سەرۆککۆماری عێراق: ناوەندەکانی توێژینەوە هاوبەشی سەرەکيى دروستکردنی بڕیار و نزیککردنەوەی هەرێم و بەغدان

21 حوزەیران 2026

لە درێژەی سەردانەکانی شاندی دامەزراوەی ڤیژن بۆ شاری بەغدا، رۆژی 18/6/2026 دامەزراوەکە لەگەڵ به‌ڕێز نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق، کۆبووەوە و گفتوگۆیەکی فراوانیان لەسەر رۆڵی ناوەندەکانی توێژینەوە، پێویستی پشتگیری لە توێژینەوەی زانستی و رێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەنجامدا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی دامەزراوەی ڤیژن کورتەیەکیان لەسەر مێژوو، ئامانجەکان، توێژینەوەکان و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی دامەزراوەکە خستەڕوو و باسیان لە هەوڵە بەردەوامەکانیان کرد بۆ پێشخستنی توێژینەوەی ستراتیجی و خزمەتکردنی کۆمەڵگا و دامەزراوە حکومییەکان.
لە بەرامبەردا، به‌ڕێز نزار ئامێدی، سه‌رۆككۆمارى عێراق جەختی لە گرنگی ناوەندەکانی توێژینەوە کردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە توێژینەوە و دەرئەنجامە زانستییەکانی ئەم جۆرە دامەزراوانە دەتوانن یارمەتیدەری دامەزراوە حکومییەکان بن بۆ دروستکردنی بڕیارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و کوالێتی کارکردن.
هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە ناوەندەکانی توێژینەوە لە بەغدا ئاماده‌يى و چالاکییەکی بەرچاویان هەبێت، چونکە دەتوانن رۆڵێکی گرنگ لە نزیککردنەوەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و هەروەها گواستنەوە و هاوبەشیکردنی ئەزموونەکان لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا بگێڕن.
به‌ڕێز نزار ئامێدى، سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە سەرۆکایەتی کۆمار بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە ناوەندەکانی توێژینەوە و لە چوارچێوەی پلان و کارەکانی خۆیدا هەوڵ دەدات پشتیوانی و کارئاسانی بۆ ئەم دامەزراوانە بکات، بۆ ئەوەی بتوانن توێژینەوەی باشتر و کاریگەرترئەنجام بدەن.


Sarok komar_1