18 ئایار 2026
لە هەنگاوێکدا بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە ئەکادیمی و توێژینەوەییەکان لە بواری ئاسایشی نیشتمانی، بەشێک لە ئەندامانی بۆردی راوێژکاریی ستراتیجی ئاسایشی نیشتمانی دامەزراوەی ڤیژن، سەردانێکی فەرمییان بۆ کۆلێجی ئاسایشی نیشتمانی زانکۆی سلێمانی ئەنجامدا و تاوتوێی هەنگاوەکانی هاوکاری و کارکردنی هاوبەشیان لە قۆناغی داهاتوودا کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 18/5/2026 كه لهگهڵ د. ئاڵا بەرزنجی، راگری کۆلێجی ئاسایشی نیشتمانی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، ههردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی دروستکردنی پەیوەندییەکی بەردەوام لەنێوان ناوەندە ئەکادیمی و دامەزراوە توێژینەوەییەکان کردەوە، بەتایبەتی لە بارودۆخێکدا کە هەرێمی کوردستان و عێراق پێویستییان بە دیدگا و لێکۆڵینەوەی زانستیی نوێ هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە ئاسایشی و جیۆپۆلەتیکییەکان.
لە بەشێکی گفتوگۆکاندا، باس لەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە کرا کە پێشتر لەنێوان دامەزراوەی ڤیژن و زانکۆی سلێمانی واژۆکراوە، رایانگەیاند کە هەنگاوەکانی داهاتوو بە ئاراستەی بەهێزکردنی هاوکارییە زانستی و ستراتیجییەکان دەبێت.
هەروەها تاوتوێی ئەنجامدانی چالاکیی هاوبەش بە فۆرمە جیاوازەکان وەک لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، توێژینەوه، سیمینار، گفتوگۆی کراوە و دیبەیت کرا، بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ئاسایشی و نیشتمانی لەنێوان هاوڵاتییاندا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، دوو لایەن جەختیان لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی و پێکهێنانی پلانی کار و چالاکیی هاوبەش لە داهاتوودا کردەوە، بە شێوەیەک کە بتوانێت هاوکارییەکی کاریگەر لە پتهوكردنی ئاسايشى نيشتيمانى ههرێمى كوردستان و عێراق دروست بكات.



بڵاوکردنەوە