10 ئاب 2026
قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەکان، حکومەتی عێراق ناچار بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردندەکات. لە 10ـی ئابی 2026ـەوە پڕۆسەکە دەستپێدەکات و ئامانجی سەرەکیی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی مانگانەیە، بە تایبەتی ئەو خەرجییانەی، پەیوەندییان بە مووچە و پابەندبوونە سەرەکییەکانی دەوڵەتەوە نییە.
سکهەڵگوشین چییە؟
سیاسەتی سکهەڵگوشین، لە زانستی سیاسی و ئابوریدا، بریتییە لە کۆمەڵە ڕێکارێکی ئابووری و دارایی کە حکومەتەکان پەنای بۆ دەبەن بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و کۆنترۆڵکردنی قەرزی گشتی، لەڕێگەی کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکانەوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم سیاسەتە، کۆنترۆڵکردنی کورتهێنانی بودجە و هاوسەنگکردنەوەی داهات و خەرجییەکانە، لەگەڵ رێگرییکردن لە کەڵەکەبوونی قەرز لەسەر حکومەت و دڵنیاکردنەوەی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان و بانکەکان بۆ وەرگرتنی قەرزی نوێ یان راکێشانی وەبەرهێنان. لە رووی ئابورییەوە وڵات لە داڕمان و مایەپووچ بوون دەپارێزرێت و سیستمی ئابووری و دارایی رێکدەخاتەوە، لەبەرانبەردا مەترسی خاوبوونەوەی گەشەی ئابوروی و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاریی، دروستبوونی گوشاری کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕاستەوخۆ لەسەر توێژە کەمدرامەتەکان لێدەکەوێتەوە.
کەمکردنەوەی خەرجییەکان بۆ 50%
بەپێی سەرچاوە دارایییەکان، خەرجییەکانی بەکاربردنی حکومەتی عێراق، بەبێ مووچە، نزیکەی 3 ترلیۆن دینارە لە مانگێکدا، حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی دەیەوێت ئەم بڕە بگەیەنێتە کەمتر لە 1.5 ترلیۆن دینار. ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو بودجەیە لە مانگێکدا، هەنگاوی دواتری کەمکردنەوەی خەرجییەکانە تا کۆتایی ساڵ، بە رێژەیەک لەگەڵ داهاتەکانی بگونجێت.
سکهەڵگوشینەکە چەند بوار دەگرێتەوە
یەکێک لە گرنگترین بوارەکانی کەمکردنەوە، گرێبەست و کڕینە حکومییەکانە. حکومەت دەیەوێت پابەندبوونە دارایییەکان لە گرێبەستەکانی دابینکردن، چاککردنەوە، گواستنەوە، خواردن و خزمەتگوزارییە هاوشێوەکان کەم بکاتەوە. هەندێک گرێبەست دووبارە رێکخستنەوەیان بۆ دەکرێت، هەندێکی دیکەش لەگەڵ کۆمپانیاکاندا دووبارە دانوستانی لەسەر دەکرێت. بەڵام ئەو گرێبەستانەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ خەرجی لە سەر خەزێنەی گشتی دروست ناکەن، یان بە شێوازی وەبەرهێنانی دەرەوەی بودجە جێبەجێ دەکرێن، بە میکانیزمە پەسەندکراوەکان بەردەوام دەبن.
وەزارەتی بەرگری، خۆرەی بودجە
لە نێوان وەزارەتەکاندا، وەزارەتی بەرگری یەکێکە لە هەستیارترین بوارەکان. بە پێی زانیارییەکان سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکان ژمارەیەکی زۆر کارمەند و سەربازیان هەیە و خەرجییەکانیان تەنها مووچە نییە؛ بەڵکو خواردن، سووتەمەنی، چاککردنەوە، کەرەستە و پڕچەککردنیش دەگرێتەوە. لەبەر ئەوە، کەمکردنەوەی خەرجییەکان لەم بوارەدا کاریگەریی لەسەر گرێبەست و پێداویستییە سەربازییەکان درووست دەکات.
کۆبونەوەی ئۆنلاین لە بری ئیفاد
حکومەت بڕیاریداوە گەشت و ئیفاد، شاندەکانی دەرەوە زۆر سنووردار بکات، لەبری کۆبوونەوە و گەشتەکان، پشت بە کۆبوونەوەی ئۆنلاین ببەسترێت. کرێی شوێنەکان، خەرجییە کارگێڕییەکان و پێداویستییەکان دەخرێنە ژێر پێداچوونەوە بۆ ئەوەی ئەو خەرجییانەی دەتوانرێت کەم بکرێنەوە یان دوا بخرێن، کەم بکرێنەوە.
