غازی کۆرمۆر گڕ لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد بەردەداتەوە؟

10 ئاب 2026

کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ناکۆکییەکی نوێ لەنێوان هەولێر و بەغداد درووست دەکات، ناردنی غاز بۆ وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای کەرکوک نیگەرانی هەرێمی لێدەکەوێتەوە، دانەغازیش دەڵێت: ماوەیەکی زۆرە لە پرۆسەکە ئاگادار کراوەتەوە.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجامیداوە، کۆمپانیاکانی دانەغازی ئیماراتی دەست بە هەناردەکردنی سەد ملیۆن پێ سێجا گاز لە ڕۆژێکدا لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکوک دەستپێکرد، رێککەوتنەکە بۆ ماوەی ساڵێکە بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەهێزکردنی ئاسایشی وزە.

وەزارەتى کارەبای عێراق بڵاوی کردەوە، ناردنی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە دەستیپێکردووە، وەک هەنگاوێک بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی وزەی بەرهەمهێنراوی کارەبا سەقامگیری کارەبای نیشتیمانی لە وڵاتدا. 

حکومەتی هەرێم: ئاگادار و رەزامەند نین

لە کاردانەوەی رێککەوتنەکەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیای دانەغاز و هاوکارەکەی هیلالی ئیماراتی تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا و پێش دەستپێکردنی هەناردەی غازی سروشتیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاگاداریان نەکردوونەتەوە و رەزامەندیان وەرنەگرتووە.

حکومەتی هەرێم ئاشکرای کردووە، دوای راگەیەندراوی کۆمپانیاکە ئاگاداربوون لەوەی غازی کۆرمۆر بۆ عێراق دەنێردرێت. لەکاتێکدا هیچ ڕەزامەندییەکی پێشوەختەی نەداوە سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە. 

جەختی کردووەتەوە؛ هەرگیز دژی دابینکردنی غاز یان وزە  نەبووە بۆ هیچ بەشێکی دیکەی عێراق، پابەندن بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی لە سەرانسەری وڵاتدا کردەوە. 

دانەغاز: هەولێر ئاگادارە

لە یەکەم کاردانەوە و لە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کۆمپانیا دانەغاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی سەرکۆنەی ئەو بەیاننامەیان کرد کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە و ڕەتیانکردەوە بەبێ ئاگاداری حکومەتی هەرێم ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەغدا کردبێت. 

دانا غاز ئاشکرایکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ڕێککەوتنی فرۆشتنی غاز بووە لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق، رێککەوتنەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە ئەنجامدراوە و کۆپییەک لە گرێبەستەکە دراوە بە حکومەتی هەرێم.

ئەوەشی بەبیر هێناوەتەوە، بڕێکی زۆر شایستەی داراییان لای حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوە، ماوەی سێ ساڵە دواکەوتوون و تا ئێستا نەدراون. 

دانەغاز سەرچاوەی کارەبای هەرێم

کۆی بەرهەمهێنانی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە نزیکەی ٤٢٨٨ میگاوات، لەو بڕە ١٣٨١ میگاواتی بە عێراق دەفرۆشرێت و ٢٩٠٧ میگاوات بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستانە. 

کێڵگەی غازی کۆرمۆر

کێڵگەی کۆرمۆر یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا. دەکەوێتە ناحیەی قادرکەرەم سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی.

کێڵگەکە رۆڵێکی ژیانی لە دابینکردنی وزە و کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، پێگەیەکی سەرەکی ئابووری و پیشەسازییە، هەرێمی کوردستان لە ٨٠% پشت بە وزە و کارەبای ئەم کێڵگەیە دەبەستێت. 

کێڵگەی کۆرمۆر لە ساڵی ١٩٢٨ دۆزراوەتەوە و تا ساڵی ٢٠٠٣ بە "کێڵگەی ئەنفال" ناسرابوو. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە. 

ڕووبەری کێڵگەکە بە نزیکەی ١٣٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەخەمڵێندرێت و یەدەگی غازە سروشتییەکەی دەگاتە نزیکەی ١٧ تریلیۆن پێی سێجا. 

کێڵگەی کۆرمۆر لەلایەن کۆمپانیای "پێڕڵ پێترۆلیۆم"ەوە بەڕێوەدەبرێت، کە هاوبەشییەکە لە نێوان دوو کۆمپانیای سەرەکیی ئیماراتی و ئەوانیش کۆمپانیای دانە غاز و نەوتی هیلال-ن، ئەم دوو کۆمپانیایە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کێڵگەکەدا.

ئابووری و وزەی کێڵگەکە 

کۆرمۆر شادەماری سەرەکیی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە هەرێمی کوردستان. غازەکە لە ڕێگەی بۆرییەوە دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ، هەولێر و بازیان.

کێڵگەی کۆرمۆر بە تەنها نزیکەی لە ٦٧%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات. هەر هێرش و ڕاگرتنێکی بەرهەمهێنان لەم کێڵگەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی ٢٠٠ مێگاوات کارەبا. جگە لە کارەبا، غازی کۆرمۆر سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ کارگەکانی بەرهەمهێنانی غازی شلی ماڵان.

بەرهەمهینانی گاز و ئامێرەکانی تر

جگە لە غازی سروشتی، بڕێکی زۆر لە غازی شل (LPG) بۆ ماڵان و غازی چڕ بەرهەم دەهێنێت. لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لەم کێڵگەیە  بۆ ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەرزبوەتەوە. 

ئاستەنگە ئەمنییەکان 

لە پێشتردا، کێڵگەی کۆرمۆر چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە و ئەم هێرشانە زۆرجار بوونەتە هۆی ڕاگرتنی کاتیی بەرهەمهێنانی غاز .کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی لە سەرانسەری هەرێم. لێکەوتنەوەی زیانی ماددی و گیانی، وەک هێرشەکەی نیسانی ٢٠٢٤ کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی بیانی کێڵگەکە.