ئایندەی ڕاهێنانی پیشەیی و بەهێزکردنی بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان

9 ئاب 2026

ئەم توێژینەوە ڕامیارییە بەناونیشانی (ئایندەی ڕاهێنانی پیشەیی و بەهێزکردنی بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان)، بەدواداچوون بۆ  کاری ناوەندەکانی ڕاهێنانی پیشەیی دەکات. توێژینەوەیەکی چۆنیەتییە و داتا و زانیارییەکانی بە بەکارهێنانی ئامرازی کۆکردنەوەی زانیاری فۆکەس گرووپ، لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بەم بابەتە کۆکراوەتەوە و لە ڕێگەی میتۆدی شیکاری بابەتەوە (Thematic Analysis)، شیکاری بۆ زانیارییە کۆکراوەکان کراوە بە مەبەستی دیاریکردنی ڕۆڵی ناوەندەکان و ئاستەنگە سەرەکییەکان و کۆمەڵێک ڕاسپاردە بۆ چارەسەر.

زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن، کە ناوەندەکانی ڕاهێنان ڕۆڵیان هەبووە لە پێشخستنی لێهاتووی گەنجان و خوازیارانی بێکار لەڕێگای خولی جۆراوجۆرەوە بەدرێژایی (٢٢) ساڵی کارکردنیان، بەڵام سەرەڕای ئەمانە بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئامارى هەرێم، ڕووپێوى هێزى كارى هەرێمى كوردستان، ڕێژەی بێکاری لە هەرێم لە ساڵی (٢٠٢١) لەسەدا (١٦.٥٪) بووە. ئەو هۆکارانەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ناوەندانە، ئەوەیە کە ئەم ناوەندانە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە، کە خۆیان لە لاوازی هەماهەنگی لە نێوان بەرنامەکانی ڕاهێنان و پێداویستییەکانی بازاڕی کار، نەبوونی پڕۆگرامی ستاندارد، کەمیی ڕاهێنەری شارەزا، سنووردارکردن لەڕێگای ڕێنماییەکانەوە، کەمی میکانیزمی بەدواداچوون بۆ دوای تەواوکردنی ڕاهێنانەکان، سنوورداربوونی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە، تێڕوانینە کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکان بۆ خوێندنی پیشەیی و دەستڕاگەیشتنێکی نایەکسان بە دەرفەتەکانی ڕاهێنان دەبیننەوە. لە کاتێکدا چاکسازی لەم سیستمەدا نەکرێت، کەرتی تایبەت پشتبەستنی بە هێزی کاری بیانی بەردەوام دەکات و گەنجانی هەرێم لە دەرفەتە ئابورییەکان بێبەش دەبن.