کشانەوەی ئەمریکا لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان

3 ئاب 2026

دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی

لەدوایین پێشهاتەکانی جەنگی واشنتۆن و تاراندا و لەگەڵ بەرزبونەوەی گرژییەکان، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغ لە هەرێمی کوردستان کردوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکدایە بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکانیان و کۆتاییهێنان بە بونی سەربازییان لە وڵاتەکەدا. لە هەمانکاتدا، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا کاروانە سەربازییەکانی ئەمریکا هەولێریان بەرەو وڵاتانی دراوسێ بەجێهێشتوە.

کشانەوە پێش وادەی دیاریکراو

بەپێی زانیارییەکان، کشانەوەکە بەچەند قۆناغێکی یەک لەدوای یەک دەبێت و بەپێی خشتەیەکی کاتی جێبەجێ دەکرێن، و بۆ ئەم جوڵەیەش تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هیچ لێدوانێکی فەرمی نەداوە. 

ماڵپەڕی Al-Monitor  بڵاویکردوەتەوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا پێش وادەی دیاریکراو دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق کردوە، چونکە بڕیاربوو لە 30 ئەیلولدا دەست بە کشانەوەکە بکرێت، ماڵپەرەکە باسی لەوەش کردووە کە سوپای ئەمریکا پێشتر سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی لە شاری هەولێر کشاندوەتەوە.

ئەم کشانەوەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە پەرەسەندنی گرژییە ئەمنییەکان بەخۆیەوە دەبینێت، لەگەڵ بەردەوامیی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا دژی هەرێمی کوردستان، بەمەش مەترسی ئەوە دروستبووە کە کەمبونەوەی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ببێتە هۆی زیاتر ڕوبەڕوبونەوەی هەرێم بۆ هەڕەشە ئەمنییەکان.

ئەم کشانەوەیە وەک جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنانە دێت کە بەغدا و واشنتن لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردودا رێککەوتون لەسەری بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لەعێراق و گواستنەوەی بۆ قۆناغێکی نوێ کە لەسەر بنەمای هاوکاریی ئەمنی و سەربازیی دووقۆڵی بونیادنراوە.

لەڕابردوودا هەردوو وڵات ڕایانگەیاندبو، کە گەیشتونەتە خشتەیەکی کاتیی بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە ئەرکە سەربازییەکانیان لە چەند پێگەیەکی عێراقدا، بە مەرجێک پرۆسەی کشانەوەکە لە ساڵی ٢٠٢٦دا تەواو بکرێت.

خشتەکەی نێوان بەغدا و واشنتۆن

تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەکی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی ئەو هێزانەی هەرێمی کوردستانیان جێهێشتوە یان قەبارەی ئەو کەلوپەلانەی کشێنراونەتەوە نەخراوەتەڕوو، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت پرۆسەی دوبارە بڵاوەپێکردنەوە لە چەند هەفتەی داهاتودا بەردەوامبێت، تا ئەو کاتەی خشتە کاتییەکەی نێوان بەغدا و واشنتن کە لەسەری ڕێککەوتون بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت. 

سەرەڕای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بەڵام بەشێک لە سەرچاوە کوردییەکان پێیان وایە، کە ئێران بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمی. لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان وەک بەغدا بەدەست نەبونی کەرەستە و کەلوپەلی سەربازی و سیستمی بەرگری بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە موشەکییەکانی ئێرانەوە دەناڵێنێت. 

هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان

ئەم کشانەوەیە لە کاتێکدایە، چەند دامەزراوەیەکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، لە نێویاندا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، چەندینجار رووبەڕووی هێرشی موشەکیی بووەتەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو هێزە عێراقیانەی کە بە حەشدی شەعبی ناسراون.

مایکڵ نایتس، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە دامەزراوەی ڕاوێژکاریی Horizon Engage، بە ماڵپەڕی Al-Monitorی ڕاگەیاندووە کە کشانەوەی ئەمریکا بەواتای کۆتاییهێنان بە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا نییە بۆ عێراق و دەشڵێت کە هێزە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانیان بە جێگیرکراوی لە ناوچەکەدا دەمێننەوە. 

هەندێک لە شیکەرەوەکان پێیانوایە ئەم کشانەوە خێرایەی کە روودەدات، وەڵامێکە بۆ ئەو بەڵێنانەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکایدا، لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانەی ترەمپ زۆر جەختی لێکردووەتەوە. 

لەگەڵ دەستیپێکردنی جەنگی واشنتۆن و تاراندا، عێراق بە خاکی هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ چەندین جار ڕوبەڕوی هێرش بووەتەوە، بەڵام بەهۆی بونی سیستمی بەرگری ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت شاری هەولێر، توانیویەتی بەرپەرچی بەشێکی زۆری ئەو هێرشانە بداتەوە.