دوای راگرتنی؛ هەنگاوەکانی داهاتووی بەغدا دژی کۆڕەک چی دەبن؟

10 ئاب 2026

دوای ماوەیەکی زۆر لە کێشەی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، دواجار دەستەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆڕەکیدا و بڕیاریداوە دەست بەسەر موڵکەکانیدا بگرێت، کۆڕەکیش بڕیارەکە رەتدەکاتەوە و هانا بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبات کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ـی ئابی ٢٠٢٦، دوای چەندین ئاگادارکردنەوە و سێ ساڵی پڕ کێشە و ناکۆکی، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆمی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی "کۆمپانیاکە پابەند نەبوە بە گرێبەستەکان و شایستە دارایی و یاساییەکانی دەوڵەت و پاکتاوکردنی قەرزەکانی".

لە بڕیاری دەستەکەدا هاتووە: دەست بەسەر سەرجەم ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی کۆمپانیاکەدا دەگیرێت، هۆشداری توندی داوەتە بەشداربوانی کۆڕەک کە چیتر باڵانس پڕ نەکەنەوە، کارتی نوێ نەکڕن و بەشداری هیچ خزمەتگوزارییەک نەکەن، بۆ ئەوەی دوچاری زیانی دارایی نەبن بەهۆی ڕاوەستانی خزمەتگوزارییەکانەوە.

رێکارەکانی دژی کۆڕەک دەگەن بە کوێ؟

بەپێی بەیاننامەی دەستی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، پێشبینی دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا چەندین رێکار و هەنگاو دژی کۆڕەک تیلیکۆم بگیرێتەبەر لەوانە:

١. داخستنی تەواوەتی کۆڕەک تیلیکۆم، لە بەیاننامەکەدا بە ڕوونی هاتووە دواتر کات و ڕێکاری جێبەجێکردن دیاری دەکات. ئەگەری زۆرە بە فەرمی کاتی وەستاندنی تەواوی تۆڕەکە دیاری بکرێت.

٢. وەستاندنی تەکنیکی، پێدەچێت هەنگاوی داهاتوو لە رووی تەکنیکییەوە، کوژاندنەوەی تەواوی سێرڤەرەکان و سیستمەکان و ئامێرەکانی کۆڕەک بێت لە سەرتاسەری عێراقدا. 

٣. دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ، دەستەی پەیوەندییەکان باس لە دەستبەسەرداگرتن بەسەر سامانە گواستراوە و نەگواستراوەکان دەکات. رەنگە لە قۆناغی داهاتوودا بگاتە ئەوەی کۆمپانیاکە نەتوانێت سامان و ئامێرەکانی بفرۆشێت.

٤. کۆنترۆڵکردنی تاوەرەکان، بەوپێیەی خاوەن موڵکەکان ئاگادارکراونەتەوە ڕێگە بە کارمەندانی کۆڕەک یان کۆمپانیا هاوبەشەکانیان نەدەن بۆ گواستنەوەی ئامێرەکان، لە قۆناغی داهاتوودا ئەگەری زۆرە دەستەکە بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان، کۆنترۆڵی بەشێک لە تاوەر و تۆڕەکانی کۆڕەک بکات.

٥. دەستپێکردنی وەرگرتنەوەی قەرز و شایستە داراییەکان، پێشتر دەستەی پەیوەندییەکانی روونی کردووەتەوە کە قەرزەکانی کۆڕەک نەسڕاونەتەوە کە نزیکەی ١.٤ تریلیۆن دیناری عێراقی بووە، رەنگە زیاتریشی بچێتە سەر بەهۆی کەڵەکەبوون و نەگەڕاندنەوەی.

٦. دیاریکردنی چارەنووسی سیمکارتەکان، دەستەکە بەشداربووانی کۆڕەکی ئاگادار کردووەتەوە سیمکارتەکانیان فڕێ نەدەن و هەڵیان بگرن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ڕێکارێکی نوێ بۆ سیمکارتەکان ڕابگەیەنرێت، پاراستنی ژمارەکان، گواستنەوەی ژمارە بۆ تۆڕێکی دیکە، چارەسەرکردنی داتا و زانیاریی بەشداربووان. گواستنەوەی بەشێک لە بەکارهێنەران بۆ تۆڕەکانی دیکە.

٧. گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی دەستکاری سامانی کۆمپانیاکە دەکەن، بەتایبەتی کە دەستەی پەیوەندییەکان، کارمەندان و خاوەن موڵکەکان ئاگادار دەکاتەوە کە نابێت سامان، داتا، بەڵگەنامە یان ئامێرەکانی کۆمپانیا بگوازنەوە و دەستیان بەسەردا بگرن. ئەگەر پێشێلکاری ڕووبدات، لێپرسینەوەی یاسایی بەرامبەر کەسە پەیوەندیدارەکان دەست پێبکات.

کۆڕەک هانا بۆ سەرۆک وەزیران دەبات

لە بەرانبەردا کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم، دەستەى راگەیاندن و گەیاندنى عێراق تۆمەتبار دەکات بە هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستى پاکتاوى نێوانیان و دەڵێت: ئەو کارە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە. داواش لە سەرۆک وەزیرانى عێراق دەکات دەستوەردان بکات و مافیان بۆ بگێرێتەوە.

کۆڕەک رایگەیاندووە: بەپێی راسپاردەى لیژنەیەکى حکومى کە سەرۆک وەزیرانی پێشووى عێراق لە ساڵى 2025 رەزامەندى لەسەر داوە، تا پاکتاوکردن لەنێوانیان بکرێت و لەبەرامبەردا گرێبەستى کارکردن بە خزمەتگوزارى نەوەى چوارەمیان پێ بدرێت.

