22 تەممووز 2026
چۆن فۆرێکس و دراوە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان لەنێوان قەدەخەکردن، فێڵ و نەبوونی رێکخستنی یاساییدا گەشەیانکرد؟
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 مامەڵەکردن لەناو بازاڕی فۆرێکس بۆ دراوە دیجیتاڵییەکانی وەک بیتکۆین و دراوەکانی دیکە قەدەخە کرد، بازاڕی فۆرێکس و مامەڵەی دراوە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان نەک هەر نەوەستا، بەڵکو بە شێوەیەکی شاراوە و بەبێ بوونی چاودێری گەشەی کرد.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی پۆڵسی پەیپەرێکی لەبارەی بازاڕی فۆرێکس و دراوە دیجیتاڵییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، بەناونیشانی " دامەزراندنی دەسەڵاتی بازاڕە داراییەکانی کوردستان (KFMA)، پێشنیازێک بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یاسایی و رێکخراو بۆ رێکخستنی بازاڕی فۆرێکس و دراوە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق" لە پۆڵسی پەیپەرەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕی فۆرێکس کراوە.
ئەوەی لە پۆڵسی پەیپەرە نوێیەکەی دامەزراوەی ڤیژندا دەردەکەوێت، ئەوەیە کە سیاسەتی " قەدەغەکردن" بەتەنیا نەیتوانیوە کێشەی بازاڕی فۆرێکس و دراوە دیجیتاڵییەکان چارەسەر بکات؛ بەڵکو هەزاران بەکارهێنەری هەرێمی کوردستانی لە نەبوونی پارێزگاریی، نەبوونی یاسا و نەبوونی دامەزراوەیەکی سکاڵاکردندا هێشتووەتەوە تاوەکو بتوانن لەکاتی گرفتدا پەنای بۆ ببەن.
ئەم کارەی دامەزراوەی ڤیژن یەکەم پۆڵسی پەیپەری زانستییە کە بە شێوەیەکی ورد بازاڕی فۆرێکس و دراوە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان هەڵدەسەنگێنێت و پێشنیازی دامەزراندنی دەسەڵاتی بازاڕە داراییەکان لە کوردستان (KFMA) دەکات، وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بۆ مۆڵەتدان، چاودێری و پاراستنی وەبەرهێنەران.
بازاڕێکی گەورە... بەبێ هیچ چاودێرییەک
تویژینەوەکە باس لەوەدەکات کە لە ئێستادا نزیکەی 20 بۆ 30 کۆمپانیا بەناوی جیاواز ، لەبواری دراوی دیجیتاڵیدا کاڵا و خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام هیچیان مۆڵەتی یاساییان بۆ ئەو کار و چالاکییانە نییە. ئەو کۆمپانیایانە زۆربەیان لەژێر ناوی "کاروباری دارایی" یان "ڕاوێژکاریی" تۆمارکراون، نەک بە ناوی فۆرێکس یان کریپتۆ، کە ئەمە کەلێنێکی یاسایی دروستکردووە.
لەو گفتوگۆیانەی توێژینەوەکە بۆ وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی شارەزایان و خاوەن کۆمپانیاکان ئەنجامیدا، نوێنەرانی دوو کۆمپانیا کە کار لە بازاڕە داراییەکەدا دەکەن، ئاماژەیان بەوەداوە کە ژمارەی بەکارهێنەرانیان دەیان هەزار کەسە و یەکێکیان نزیکەی 40 هەزار بەکارهێنەری چالاکی هەیە و ئەوی دیکە نزیکەی 14 هەزار بەکارهێنەر. هەرچەندە ئەم ژمارانە بە شێوەی فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام نیشانەی بازاڕێکی گەورەن کە لە دەرەوەی هەر جۆرە چاودێرییەکی حکومی کار دەکات.
