12 نیسان 2026
ئەم پۆڵسی پەیپەرە هەڵسەنگاندن دەکات بۆ دۆخی ئێستا و داهاتووی بازاڕی کەرتی خانووبەرە لە پارێزگای سلێمانی. هەندێک لە فاکتەرە دیمۆگرافی و ئابوورییەکانی پارێزگاکە وەک دابەزینی بەردەوامی گەشەی دانیشتوان، کەمبوونەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری و بەردەوامی قەیرانی دارایی ئاماژەن بۆ دابەزینی بەردەوامی قەبارەی خواست لە بازاڕی خانووبەرەدا. لە بەرامبەریشدا داتای لایەنە پەیوەندیدارەکان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون زیادبوونێکی نائاسایی لە ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکەدا نیشان دەدەن. بۆیە ناهاوسەنگییەکی بەرچاو لە بازاڕی خانووبەرەدا بەدیدەکرێت و قەبارەی ئەم ناهاوسەنگییەش بە بەردەوامی لە فراوانبووندایە.
لە ئامادەکردنی ئەم پۆڵسی پەیپەرەدا پشتبەستراوە بە هەردوو داتای لاوەکی و سەرەتایی. داتا لاوەکییەکان بریتین لە گەشەی دانیشتوان و ژمارەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە، ڕێژەی کرێنشینان و ژمارەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە پارێزگای سلێمانی. داتا سەرەتاییەکانیش بریتییە لە دەرئەنجامی ڕاپرسییەکی تایبەت کە ٢٢ وەبەرهێنەری چالاکی بازاڕی خانووبەرەی پارێزگای سلێمانی بەشداربوون کە لە ڕابردوو و ئێستادا پڕۆژەیان ئەنجامداوە. جۆری داتاکان وای خواستووە کە مێتۆدی شیکاری وەسفی بەکاربهێنرێت و لە ڕێگەی خشتە و گرافەوە زانیارییەکان بخرێنەڕوو و شیکاریی بابەتییان بۆ بکرێت.
دەرئەنجامەکان ئەوەمان نیشان دەدەن کە سەرباری ئەو گۆڕانکارییانەی لە فاکتەرە دیمۆگرافییەکاندا ڕوودەدەن لە پارێزگاکەدا، قەیرانی دارایی یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانی دابەزینی قەبارەی خواست و دروستبوونی ناهاوسەنگی لە بازاڕی خانووبەرەدا. واتە ئەو ناهاوسەنگییە دەکرێت لە زۆری ژمارەی خراوەڕووی یەکەکانەوە سەرچاوەی نەگرتبێت، بەڵکو کێشە لە نەبوونی خواستی چالاکەوە بێت لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی داراییەوە. واتە لە ئەگەری چارەسەربوونی قەیرانی دارایی و باشبوونی دۆخی ئابووری خێزانەکان، دەکرێت جۆرێک لە هاوسەنگی بگەڕێتەوە بۆ بازاڕی خانووبەرە.
بڵاوکردنەوە