کەرتی کولتوور پڕۆژەی چاوی کراوە سەبارەت بە باڵوێزکردنی کولتوور لەنێوان ناسنامەی شار و ئاستەنگەکانی دۆخی دارایی

23 تەممووز 2026

کەرتی کولتوور

پڕۆژەی چاوی کراوە سەبارەت بە باڵوێزکردنی کولتوور لەنێوان ناسنامەی شار و ئاستەنگەکانی دۆخی دارایی

دامەزراوەی ڤیژن لە خوولی نوێی چاوی کراوە بانگێشتی بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی سلێمانی کرد

لە ڕێکەوتی ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاوی کراوە، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی گفتوگۆیەکی کراوەی بە ناونیشانی (بەباڵوێزکردنی کولتوور، یان بەباڵوێزکردنی سلێمانی) ڕێکخست. سیمینارەکە بە ئامادەبوونی دەستەبژێرێک لە نووسەران، ڕۆشنبیران، مامۆستایانی زانکۆ و هونەرمەندان بەڕێوەچوو، کە تێیدا تیشک خرایە سەر پڕۆژە و دیدگای بەڕێز د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی سلێمانی، بۆ کارکردن لەسەر پێگەی پارێزگای سلێمانی، تاوەکو لەداهاتوودا ناسنامەی کولتووری هەرێمی کوردستانی بەدەست بهێنێت و ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە پێشخستنی بواری کولتوور.

دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی هونەری و کولتووری بە گوێرەی گفتوگۆکان:

  • سەرەکیترین کێشە کە د. موحسین ئەدیب ئاماژەی پێکرد نەبوونی کۆنسێپتێکە بۆ شاری سلێمانی، کە وایکردوە هیچ بەرەوپێشچونێک بەخۆیەوە نەبینێت، بە پێچەوانەی شاری هەولێرەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بیرۆکەیان داناوە.
  • دوای ئەوەی شاری سلێمانی وەکو پایتەختی ڕۆشنبیری ناسێندرا، لەوکاتەوە هیچ وەبەرهێنانێک نەکراوە لە کەرتی ڕۆشنبیری شارەکەدا. 
  • بالوێزخانە و کونسولخانەکان گلەی لە نەبوونی هیچ زەمینەسازیی و ئاسانکارییەک دەکەن کاتێک بانگێشت دەکرێن بۆ کردنەوەی گۆشەی کولتووری لە شارەکە. 
  • کۆت و بەندبوون بەهۆی هەندێک ڕێنمایی و یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانەوە، کە بەگوێرەی ووتەکانی بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری هەڵەن و پێویستە هەموواربکرێنەوە.
  • کاریگەریی ڕاستەوخۆی کێشە داراییەکانی هەرێم لەسەر پاشەکشە و خراپبوونی دۆخی هونەری و ڕۆشنبیری.
  • تەماشاکردنی کولتوور لەلایەن بڕیاربەدەستانەوە وەک بابەتێکی جوانکاری و بۆ نمایش، بەبێ بوونی پلانێکی ستراتیژی و جێگیر.
  • نەبوونی تێگەیشتنێکی تیۆری و پێناسەیەکی کولتووریی دیاریکراو، لەگەڵ پاشەکشەی توانای بەرهەمهێنانی هونەری و ساردبوونی نەوەی نوێ بەرامبەر هونەری کوردی.
  • کەمبوونی چالاکییە هوونەرییەکان بۆ پاراستنی مۆرکە مێژووییەکانی سلێمانی (وەک ئاگری نەورۆز) و هەوڵدان لە ڕێگەی هەندێک میدیاوە بۆ بچووککردنەوەی پێگەی شارەکە.


پێشنیازەکان:

  • سلێمانی پێویستی بە ئاڕاستەکردن هەیە، پێویستی بە کارکردن هەیە لەسەر پڕۆژەی درێژخایەن بۆ ئەوەی ببێتە چەقی کولتووریی هەرێم و ڕۆڵی گرنگی خۆی بگێڕێتەوە.
  • گرنگیپێدان لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ پرسی کولتوور و هونەر و دوورخستنەوەی ئەم کایەیە لە ململانێی سیاسی.
  • کۆکردنەوەی تێبینییەکانی دەستەبژێری بەشداربوو لەلایەن دامەزراوەی ڤیژنەوە بەمەبەستی ئاڕاستەکردنیان بۆ لایەنی پەیوەندیدار و دۆزینەوەی چارەسەر.


بۆ زانیاریی زیاتر، دەتوانن لە ڕێگەی ئەم لینکەوە تەماشای تەواوی ئیڤێنتەکە بکەن:

https://youtu.be/Ce6bdhVL-jo?si=FoCU9eGUlf73LslL

لینکی ڤیدیۆ ڕیڵەکان:

https://youtube.com/playlist?list=PLeNH3FBPb15A&si=24QQo8HS8sHS6-fO