زیانەکانی ئەم بازاڕە بە ژمارە
پەیپەرەکە بەڵگەی سەرنجڕاکێش دەخاتەڕوو. تەنیا لە ساڵی 2025 ئەم زیانانە تۆمارکراون:
لە دهۆک، تۆڕێکی هەڵخەڵەتاندن و فێڵکردنی کریپتۆ دەستگیرکراون کە نزیکەی ١٥ ملیۆن دۆلاری بەشداربووەکانیان بردووە.
لە هەولێر، بەڕێوەبەری پلاتفۆرمی Twana FX بە تۆمەتی فێڵکردن لە هاوڵاتییان دەستگیرکرا.
لە بەغدا، دادگا توانی نزیکەی 16 ملیار دینار “نزیکەی 12 ملیۆن دۆلار” لە کۆمپانیاکانی لەم جۆرە مامەڵانەدا بگەڕێنێتەوە.
تەنیا لەو کەیسانەی ئاشکرا بوون، زیانەکان لە 27 ملیۆن دۆلار زیاتر بوون، جگە لەو هەزاران کەیسەی کە نەگەیشتونەتە دادگاکان.
هۆکاری سەرەکی ئەم زیانانە قەدەخەکردنە نەک چارەسەرکردن بە یاسا
توێژینەوەکە دەڵێت، ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەیسەلمێنێت کە قەدەخەکردن، خواستی خەڵک بۆ مامەڵەکردن لەم بازاڕەدا لەناو نابات، بەڵکو بازاڕەکە دەباتە شوێنە شاراوەکان و دوور لە چاودێری دەیهێڵێتەوە.
نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دان بەوەدا دەنێن کە سەرەڕای قەدەخەکردنی، هێشتا بە شێوەی ڕۆژانە دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ دابینکردنی هەژمارەکانی فۆرێکس دەگوازنەوە، کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە چالاکییەکە بەردەوامە، بەڵام شاراوەیە و هەوڵدەدرێت دوور لە چاوی خەڵک مامەڵەکان ئەنجام بدرێت.
توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن، ئاشکرای دەکات کە هیچ دامەزراوەیەکی حکومی لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوی چاودێریکردنی ئەم بازاڕەی نییە، بەڕێوەبەرایەتیی بانکەکان هیچ یاسایەکیان بۆ چاودێری نییە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاسایشی ئابووری ئامراز و شارەزایی نییە بۆ شوێنکەوتنی مامەڵەکانی بازاڕەکانی فۆرێکس و دراوە دیجیتاڵییەکان ئەمەش ئەو کەلێنەیە کە وایکردووە زیانەکان گەورەتربن.
لەکاتی ئاشکرابوونی کەیسێکیشدا، دادگاکان هیچ یاسایەکی تایبەتیان بۆ کەیسەکانی تایبەت بە بازاڕی فۆرێکس نییە.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لەهەرێمی کوردستان، دڵنیایە لەوەی هیچ کۆمپانیایەک بە ناوی فۆرێکس تۆمار نەکراوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەم کۆمپانیایانەی لەم بوارەدا کاردەکەن بەو ناوەوە خۆیان تۆمارناکەن.
شارەزایانی ئەم بوارە پێیانوایە نزیکەی %80 لە مامەڵەکەرانی بچووک کۆتایی کارەکەیان بە زیان دەبێت لە توێژینەوەکە ئەمە باسکراوە، هۆکارەکەشی دەگێڕنەوە بۆ نەشارەزایی کارکردن لەو بازاڕەدا.
بەکارهێنانی سەرمایەیەکی زۆر لەکاتێکدا بنەماکەی قەرزە و سەرمایەی وەبەرهێنەر خۆی سەرمایەیەکی کەمە هەروەها هەوڵدان بۆ قازانجی زۆر و خێرا واتە وەبەرهێنەرانی کوردستان لەم بوارەدا دەیانەوێت لە ماوەیەکی زۆر کەمدا قازانجێکی زۆر گەورە بکەن، هۆکاری سەرەکیی دیکەن بۆ مایەپوچبوونی ئەوانەی لەبازارەکەدا کار دەکەن.
