توێژینەوەیەکی دامەزراوەی ڤیژن: پەرتەوازیی گوتاری سیاسیی کورد، پێگەی فیدراڵیی هەرێمی لە بەغداد لاواز کردووە

21 نیسان 2026

دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە نوێترین توێژینەوەی خۆیدا هۆشداری دەدات لەوەی نەبوونی گوتارێکی یەکگرتووی کوردی لە بەغداد، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پێگەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە دەستوورییەکان، هەماهەنگیی زیاتر بکەن.
توێژینەوەکە کە لەژێر ناونیشانی (تعزيز النظام الفيدرالي والحكم المشترك عبر الخطاب السياسي الكوردي في بغداد دراسة استراتيجية) و لەلایەن د. دلاوەر عوسمان نووسراوه‌، جەخت ده‌كاته‌وه‌ کە پەرتەوازیی ناوماڵی کورد و پشتبەستنی یەکلاکەرەوە بە بودجەی گشتیی عێراق، بۆشایییەکی گەورەی لە بەردەم دەسەڵاتی هەرێم لە بەغداد دروست کردووە.
بەپێی ناوەڕۆکی توێژینەوەکە، سەرەکیترین ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی لاوازبوونی پێگەی سیاسیی کورد، بریتین لە: جێبەجێنەکردنی بڕگە و ماددە دەستوورییەکانی پەیوەست بە دەسەڵاتەکانی هەرێم، هەروەها نەبوونی ستراتیجێکی ئابووریی هەمەجۆر کە بتوانێت هەرێم لە فشاری بەردەوامی دارایی رزگار بکات.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و بەهێزکردنەوەی پێگەی هەرێم، توێژینەوەکە کۆمەڵێک پێشنیازی خستووەتەڕوو وەک: یەکخستنی گوتاری سیاسی ، چالاککردنی دەستوور و سەربەخۆییی ئابووری.
لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزم دامەزراوە، بەڵام بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو، ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بە تایبەت لەسەر پرسی بودجە، نەوت و ناوچە جێناکۆکەکان، بوونەتە هۆی دروستبوونی گرژیی سیاسی. توێژینەوەکانی ناوەندەکانی ستراتیجیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە یەکڕیزیی نێوان پێکهاتەکان، کلیلی سەرەکیی مانەوە و بەهێزبوونی پێگەی هەرێمە لە ناوەندی بڕیاری عێراقدا.

بۆ خوێندنه‌وه‌ى توێژينه‌وه‌كه‌ كليك له‌م لينكه‌ بكه‌ن...