لێکەوتە سیاسی و ئابوری سەربازییەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە سیمینارێکی ڤیژندا تاوتوێکرا

13 ئاب 2026

کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاڵەنگاریی و مەترسییە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانی، هەژموونی ئێران لە نائامادەیی ئەمریکا لە عێراق، تەوەری سەرەکیی سیمینارێکی دامەزراوەی ڤیژن فاوەندەیشن بوو، بە بەشداریی شارەزایان و پسپۆڕانی سیاسی و یاسایی و سەربازیی گفتووگۆیان لەبارەوە کرا.

له‌ دامه‌زراوه‌ى ڤيژن بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيجى، سيمينارێك بۆ د.ئاکۆ حەمەکەریم بەڕێوەچوو، تیایدا توێژینەوەیەکی لەبارەی لێکەوتە سیاسی و ئابووریی و سەربازییەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەشکرد. 

لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکا

د.ئاکۆ حەمەکەریم، بەرپرسی بەشی شیکاریی دامەزراوەی ڤیژن، لە گفتوگۆکەدا کشانەوەی ئەمریکای لە ساڵی 2011 بیرهێنایەوە کە بەپێی ڕێککەوتنێک لە نێوان نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق و ئیدارەی جۆرج بوشی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا ئەنجامدرا. 

د.ئاکۆ حەمەکەریم ئاماژەی بەوەکرد: دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بۆشایەکی ئەمنی گەورە لە عێراق دروست بوو، بەهۆییەوە داعش سەریهەڵدا و توانی لەماوەیەکی زۆر کورتدا دەست بەسەر بەشێکی زۆری خاکی عێراق بگرێت و وڵاتەکە تووشی گەورەترین شکست بکات لە مێژوی خۆیدا. 

گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا 

بەشداربووانی گفتوگۆکە ئەوەیان خستەڕو: گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کشانەوەکە، چونکە ئیدارەکەی ترەمپ پێیوایە چیتر نابێت سەربازانیان بکرێنە قوربانی وڵاتانی دیکە.

ئەوەشیان خستەڕو: ئەمریکا چیتر گرنگی بە پەیوەندیی دێرین و مێژوویی لەگەڵ وڵاتان نادات، بەڵکو بەرژەوەندییە ئابورییەکانی، کاری لە پێشینەیەتی. بەوپێیەی ئەمریکا مێژووییەکی شکستخواردووی لەگەڵ جەنگە درێژخایەنەکاندا هەیە وەک جەنگی ڤێتنام، ئەفغانستان و عێراق، سەرەڕای خەرجکردنی بوودجەیەکی زەبەلاح و قوربانییەکی زۆری گیانی. بەبێ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی لەو وڵاتانەدا شکستیانهێنا و پاشەکشەیان کرد.

دیدگای ئەمریکا بەرامبەر عێراق و هەرێمی کوردستان 

"پێشتر ئەمریکا خۆی بە خاوەنی عێراق و بەشێکی وڵاتانی ناوچەکە زانیوە و کاری بۆ بەرقەرارکردنی ئارامی و سەقامگیری لە وڵاتەکەدا کردوە، وەک درووستکردنی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش، هاوکاریی و پاڵپشتی سەربازیی سوپای عێراق و پێشمەرگە، بەڵام لە ئێستادا چیتر ئەو دیدگایەی واشنتۆن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان نەماوە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە." ئەمە سەرنجی بەشێک لە بەشدارانی سیمینارەکە بوو.

کاریگەرییە سەربازییەکانی کشانەوەی ئەمریکا  

لە گفتوگۆکەدا، تیشکخرایە سەر ئەو کاریگەرییانەی ئەمریکا لەدوای کشانەوەکەی بەجێی دە‌هیڵێت، لە کاتێکدا تا ئێستا سوپای عێراق نەیتوانیوە ببێتە سوپایەکی نیشتیمانی و بەشێک لە سەربازەکانی هەستی بەرپرسیارێتی نەتەوەییان بۆ وڵاتەکە نییە. 

لاوازی توانای پاراستنی ئاسمانیی، کاریگەرییەکی دیکەی کشانەوەی ئەمریکا نیشان دەدات، عێراق و هەرێمی کوردستان توانا و بەرگرییە ئاسمانییەکانیان زۆر سنووردارە، ئەم بۆشاییەش بەڕوونی لە جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران بەدیکرا، کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ژمارەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەوە، بەڵام بەهۆی بوونی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا لە ئاسمانی هەرێم، توانرا بەرپەرچی بەشێک لە ئەو هێرشانە بدرێتەوە. 

کاریگەرییە ئابوورییەکان 

لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و خستنەڕووی کاریگەرییە سەربازییەکانی، ئامادەبووانی گفتوگۆکە تیشکیان خستەسەر کاریگەرییە ئابوورییەکان و بە خاڵێکی وەرچەرخان لە دۆخی ئێستایان زانی. 

