12 ئایار 2026
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بەهاوبەشی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، رۆژی سێشەممە ١٢ ی ئایاری ٢٠٢٦ گفتوگۆیەکی کراوەی سەبارەت بە ژینگە و رێکار و ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی پلانی ستراتیجی بەمەبەستی پاراستنی دارستانەکان ئەنجامدا. تێیدا جێگری پارێزگاری سلێمانی، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان، مامۆستایانی ئایینی، ئەکادیمیست و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەبوون.
گفتوگۆ کراوەکە لە ژێر ناونیشانی (ستراتیجی نیشتمانی بۆ پاراستنی ژینگە و دارستان) بەڕێوەچوو، بەشداربووان تەوەری دیدارەکەیان بە گرنگزانی لەبارەی داڕشتنی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە، بۆ خۆئامادەکردن لەئەگەری کەوتنەوەی ئاگر لە وەرزی گەرمای ئەمساڵدا، بۆئەوەی بتوانرێت بە کەمترین زیان ئاگرەکان کۆنترۆڵ بکرێن.
لە گفتوگۆکەدا شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی باسی لە گرنگیپێدانی لایەنی پەیوەندیدار بە پرسی ژینگە کرد، رایگەیاند "وەکو حکومەتی خۆجێی سلێمانی ئامادەکاری باشیان کردووە بۆ حاڵەتە لەناکاوەکانی ئاگرکەوتنەوە، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکاندا، ئاماژەی بەوەشکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر لە شوێنە دوورە دەستەکان پێویستیان بە رێکار و ئامادەکاریی زیاتر هەیە.
هەر لەگفتوگۆکەدا بەشێک لە ئامادەبووان ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، ئەمساڵ بەهۆی زۆری رێژەی باران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەگەری بوونی پوش و پاوانێکی زۆر بەتایبەت لە ناوچە پێدەشت و گوندەکان هەیە، بۆیە پێویستە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە و بەرگریی شارستانی، و رێکخراوەکان، هەماهەنگییەکی تەواویان هەبێت بۆ حاڵەتی لەناکاو و کەوتنەوەی ئاگر. ئاماژە بۆ ئەوەشکرا بەشێک لە یاساکانی تایبەت بە ژینگە پێویستە هەمواربکرێنەوە، رێکخراوەکانی بواری ژینگە تیمی خۆبەخش دروستبکەن، بۆ دروستکردنی ئاگربڕ و هەوڵی زوو کۆنترۆڵکردنی ئاگر لە ناوچە جیاوازەکان بدەن.
لەکۆتایی گفتوگۆکەدا بە ئامادەبوونی نوێنەری پۆلیسی دارستان و ژینگە و رێکخراوەکان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجامدرا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، کە تیایدا باس لە ئامادەکردنی پلانێکی ستراتیجی تۆکمەکرا لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن کە کۆکراوەی سەرنج و تێبینەکان دەبێت لەسەر تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکە، دواتر ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت.





















بڵاوکردنەوە