانى كاربۆن و به‌شداريى له‌ لوتكه‌ى COP31ـى تايبه‌ت به‌ گۆڕانكارييه‌كانى كه‌شوهه‌وا كرا.

لە کۆبونەوەکەدا، باس له‌ پەرەپێدانی ئابووری کاربۆن، کرێدیتی کاربۆن و هەلی بەشداریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی کاربۆن کرا.

به‌شێكى ديكه‌ى گفتوگۆكان گرنگی دروستکردنی سیستمی باوەڕپێکراوی پێوانەکردن، راپۆرتکردن و پشتڕاستکردنەوە (MRV) و رۆڵی ئەم سیستمە لە پەرەپێدانی پڕۆژە کەمکەرەوەکانی دەرهێنانی کاربۆن بوو.

هەلی هاوکاریی لە بواری توێژینەوە، پۆڵسی، دروستکردنی توانای دامەزراوەیی و پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەش ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى گفتوگۆكان بوو، بە تایبەتی ئەو دەستپێشخەرییانەی کە بتوانن  دەرفەت و تواناکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بواری ئابووری سەوز و کاربۆن بە شێوەیەکی کرداری بخەنە کار.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە هەماهەنگی و هەلی بەشداریی لە لوتكه‌ى COP31 تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ساڵی 2026 کرا، بە مەبەستی پێشکەشکردنی توانا، ئەزموون و پڕۆژە پەیوەندیدارەکان و فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاوکاریی و پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.

کۆبونەوەکە بەشێک بوو لەهەوڵەکانی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، بەمەبەستی بەهێزکردنی هاوکاريى لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییەکان و گواستنەوە لە توێژینەوە و پێشنیازی پۆڵسی. بەرەو دەستپێشخەریی و پڕۆژەی کرداریی لە بوارە ستراتیجییەکاندا.