ئاماژە بەوەکرا، عێراق ڕووبەڕووی قەرزێکی زۆر بووەتەوە و تائێستاش داهاتی نەوتەکەی لە بانکەکانی ئەمەریکا دادەنرێت، هاوکات لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ پەنا بۆ فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر عێراق دەبات، لە کاتێکدا بەغدا خۆی لە قەیرانێکی گەورەی ئابووریدایە. بەمەش فشاری ئابوریی گەورەتر دروست دەبێت و کاریگەریی لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری و گەشەسەندنی عێراق درووست دەکات

کشانەوەی ئەمریکا و چەکی میلیشیاکان 

لەگەڵ دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بابەتی چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، یەکێکە لە گەورەترین ئاڵنگاریی و گرنگترین داواکارییەکانی ئیدارەی ترەمپ، لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا حکومەتەکەی زەیدی دەتوانێت بەبێ هاوکاریی و پاڵپشتی واشنتۆن پرۆسەکە ئەنجام بدات، یان ئەم کشانەوەیە کار لەسەر زیادبوونی هەژموونی ئێران دەکات و بەهۆیەوە گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە کۆنترۆڵکردنیان ئاسان نابێت. 

لایەنە ئەرێنییەکانی کشانەوەی ئەمریکا 

ئامادەبووانی گفتوگۆکە لایەنێکی ئەرێنی کشانەوەی ئەمریکایان خستەڕو و پێیانوایە، دەکرێت کشانەوەکە ببێتە هۆی سەروەری عێراق و چیتر بیانوو بە میلیشیاکان نەدات بۆ مانەوە و چەک هەڵگرتن. 

ململانێی هەرێمی  

د.ئاکۆ حەمەکەریم بەرپرسی بەشی شیکاریی دامەرزاوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، ئەوەی خستەڕوو کشانەوەی ئەمریکا هانی ئێران دەدات بۆ فراوانترکردنی دەسەڵاتەکانی لە عێراق. 

وتیشی: "دەرچوونی ئەمریکا و گرنگی پێنەدانی بە عێراق، هانی وڵاتانی دیکەی دەدات وەک ئێران و تورکیا و سعودیە، بەتایبەتی لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی مەککەی نێوانیان، کار لەسەر سەپاندنی هەژموونی خۆیان بکەن، ئەمەش کاریگەریی زیاتری بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەبێت، بەوپێیەی خاوەن ئاسایشێکی بەهێز و پارێزراو نییە، ئەمەش وادەکات کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئابورییەکەی درووست بکات و لە دەرئەنجامدا وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و بیانییەکان عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن و ڕوو لە وڵاتانی دراوسێ بکەن. 

کورد سودی لە بوونی ئەمریکا وەرگرتوە؟ 

بەبۆچوونی بەشێک لە ئامادەبووان، کورد نەیتوانیوە سوود لە بوونی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەربگرێت،  بەڵکو ئەوە واشنتۆنە سوود لە کورد و خاکی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە بەکاریدەهێنێت.

باسیان لەوەشکرد، جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئەمریکای 2003 و ئەمریکای ئێستا هەیە، چیتر ئیدارەی ترەمپ گرنگی بە کورد نادات لە ناوچەکە، چونکە نەیانتوانیوە کار لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا بکات لە یەکخستنی ناوماڵی خۆی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کە داواکاریی و پێشمەرجی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بووە بۆ بەردەوامیی پاڵپشتی و هاوکارییەکانیان. 

ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان

جەبار یاوەر، سەرۆکی بۆردی ئاسایشی نیشتیمانی لە دامەزراوەی ڤیژن ڕایگەیاند: بەپێی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانێیەتی نێودەوڵەتی هێنراوە، بەڵام ئەمریکا لە عێراق دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد: ئەمریکا راوێژکارە سەربازییەکانی لەنێو کۆنسوڵخانەکانی لە عێراق دەهێڵێتەوە و بە تەواوەتی بەجێی ناهێڵێت.

لە کشانەوەی سەربازی بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابوری 

ئارام حاجی، شارەزای یاسایی و ئەمنی لە گفتوگۆکەدا جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا گۆڕانکاریی دەکات لە ڕۆڵی خۆی لە ناوچەکە و لە ڕووی سەربازییەوە دەیگۆڕێت بۆ ئامادەیی زیاتری لە بواری ئابووری. 

ڕەهەندە دەستووری و یاساییەکان 

د.سانا کەمال پسپۆڕی دەستوریی، لە گفتوگۆکەدا ڕەهەندە دەستوریی و یاساییەکانی خستەڕو و ڕایگەیاند: لە بەرامبەر کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان لاواز دەبێت و ئەگەری ناکۆکی و کێشە لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت. 

جەختی لەوەشکردەوە، بەم کشانەوەیە پێشمەرگە لاواز دەبێت، چونکە ئەمریکا پاڵپشتییەکی گەورەی هێزەکانی پێشمەرگە بووە. 

کاریگەری کشانەوەی ئەمریکا لەسەر مادەی 140 

د.سانا کەمال لە گفتووگۆکەدا، تیشکی خستە سەر کشانەوەی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140 تایبەت بە کەرکوک ناوچە جێناکۆکەکان، وا دەکات حکومەتی عێراقی مادەکە بە تەواوی پێشێل بکات و جێبەجێ نەکات، وەک ئەوەی تائێستا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.