ئاماژەی بەوەکردووە؛ سەرۆکى جێبەجێکارى دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دەسەڵاتى ئەوەی نییە گرێبەستى پاکتاوکردنەکە هەڵبووەشێنێتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتى باڵاترەوە بڕیاری لەسەر دراوە، داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات دەستوەردان بکات و ماف بۆ کۆمپانیاکەیان بگێڕێتەوە.

سەرەتای کێشەی کۆڕەک

رۆژی یەکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی کارەکانی کۆمپانیاکە و راگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و ئاسیاسێڵ و زەین بە هۆکاری کەڵەکەبوونی قەرزەکانی.

کێشەکانی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی پەیوەندییەکان، لەسەر سێ بابەتی سەرەکییە ئەوانیش: قەرزە کەڵەکەبوەکان بەهۆی پابەند نەبون بە مەرجەکانی ساڵی ٢٠٠٧ـی مۆڵەتپێدان، کێشەی ئەستۆپاکی باج، بەغدا رەتیدەکاتەوە دانی پێدا بنێت بەوپێیەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە نەک حکومەتی فیدراڵی. پاکتاو نەکردنی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کۆڕەک کە گەیشتووەتە زیاتر لە ١.٣ ملیار دۆلار.

دوای راگرتنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، لە ١٨ـی شوباتی ٢٠٢٥، دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق داوای کرد، دەستبەجێ خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی کۆڕەک رابگیرێت. بەهۆی ئەو بڕیارەوە، سەرەڕای راگرتنی پەیوەندییەکان، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی کۆڕەکیش بۆ هاوبەشەکانی راگیرا.

قەرزەکانی سەر کۆڕەک چەندە؟

لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی قەرزەکانی سەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمەوە ئاشکرای کرد: کۆمپانیاکە پابەندە بە پێدانی پارەی مۆڵەتدان و قەرزە کەڵەکەبووەکانی کە کۆی قەرزەکانی دوو ترلیۆن دینارە. داوایان کردووە پارەی قەرزەکانیان بۆ بکرێت بە قیست و لە ماوەی هەشت ساڵدا بیداتەوە، بەڵام دانەوەی قەرزەکان بەقیست پێویستی بەگەرەنتی کۆمپانیاکە هەیە کە یەکسانە بە بڕی قەرزە کەڵەکەبووەکان.

بەپێی راپۆرتی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق: کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلار قەرزاری حکومەتی عێراقە. لیژنەکەیان بەدواداچونی وورد دەكەن بۆ ڕێکارەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکان و دەستەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن سەبارەت بە دۆسییەی کۆمپانیاکانی مۆبایل و دواکەوتنیان لە پێدانی شایستە داراییەكان و سزاكانی سەریان، لەنێویاندا کۆمپانیای کۆرەک".

هانابردن بۆ سودانی بێئەنجام بوو

دوای چەندین بڕیار و هەوڵ، دواجار لە مانگی نیسانی ٢٠٢٤، حکومەتی هەرێمی کوردستان هانای بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو برد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەویش بێئەنجام بوو.

ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەبارەت بە کێشەی کۆڕەک تیلیکۆم نامەیەکیان بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە و داوایان کردووە، کێشەی نێوان کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق بەشێوەیەکی پیشەیی چارەسەر بکرێت، چونکە کۆڕەک نزیکەی حەوت ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.

کارەکانی پەرلەمانیش بێئەنجام بوون

بەردەوامیی کێشەکانی نێوان کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکان، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی خستە سەرهێڵ و داوایانکرد کێشەکە چارەسەر بکرێت. رێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەو کێشەیەی ماوەیەکی درێژ خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک تیلیکۆمی لە شارەکانی عێراق پەکخستبوو.

تەمموزی ٢٠٢٦، لیژنەکە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق کۆبونەوە بۆ چارەسەری کێشەکەیان، بەوپێیەی سوودی دارایی بۆ حکومەتی عێراقیش دەبێت و دەبێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ گەنجینەی دەوڵەت، هەموو هەوڵێکیاندا بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتن.

کۆڕەک داوای قەرەبوو دەکاتەوە

مازن سیروان بارزانی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، رۆژی ١٣ـی ئایاری ٢٠٢٦ بە فەرمی داوایان لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان کردووە بۆ چارەسەری کێشەکەیان کۆببنەوە، بەڵام وەڵامی پێویستیان دەستنکەوتووە.

ووتیشی: "ئێمە داوای قەرەبووی ئەو زیانانە دەکەین کە بەهۆی بڕیارەکانی دەستەکەوە لێمان کەوتووە، ئەوانیش داوای قەرزەکانیان دەکەنەوە".

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، کورەك تیلیکۆم کۆمپانیایەکی هاوبەشی سنووردارە کە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی GSM، ساڵی ٢٠٠٠ لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە، لە ١٧ـی ئابی ٢٠٠٧ یەکێك بوو لەو سێ کۆمپانیایەی کە مۆڵەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراقی پێدرا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل.

کۆمپانیاکە لەلایەن سیروان سابیر مستەفا بارزانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێ، بنکەی سەرەکی لە قەزای پیرمامە لە پارێزگای هەولێر، لقی لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق هەیە، نزیکەی ٢ ملیۆن بەشداربووی هەیە.