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی توێژینەوەکە ئەنجامیداوە دەردەکەوێت، نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیاکانی فۆرێکس هەردووکیان ئەم راستییانە پشتڕاست دەکەنەوە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە؛ هەمووان لەسەر یەک ڕا بوون، زۆرجار دامەزراوەکانی حکومەت، ئاسایش، دادگا و کۆمپانیاکان لەسەر بابەتێک ڕای جیاواز هەیە، بەڵام لەم توێژینەوەیەدا هەموو ئەو هەشت گرووپەی بەشداربوون لەسەر یەک پێشنیاز کۆکبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم بابەتە، ئەویش "پێویستە سیاسەتی قەدەخەکردن بگۆڕدرێت بە سیستەمی مۆڵەتدان و چاودێریکردن".
جیهان چی دەکات؟
پەیپەرەکە چوار ئەزموونی نێودەوڵەتی بەراورد کردووە، کە ئەوانیش هەریەکە لە ئەمریکا، دوبەی، یەکێتیی ئەوروپا و قوبرس، هەر چوار سیستمە جیهانییەکە لە مۆدێلی چۆنێتی کۆنترۆڵکردن و ئیدارەدانی ئەم بازاڕەدا هاوبەشبوون کە ئەویش ئەوەیە هیچ یەکێکیان بازاڕەکە و مامەڵەکردنیان تێدا قەدەخە نەکردووە؛ بەڵکو مۆڵەت، چاودێری، پاراستنی وەبەرهێنەر و دژایەتیی سپیکردنەوەی پارەیان جێبەجێ کردووە.
ئەو چارەسەر و پێشنیازانەی لە توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژندایە، ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی نوێ بە ناوی "دەسەڵاتی بازاڕە داراییەکانی کوردستان" دروست بکات.
ئەم دامەزراوەیە ئەم ئەرکانەی دەبێت:
مۆڵەتدان بە کۆمپانیاکان، چاودێریکردنی بازاڕ، پاراستنی وەبەرهێنەران، بڵاوکردنەوەی لیستی کۆمپانیای مۆڵەتدار، هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەبارەی مامەڵەکردن لەم بازاڕەدا،
هاوکاری لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و دادگاکان و دامەزراوەی ئاسایش.
لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم چارەسەرە پێشنیازکراوە، توێژینەوەکە پلانێکی سێ قۆناخی پێشنیازکردووە، ئەوانیش:
لە 6 مانگی یەکەم، دانانی یاسا و دامەزراندنی دەسەڵاتەکە.
6-18 مانگ، دەستپێکردنی مۆڵەتدان بەو کەس ولایەنانەی دەیانەوێت لەم بازاڕەدا کۆمپانیا دابمەزرێنن.
18-36 مانگ، جێبەجێکردنی تەواوی سیستمی چاودێری و ڕێکخستنی بازاڕەکە و ڕێکارە پێویستەکانی پاراستنی ئەوانەی دەچنە ناو ئەم مامەڵە دیجیتاڵییانەوە.
لە دەرئەنجامی ئەم پۆڵسی پەیپەرەی ڤیژن فاوندەیشندا، گەیشتووەتە ئەوەی، کێشەی فۆرێکس و دراوە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان، کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو کێشەی دامەزراوەیی، یاسایی و ڕێکخستنی حکومییە. بەڵگەکانی توێژینەوەکە نیشانی دەدەن کە قەدەخەکردن نەیتوانیوە بازاڕەکە لەناو ببات، بەڵکو گەشەی کردووە بەڵام بە شاراوەیی و دوور لە چاودێریی یاسایی، لە شوێنێکدا کە نە وەبەرهێنەر پارێزراوە، نە حکومەت توانای چاودێری هەیە.
بڵاوکردنەوە