کەمکردنەوەی بەشەخۆراک
حکومەت پڕۆژەی کەمکردنەوەی بودجەی تەرخانکراوی وەزارەتی بازرگانی لە 12 ترلیۆن دینار بۆ 7 ترلیۆن دینار خستووەتە کارنامەوە. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ماددەکانی پسوڵەی خۆراک، بە جۆرێک تا کۆتایی ساڵ تەنیا دوو بەشەخۆراک بۆ هەر خێزانێک دابین بکرێت. هەروەها پێشنیازی وەرگرتنی ٤ هەزار دینار لەسەر هەر پسوڵەیەکی خۆراک و کەمکردنەوەی ژمارەی سوودمەندان لە 27 ملیۆن بۆ 20 ملیۆن کەس خراوەتە یەکێکە لە پێشنیازەکان. ئەم ڕێکارانە دەتوانن ساڵانە نزیکەی 700 تا 800 ملیار دینار پاشەکەوت بکرێت.
پارەی کارەبا
حکومەتی عێراق دەیەوێت کڕینی گەنم دووبارە هەڵبسەنگێنێتەوە، ژمارەی پاشکۆ دیپلۆماسییەکان لە دەرەوە کەم بکاتەوە، تەرخانکراوە دارایییەکان پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت.
لە بوارى کارەباشدا کێشەی کۆکردنەوەی پارەی کارەبا بەردەوامە؛ چونکە تەنیا 14٪ی پارەی کارەبا لە هاوبەشەکان کۆدەکرێتەوە و 86٪ ـی هاوبەشەکان پارەی کارەبای مانگانە نادەن، کە فشارێکی زیاتر لەسەر بودجە دروست دەکات.
کام بوارە کەمکردنەوەی تێدا ناکرێت؟
ئەم کەمکردنەوەیە، مووچە و دەرمان، هاوردەی غازی ئێرانی و سوودەکانی قەرزی گشتی ناگرێتەوە، چونکە ئەمانە لە پابەندبوونە سەرەکییەکانی حکومەتن و ناتوانرێت بە ئاسانی دوابخرێن. بۆیە فشارەکە زیاتر دەکەوێتە سەر ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی کە خەرجییەکانیان بە گرێبەست، کڕین و پڕۆژە نوێیەکانەوە پەیوەستە.
لە بەرانبەردا، تەندروستی، کارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بودجەیان کەمناکرێتەوە، چونکە بەردەوامی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاوڵاتییەوە هەیە. لە تەندروستی، دەرمان، پێداویستیی پزیشکی، وزە، سووتەمەنی و چاککردنەوە لە خەرجییە گرنگەکانن و کەمکردنەوەکە زیاتر لە گرێبەست و کڕینی ئەو شتانە بدەکرێت کە پێویستییەکی خێرا نییە.
مووچە، بارگرانییەکی گەورە
قەیرانی دارایی عێراق تەنیا بە خەرجییە کارگێڕییەکانەوە پەیوەست نییە، حکومەت مانگانە نزیکەی 10.8 ترلیۆن دینار پێویستی بە پارەی نەختینە هەیە بۆ مووچە و پابەندبوونە سەرەکییەکان. کۆی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی نزیکەی 7.8 ترلیۆن دینارە لە مانگێکدا. لە بەرانبەردا داهاتی حکومەت لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی 2026نزیکەی 3 ترلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە، بەهۆیەوە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان داهات و خەرجییە بەردەوامەکان دروست بووە.
سکهەڵگوشین بۆچی؟
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم فشارە، کەمبوونەوەی داهاتی نەوتە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتەوە. بەپێی ئامارەکان نزیکەی 85٪ـی هەناردەی نەوتی عێراق پشت بە گەرووی هورمز دەبەستێت و ئەوەشی دەمێنێتەوە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەڕوات. ئەمە لاوازییەکانی پشتبەستنی ئابووری عێراقە بە نەوت.
قەیرانی دارایی عێراق نیشانی دەدات، کەمکردنەوەی خەرجییەکان بە تەنیا بە بڕینی خەرجییە کارگێڕییەکان چارەسەر نابێت. چونکە بەشیکی گەورەی بودجە بۆ مووچە و خانەنشینی و پابەندبوونە سەرەکییەکانە. بەپێی هەڵسەنگاندنی شارەزایانی دارایی، مووچەی فەرمانبەران لە ساڵێکدا نزیکەی 96 ترلیۆن دینارە، لەگەڵ 28 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشینان.
کەمکردنەوەی خەرجی بەبێ زیادکردنی داهات
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، ستراتیژیی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت لە عێراق لە ئێستادا لەسەر کەمکردنەوەی گرێبەست و کڕین، وەستاندنی گەشت و ئیفاد، کەمکردنەوەی خەرجییە کارگێڕییەکان، ڕێکخستنەوەی پسوڵەی خۆراک و پاراستنی خزمەتگوزارییە هەستیارەکان بونیاتنراوە. بەڵام چارەسەری درێژخایەن پێویستی بە کەمکردنەوەی پشتبەستنی بودجەیە بە نەوت، زیادکردنی داهاتی نانەوتی و چاکسازیی دارایی؛ چونکە کەمکردنەوەی خەرجی بەبێ زیادکردنی داهات، کێشەی دارایی بۆ ماوەیەکی کورتخایەن چارەسەر دەکات، لە بەرانبەردا پێویستی بە پلانی درێژخایەنی زیادکردنی داهاتەکانەوە هەیە.
بڵاوکردنەوە